yndk

yndk

برای بەڕێزمان جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی
بەڕێزان لە ئەنجوومەنى سەرکردایەتى و مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان
سڵاوێكی برایانەی گەرم ...
بەخەم و پەژارەیەکى زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی تێکۆشەرى ناسراوى کوردستان کاک رەمزی شەعبان ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی کارگێڕى و دارایی پارتی دیموكراتی كوردستان-مان پێگەیشت، کاک رەمزی شەعبان سەرکردەیەکى سادەو خۆنەویست و خۆشەویست بوو، تەواوى تەمەنی خۆی بۆ خەبات و تێکۆشان و خزمەتكردنی گەلی كوردستان تەرخان كردبوو.
بەم هۆی ئەم کۆستە خەمناکەوە بەناوی خۆمان و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتی و ئەندامانی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەى جەنابتان و خوشک و برایانمان لە ئەنجوومەنى سەرکردایەتی و مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان و خانەوادەى سەربەرزى خوالێخۆشبوو و تەواوى خزمانى دەكەین و خۆمان بە هاوبەشى خەمتان دەزانین و، ئومێد دەكەین ئەوە دواخەم و ناخۆشیتان بێت و، لە یەزدانی مەزن دەپاڕێینەوە دڵنەوایی و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت و خوالێخۆشبوویش بخاتە بەر رەحمەت و دلۆڤانی خۆی.
براتان
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
4 / 4 / 2021
بەبۆنەی هاتنەوەى سەری ساڵی نوێی بابلی ئاشووری (6771) و جەژنەكانی (ئەكیتۆ)، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی تەواوى گەلی كلدان سریان ئاشووری لە كوردستان و جیهان دەكەین و، هیڤیدارین ساڵی تازەی ئاشووری بابلی سەرەتایەکى نوێ بێت بۆ چەسپاندنى زیاترى بنەماکانى ئاشتى و برایەتی پێکەوەژیان و گەیشتن بە مافە رەواکانیان و كۆتاییهێنان بە شوێنەوارى ئەو زوڵم نەهامەتى و ناهەقییانە کە لەسایەى تیرۆرو تۆقاندن رووبەڕووى خوشک و برایانى کریستیانمان بوونەوە.
گەلی كلدان سریان ئاشووری ؛ پێکهاتەیەکى رەسەنى ناوچەکەمانن و رۆلێکى کارایان بینیوە لە بیناکردنى شارستانییەتى ناوچەکە، مانەوەو بوونیان لە ناوچەکەدا کلتووورى ناوچەکە دەوڵەمەند و، گیانى پێکەوەژیان قوڵتردەکاتەوە، بۆیە پاراستن و بەرەڤانیکردن لێیان ئەرکێکى نەتەوەیى و نیشتمانى و مرۆییە.
لەو بۆنەیەدا ؛ جارێکى دیکە پیرۆزبایى لە تەواوى گەلی كلدان سریان ئاشووری دەکەین و، هیواى جەژنێکى خۆش و پڕ لە شادییان بۆ دەخوازین.
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
1 / 4 / 2021

میدیا - هەولێر

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانYNDK، به‌بۆنه‌ی ساڵوه‌گه‌ری (87) ساڵه‌ی دامه‌زراندنی حزبی شیوعی كوردستان په‌یامی پیرۆزباییان ئاڕاسته‌ ده‌كات و هیوای سه‌ركه‌وتنی زیاتر بۆ حزبی شیوعی كوردستان ده‌خوازێ و له‌پیامه‌كه‌ هاتووه‌ یه‌كریزی و ته‌بایی سه‌رجه‌م حزبی و لایه‌نه‌كان ‌زامنی به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانه‌.

 

ده‌قی په‌یامی پیرۆزباییه‌كه‌:

 

بۆ بەڕێز مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان

بابەت / په‌یامی پیرۆزبایی

 

سڵاوی سەرخۆبوون‌و ئازادی ...

     بەبۆنەی(87)مین ساڵیادی دامەزراندنی حزبتان (حزبی شیوعی كوردستان) بەناوی خۆمان‌و تەواوی ئەندام‌و لایەنگرانی یەكێتیمانYNDK، جوانترین پیرۆزبایتان ئاڕاستە دەكەین‌و خوازیارین ساڵیادی دامەزراندنی ئەمساڵتان هاندەر بێت بۆ زیاتر پێشڤەچوونتان .

بەڕێزان: حزبتان (حزبی شیوعی كوردستان) لەماوەی تەمەنی خەبات و تێكۆشانیدا، وەك لایەنێك لە گۆڕەپانی سیاسی باشووری كوردستان جێ‌ پەنجەی لەخەبات دژی داگیركەران و دوژمنانی كوردستان هەبووەو هەموو كات خەباتی كردووە بۆ بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان، ئەوەی لەم قۆناغەی ئەمڕۆشمان گرنگە یەكریزی و تەبایی سەرجەم هێزو لایەنەكانی كوردستانە بۆ بەدیهێنانی تەواوی مافەكانی گەلەكەمان و پاراستنی دەستكەوتەكانمان.

 لەم بۆنەیەتاندا جارێكی  تر جەخت  دەكەینەوە سەر زیاتر توندوتۆڵكردنی پەیوەندی  برایانەی نێوانمان و سەرجەم هێز و لایەنەكانی هەموو كوردستان .

  

هەر سەركەوتوو بن .... لەگەڵ رێزماندا.

 

 

مەكتەبی سیاسی

یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

    2021-3-31                            

 

 

براى بەڕێزم کاک کاک عصمت ئەرگووشى بەڕێوەبەرى گشتیى ئاسایشى کوردستان
سڵاوێكی گەرم ....
بەخەم و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی کەسایەتیى چاکەخوازو و ناسراو کاک (حاجى کەمال ئەرگووشى)ى براى بەڕێزتانمان پێگەیشت، ئەم هەواڵە لە ناخەوە هەموو لایەکمانى دڵتەنگ و خەمبار کرد، بەناوی خۆمان و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتی و ئەندامانی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەى بەڕێزتان و خانەوادەکەتان و تەواوى خزمان دەكەین و خۆمان بە هاوبەشى خەمتان دەزانین و، ئومێد دەكەین ئەوە دواخەم و ناخۆشیتان بێت و، لە یەزدانی مەزن دەپاڕێینەوە دڵنەوایی و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت و خوالێخۆشبوویش بخاتە بەر رەحمەت و دلۆڤانی خۆی.
براتان
غەفوور مەخمووری
سكرتێری گشتیی
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
٣٠ / ٣ / ٢٠٢١

میدیا – هه‌ولێر

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 22-3-2021 هه‌ڤاڵ غه‌فوور مه‌خمووری سكرتێری گشتیی YNDK له‌ ئه‌كاونتی فه‌رمی خۆی له‌ فه‌یسبووك رایگه‌یاند: دوای ئه‌نجامدانی پشكنین له‌ تاقیگه‌یه‌كی ‌شاری هه‌ولێر، ده‌ركه‌وت تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه‌، هیوای سه‌لامه‌تی بۆ به‌رێزیان ده‌خوازین و، به‌ئاواتی ئه‌وه‌ین به‌زووترین كات به‌ته‌ندروستییه‌كی باش بگه‌ڕێته‌وه‌ نێومان.

 

ده‌قی راگه‌یاندنه‌كه‌ی:  

 

بە ناوی یەزدانى مەزن و دلۆڤان

 

ئازیزان و خۆشەویستان ...

بە پێویستم زانى هەموو لایەکتان ئاگادار بکەمەوە، کە ئەمرۆ ئەنجامی پشکنینی کۆرۆنام پۆزەتیڤ بوو، لە ئێستادا چارەسەرى وەردەگرم، لەگەڵ ھیوای ساخى و سەلامەتی و تەندروستییەکى باش بۆ ھەموو لایەک..... لەگەڵ رێزمدا.

 

 

 

غەفوور مەخموورى

22 / 3 / 2021

 

میدیا- هه‌ولێر:
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌بۆنه‌ی (26)ەمین ساڵیادى دامەزراندنی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK، پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى سکرتێرى گشتى و مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتیى YNDK دەکات و، پیرۆزبایی له‌ سكرتێرى گشتى و مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌ندامانی YNDK ده‌كات و هیوای سه‌ركه‌وتنی زیاتریان بۆ ده‌خوازێت، ئەمەش ده‌قی په‌یامی پیرۆزباییه‌كەیە‌ :
بەڕێز / غەفور مەخموری سكرتێری گشتی پارتی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان
بەڕێزان/ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان
بەبۆنەی (٢٦)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و كادیر و ئەندام و لایەنگرانی حزبە تێكۆشەرەكەتان دەكەین و، هیوای بەردەوامیی و سەركەوتنتان بۆ دەخوازین لە خزمەتکردنی دۆزی رەوای گەلەكەمان.
ئێمە لە كاتێكدا ئەو یادەتان و ساڵی تازەی کوردی و نەورۆزی جەژنی نەتەوەییمان پیرۆز دەكەین، رۆڵی پارتەکەتان بۆ بەدەستهاتنی دەستكەوتەكان و بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان بەرز دەنرخێنین، هاوكات جەخت دەكەینەوە لەسەر هاوھەڵوێستی و یەكڕیزیی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ پاراستنی دەسكەوتەكانمان و رەوشی ئارام و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان.
جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هەر سەرفراز و سەركەوتوو بن ....
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٢١ـی ئاداری ٢٠٢١

میدیا-هه‌ولێر

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان به‌ بۆنه‌ی نەورۆز پەیامێک بڵاودەکاتەوە و هەموو لایەنە کوردستانییەکان بۆ کۆبوونەویەکی هاوبەش لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە دوای نەورۆز بانگهێشت دەکات.

ده‌قی په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:

كوردستانییانى خۆشه‌ویست..

جه‌ژنى نه‌ورۆز و سه‌رى ساڵى تازه‌ى كوردى له خێزان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، گه‌لى كورد و ته‌واوى كوردستانییان له‌ وڵات، له‌ هه‌نده‌ران، له‌ هه‌ر كوێ بن، له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، به‌ گه‌رمى و له‌ دڵه‌وه‌ پیرۆز ده‌كه‌م، له‌ هه‌موو ئه‌و گه‌ل و وڵاتانه‌ش پیرۆز بێت كه‌ جه‌ژنى نه‌ورۆز ده‌گێڕن، هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشى.

پیرۆزباییى تایبه‌ت، سوپاس و پێزانین بۆ ته‌واوى تیمه‌ پزیشكى و ته‌ندروستییه‌كان و هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیدارانه‌ كه‌ بۆ ساڵى دووهه‌م له‌ به‌ره‌ى پێشه‌وه‌دان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆڤیدى نۆزده‌ و گیان و سه‌لامه‌تیى هاووڵاتییان ده‌پارێزن. ئه‌وان خزمه‌تێكى گه‌وره‌ ده‌كه‌ن، ده‌ستى ماندوونه‌بوونیان ده‌گوشم.

به‌ ڕێزه‌وه‌ یادى هاوكارانیان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌م پێناوه‌دا گیانیان به‌خشى، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌وانه‌ش به‌بیر ده‌هێنینه‌وه‌ كه‌ به‌و په‌تایه‌ گیانیان له‌ ده‌ست دا. هاوخه‌مى خێزان و كه‌سوكاریانم. هیواى سه‌لامه‌تى و زووچاكبوونه‌وه‌ بۆ هه‌موو تووشبووان ده‌خوازم. سوپاس و ده‌ستخۆشى بۆ پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و زێره‌ڤانى و فریاكه‌وتن و هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ جێبه‌جێكردنى ڕێكاره‌كانى خۆپارێزیدا، هاوكار و پشتیوانن.

ئازیزان..

نه‌ورۆز جه‌ژنى پیرۆزى نه‌ته‌وه‌یى و هێماى سه‌ركه‌وتن و ژیانه‌وه‌ و ئازادیى گه‌لى كورده‌. ساڵ و سه‌ره‌تایه‌كى نوێیه‌، وه‌ك هه‌میشه‌ ئومێد و هێز و وره‌مان پێده‌به‌خشێت. با هه‌موومان له‌ سه‌ره‌تاى‌ نوێدا‌ به‌ خۆماندا بچینه‌وه‌، سوود له‌ هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو وه‌رگرین و به‌خشنده‌ و لێبورده‌ بین. با هه‌موومان به‌ ئومێد و گه‌شبینییه‌وه‌ بۆ ئاینده‌یه‌كى گه‌شتر بڕوانین. هه‌موو هێز و توانامان یه‌كبخه‌ین، پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین، شان بده‌ینه‌ به‌ر و سه‌ختییه‌كان تێپه‌ڕێنین.

سه‌ركه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوون، ژیان و گوزه‌رانێكى باشتر بۆ هاووڵاتییان، مسۆگه‌ركردنى مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى گه‌لى كوردستان، یه‌كڕیزى و ته‌بایى و پێكه‌وه‌ییمان لێ ده‌خوازێت. ده‌بێ كۆتایى به‌ ململانێ و ناكۆكییه‌كانى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان بێت كه‌ هه‌رگیز له‌ زیان و لێكترازانى زیاتر، هیچى دیكه‌ى بۆ كوردستان لێ به‌دینه‌هاتووه‌.

با هه‌موومان، با هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كان له‌خۆبورده‌ بین، بۆ ئاینده‌یه‌كى باشترى كوردستان پێكه‌وه‌ كار بكه‌‌ین و‌ دیموكراسى و ئازادى بپارێزین. هه‌ر له‌م پێناوه‌دا دواى جه‌ژن هه‌موو لایه‌نه‌كان بانگهێشتى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى هاوبه‌ش له‌ سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م.

كوردستانییانى ئازیز..

بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵ و كێشه‌كانى عێراق به‌گشتى، دووپاتى ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان هاوكار و یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت، له‌پێناو سه‌قامگیرى و ئاشتى و داهاتوویه‌كى باشتردا بۆ وڵات، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات. ده‌بێ هه‌مووان ئه‌وه‌ باش بزانن كه‌ چاره‌سه‌ریى كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵ، كلیلى ئارامى و سه‌قامگیرى و پێشكه‌وتنى عێراقه‌.

ئێمه‌ بۆ هه‌موو چاره‌سه‌رێكى دوور له ‌خۆسه‌پێنى ئاماده‌ین كه‌ مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌ل و پێكهاته‌كانى عێراق، تایبه‌تمه‌ندى و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان مسۆگه‌ر بكات، سیسته‌مى فیدراڵى و پره‌نسیپ و بنه‌ماكانى هاوبه‌شى و سازان و هاوسه‌نگیى ڕاسته‌قینه‌ بپارێزێت. داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ین، پشتیوان و هاوكار بن له‌ چاره‌سه‌ره‌كردنى كێشه‌كانى عێراق.

هه‌ر له‌م یاده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ به‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگیرى و لانه‌ى پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى و یه‌كترقبووڵكردن له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌. له‌ كاركردن و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌رده‌وام ده‌بێت. له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌ها و به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش، په‌ره‌ به‌ په‌یوه‌ندى و هاریكارى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و جیهان ده‌دات. به‌ هه‌موو توانایه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ جیهان ڕووبه‌ڕووى تیرۆر و توندڕه‌وى ده‌بینه‌وه‌.

هه‌ر له‌و بۆنه‌یه‌دا داوا له‌ هاووڵاتیانى ئازیز ده‌كه‌م له‌ گه‌شت و سه‌یراندا هه‌موو ڕێكاره‌كانى خۆپارێزى و یاساكانى هاتوچۆ به‌ ته‌واوه‌تى ڕه‌چاو بكه‌ن و خۆیان و سروشتى جوانى كوردستان بپارێزن. خواى مه‌زن كوردستان و كوردستانییان بپارێزێت. جه‌ژنى نه‌ورۆز له‌ هه‌مووتان پیرۆز بێت، هیوادارم هه‌موومان جه‌ژن و بۆنه‌كانى داهاتوو له‌ كه‌ش و دۆخێكى باشتردا بكه‌ینه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2021/3/20

 

 

- جەماوەرى خۆڕاگرو وڵاتپارێزى کوردستان ...

- کەس و کارو بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان ...

- حزب و لایەنە سیاسییە تێکۆشەرەکان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى ...

 

جەژنی نەورۆزو ساڵی نوێی كوردیتان پیرۆزبێت ...

 

بەبۆنەی جەژنی نەورۆزو سەری ساڵی كوردییەوە جوانترین پیرۆزبایی لە تەواوی گەلی كوردستان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و كەسوكاری ئەنفالكراوان و هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان و گەریلا و شەڕڤانان و زیندانیانى سیاسى نێو زیندانەکانى داگیرکەرانى کوردستان و ئێوەی خۆشەویست دەكەم و، هیڤیدارم ئەم نەورۆزە ببێتە نەورۆزی سەرخۆبوون و ئازادی كوردستان و رزگاربوونی نەتەوەكەمان لەژێردەستی داگیركەران.

 

بێگومان نەورۆز سیمبوڵی نوێبوونەوەو دەستپێكردنی ژیانێكی نوێیە، ئومێد دەكەين ئێمەی كوردیش وەكو نەورۆز دەست بە ژیانێكی نوێتر بكەین و بەرنامەیەكی نوێ‌ بۆ داهاتوومان دابڕێژین و بەرەو ئایندەیەكی گەش هەنگاو بنێین، ئەمەیش بە رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان و یەکدەنگى و یەکڕیزى گەلى کوردستان و لایەنە سیاسییەکان دێتەدى، بۆئەمەش پێویستە بە زووترین کات (ئەنجوومەنى سیاسیى کوردستان) بە بەشدارى تەواوى هێزو لایەنەساسییەکانى کوردستان پێکبهێنرێت، بێگومان ئەمەیان بۆ چارەسەرکردنى پرسەکانى باشوورى کوردستان دەبێتە فاکتەرێکى بەهێز، لەهەمان کاتدا لەسەر ئاستى نەتەوەیى پێویستە هەموو لایەکمان کار بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی لەسەر ئاستی كوردستانی مەزن بكەین، ئەمەش ئەڕکێکى بەپەلەى نەتەوەیى و نیشتمانى ئەم قۆناخەى خەباتى گەلى کوردستانە، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمانە بەو ئاراستەیە كاربكەین بۆئه‌وه‌ی بگه‌ین به‌ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان.

 

- جەماوەرى تێکۆشەرو خۆڕاگرى کوردستان ...

نەورۆزى ئەمساڵمان لەگەڵ نەورۆزى ساڵانى رابردوو جیاوازە، لە لایەک رژێمى عێراق کە لە ١٦ ى ئۆکتۆبەرى ٢٠١٧ ەوە کەرکوک و مەخموور و شنگاڵ و زوممار و توزخورماتووى داگیرکردۆتەوە لەو کاتەوە تا ئێستا رەوشى ئەو ناوچانەى داگیرى کردوونەتەوە ئاسایى نەکراونەتەوە، لەلایەکى دیکەوە رژێمى داگیرکەرى تورکیا سەرەڕاى دژایەتى و پێشێلکارییەکانى بەرامبەر نەتەوەکەمان لە باکوورى کوردستان، بەردەوام شەڕ بە باشوورو رۆژئاواى کوردستانیش دەفرۆشێت، ئەوەبوو ٢٠١٨ تورکیاى فاشى هێرشى کردە سەر رۆژئاواى کوردستان و، دواى بەرخودانێکى بێوێنەى شەڕڤانان و گەلەکەمان لە هەمبەر هێرشى رژێمى تورکیا و چەتەکانى بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان، رژێمى تورکیاى فاشى و خوێنڕێژ لە ١٨ / ٣ / ٢٠١٨ ەوە عفرینى قەڵاى بەرخودانى داگیرکردووەو لەو کاتەوە تا ئێستا دەستى بە وێرانکردنى شارەکە و ئاوارەکردن و جینۆسایدکردنى خەڵکەکەى کردووە و لەهەمان کاتدا رژێمى تورکیا بەردەوامە لە هەوڵەکانى بۆ گۆڕینى دیموگرافیاى رۆژئاواى کوردستان، هەروەها رژێمى ئێران لە رۆژهەڵاتى کوردستان بەردەوامە لەسەر گرتن و لە سێدارەدانى چالاکوانان و گەنجانى نەتەوەکەمان، بێگومان تێکڕاى ئەم تاوانانەش بە بەرچاوى هەموو دونیاوە ئەنجامدەدرێن و، وڵاتانى زلهێزى ویژدان مردوو بێدەنگن و ئارەقەى شەرمەزاریان لێدەتکێت، لێرەوە جارێکى دیکە زۆر بەتوندى داگیرکردنى کەرکوک و عفرین و گرتن و لە سێدارەنى لاوانى رۆژهەڵاتى کوردستان و تەواوى سیاسەتى داگیرکەرانى کوردستان دژ بە گەلى کوردستان ئیدانەو مەحکووم دەکەین و، لەهەمان کاتدا سڵاوو رێزو خۆشەویستیمان بۆ خەڵکى خۆڕاگرى کەرکوک عفرین و مەخموور و شنگاڵ و زوممار و توزخورماتوو هەیە و، پێیاندەڵێین کەوا ئەو داگیرکارییە تا سەر نابێت و، پێشهاتەکان پێماندەڵێن داگیرکەران باجى قورسى ئەو سەرەڕۆییانەیان دەدەن و دەچنە زبڵدانى مێژووەوە.

 

- جەماوەرى خۆشەویستى کوردستان ...

ئێمە لە کاتیکدا کەوا یادى هاتنەوەى جەژنى نەورۆزى ئەمساڵمان دەکەینەوە، وەک هەموو لایەک ئاگادارن ئەوا بۆ دوو ساڵ دەچێت بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا (COVID-19) لەجیهاندا، بۆتە هەڕەشەیەکى گەورە و رووبەڕووى تەواوى مرۆڤایەتى بۆتەوە، بەداخەوە کوردستانیشى گرتۆتەوە، ئەم رەوشە لە هەموو لایەکمان دەخوازێت کەوا هاوکارو پشتیوانى یەکدى بین بۆ تێپەڕاندنى ئەم پەتایە و، پابەندى رێنماییە تەندروستییەکان بین.

 

لەگەڵ رێزو خۆشەویستی و پیرۆزبایی دووبارەمان بۆ هەموو لایەك.

 

هەر بژین و سەركەوتووبن و سەربەخۆیی كوردستان ببینن.

 

 

 

دڵسۆزتان

غەفوور مەخمووری

سكرتێرى گشتیى

یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK

ئێوارەى 20 / 3 / 2021