ئەمڕۆ پێنج شەممە لە ڕۆژی ئاڵای کوردستان، لە ژێرچاودێری ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەرانى فەرمانگە و دامودەزگا حکوومییەکانى هەولێر و نوێنەرانى حزب و لایەنە سیاسییەکان و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسان و جەماوەڕێکى زۆر، لەسەر قەڵای مێژووى هەولێرى پایتەخت، ڕێکخراوى ستان بە پاڵپشتى پارێزگاى هەولێر، لەڕێورەسمێکدا ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستانى بەرز ڕاگرت.
لە دەسپێکی ڕێوڕەسمەکەدا دوای گوتنى سروودى ئەى ڕەقیب لەلایەن پۆلێک لە قوتابیان و تیپى چالاکى قوتابخانەکانى پەروەردەیی ناوەندى هەولێر و ساتیک وەستان بۆ گیانى پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان و شەهیدانی چەند ڕۆژی ڕابردووی دەستی تیرۆریستانی داعش، ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەلایەن پارێزگاری هەولێر و بەرپرسى لقی دووی پارتى و بەرپرسى مەڵبەندى سێى یەکێتى و نوێنەرى بزوتنەوەى گۆڕان و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر هەڵکرا.
پاشان پارێزگارى هەولێر وێڕایی پیرۆزبایی لە هەموو کوردستانیان و هاوشارییانی شاری هەولێر بۆنەی ڕۆژی ئاڵای کوردستان ڕایگەیاند: پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و بناماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و تێکۆشەران دەکەین کە بە هەر جۆرێک بێت بوونەتە هۆکاری مانەوەی بەرزیی ئاڵای کوردستان، سڵاویش بۆ ڕووحی شەهیدان دەنێرین کە بە خوێنی ئەوان کوردستان لە ئازادیدا دەژی، ئومێدی زۆریش هەیە بە تەواوی مافەکانی خۆمان بگەین.
گوتیشى: ڕۆژی ئاڵا با بکەینە ڕۆژی برایەتی و پێکەوە کارکردنی هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ بەهێزبوونەوەی کورد لە بەغداد، بە تایبەت ئێستا نزیک دەبینەوە لە پێکهێنانی حکوومەتی عیراق، داوای خەڵکی کوردستانیش لە دوای هەڵبژاردن لەپێناو بەهێزیی کوردستان و گەیشتن بە ئامانجەکان و ئەو پێشێلکارییانەی لەڕووی دەستوور و یاساوە بەرامبەر بە کورد دەکرێت، هێز و لایەنەکان یەکگوتار و یەکڕیز بن.
پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1999 بە بڕیارێك ئاڵای فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ناساند و بە بڕیاری ژمارە 48 لە 19/6/2004 بڕیاری داوە ڕۆژی 17ی 12ی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی ئاڵا دیاری بکات و هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا لەسەر دامودەزگا فەرمییەکان ئاڵا نوێ بکرێتەوە و بۆنەی تایبەتی بۆ ساز بکرێت.
ساڵانەش لەم ڕۆژەدا وەك ڕۆژی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان ئەو یادە دەكرێتەوە، چەندان بۆنە و یادكردنەوە و ڕێزگرتن لە ئاڵای كوردستان بەڕێوە دەچێت، ئەمساڵیش لەسەرتاسەرى هەرێمى کوردستان و ناوچەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان ئەم یادە بەرز ڕاگیرا.