په‌یامی پیرۆزبایی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان به‌بۆنه‌ی یۆبیلی زیوین(25)ه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی YNDK

 میدیا- هه‌ولێر

به‌بۆنه‌ی یۆبیلی زیوین (25)ه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پیرۆزبایی له‌ سكرتێر و مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌ندامانی YNDK ده‌كات و هیوای سه‌ركه‌وتنی زیاتریان بۆ ده‌خوازێت، ده‌قی په‌یامی پیرۆزباییه‌كه‌:

 

بەڕێز: مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان.

بابەت: پیرۆزبایی

سڵاوێکی گەرم..

بە بۆنەی یۆبیلی زیوین ، یادی25 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK، هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی 2720، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و هەموو ئەندامانی یەکێتی نەتەوەیی دەکەین ، ئومێدەوارین ئەم یادە هاندەر بێ بۆ پتر پێشکەوتنی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان و بەدیهێنانی ماف و داخوازییەکانی گەلی کوردستان.

بەڕێزان ..
ئەم یادە لە کاتێ دایە ، کە رۆژهەڵاتی ناڤین بە دۆخێکی ئاڵۆز  تێپەڕ دەبێت ، کوردستانیش لە نێو جەنگەی رووداوەکان دایە ، بۆیە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان یەکڕیزی کوردستانی و بەهێزکردنی پەیوەندی لە نێوان حزبە سیاسییەکانی کوردستان و کاری هاوبەشی نەتەوەیی ، وەک پێویستیی قۆناخەکە لێکدەداتەوە. هەر وەک دەزانن جیهان و کوردستان لە گەڵ مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆڤید 19 رووبەڕووە، هیوادارین گەلەکەمان و کۆمەڵی مرۆڤایەتی بە زوویی ئەم دۆخه دژوارە تێپەڕێنێ و ژیان بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی.
هەر لەم بۆنەیەدا ، وێڕای دەربڕینی پیرۆزبایی دووبارەمان ، جەخت لە پەیوەندی دۆستانەی نێوان حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان دەکەینەوە.

مەکتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
 19-03-2020