میدیا - هه‌ولێر / باشووری كوردستان
كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (KNK) بیسته‌مین جفاتی گشتیی خۆی لە برۆكسێل به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی به‌شێوه‌ی ئۆنلاین ساز ده‌كات.
رۆژی شه‌ممه رێكه‌وتی 31-10-2020 به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (KNK) و له رێگه‌ی به‌رنامه‌ی زووم به‌شێوه‌ی ئۆنلاین جفاتی گشتیی له برۆكسێل ئه‌نجامدا، له‌م جفاته شاخه‌وان خالید كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK به شێوه‌ی ئۆنلاین به‌شدار بوو.
له بیسته‌مین جفاتی گشتیی KNK گفتوگۆ له‌سه‌ر ره‌وشی كوردستانی مه‌زن و ناوچه‌كه و جیهان كرا، ئه‌ندامانی جفاتی گشتیی له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به وته‌و پێشنار و سه‌رنج و وتاره‌كانیان به‌شداربوون، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته شاخه‌وان خالید وتاری مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان ( YNDK)ی خوێنده‌وه:
ده‌قی وتاری ده‌قی وتاری مه‌كته‌بی سیاسيی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستانYNDK:
به‌رێزان له كۆمیته‌ی ئاماده‌كاری بیسته‌مین جفاتی گشتیی KNK له برۆكسێل
ئه‌ندامانی جفاتی گشتیی KNK
خوشكان ....برایان
سڵاوی سه‌رخۆبوون و ئازادیتان لێبێت....
به‌ناوی خۆمان و سكرتێرى گشتیى و مه‌كته‌بی سیاسیی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK به‌بۆنه‌ی به‌ستنی بیسته‌مین جفاتی گشتییKNK ، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی له‌خۆمان و كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان KNK و كۆمیته‌ی ئاماده‌كار و ئه‌ندامانی جفاتی گشتیی ده‌كه‌ین و خوازیارین به‌سه‌ركه‌وتوویی دوور له هه‌موو فشار و به به‌رگێكی كوردانه‌ی راسته‌قینه گفتوكۆ له‌سه‌ر ره‌وشی كوردستانی مه‌زن و ناوچه‌كه بكه‌ین خۆشحال ده‌بووین بهاتباین و راسته‌وخۆ له‌ناو هۆڵی جفاتدا بووینایه كه‌ئێستا به‌شێوه‌ی ئۆنلاین به‌شدارین، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ناله‌باری بارودۆخی ته‌ندروستی جیهان و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو.
به‌ستنی بیسته‌مین جفاتی گشتی KNK به به‌شداری پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كان و كه‌سایه‌تی و رۆشنبیر و رۆناكبیران رووداوێكی گرنگ و مێژووییه و له كاتێكی زۆر هه‌ستیاردا ده‌به‌سترێ كه كوردستان و ناوچه‌كه له‌به‌رده‌م قه‌یران و گرفت و گۆڕانكاری گه‌وره‌دایه، بۆئه‌وه‌ی بتوانین به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه دیالۆگ و له‌یه‌كگه‌یشتن و قسه و باس له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و پرسانه بكه‌ین كه‌په‌یوه‌ندی به‌چاره‌نووسی گه‌لی كوردستان و خاكهكهیەوە هەیە.
له‌م قۆناغه‌دا گفتوگۆی نێوان لایه‌نه‌كانی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان زۆر گرنگ و پێویسته، به‌ڵام به‌ر له‌هه‌ر شتێ پێویسته كه‌هاتینه ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه به‌رگی حیزبایه‌تی فڕێبده‌ین و به‌به‌رگێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی دوور له به‌رژه‌وه‌ندی حیزبایه‌تی و به‌ره‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای گه‌لی كوردستان گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسەکان بكه‌ین و كێماسییه‌كان چاره‌سه‌ربكه‌ین و هه‌نگاوی كرده‌یی بۆ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بنێین.
ئه‌مڕۆ كوردستان و ناوچه‌كه به‌گشتی به‌قۆناغێكی هه‌ستیاردا تێپه‌ڕ ده‌بێت، ئه‌وه‌تا هێرش و سنوور به‌زاندنی ده‌وڵه‌تی توركیا و هێرشه‌كانی رژێمی سوریا و بوونی داعش زۆر مه‌ترسیدارن و بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه له‌بارببه‌ن و لۆزانێكی دیكه به‌سه‌ر كورد بهێنن. له رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش بارودۆخه‌كه ئاڵۆزه و بۆ كپیكردنی ده‌نگی گوله‌ی پێشمه‌رگه، رژێمی ئێران به‌رده‌وام ناوچه سنوورییه‌كان و گوندنشینه‌كان تۆپباران ده‌كات و ره‌شبگیری له‌ناوچه‌کانى رۆژهەڵاتى كوردستان به‌رده‌وامه و رۆژانه ده‌یان لاوی كورد له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه و په‌تی سێداره‌ی ئێران شه‌هید ده‌كرێن، له باشووری كوردستانیش کۆمەڵێ تەنگژە و قەیراندایە لە سەرووى هەموویانەوە قەیرانى ئاوورى کەوا تەنگى بە هاووڵاتییان و موچەخۆران هەڵچنیوە و پێویستى بە چارەسەرێکى بەپەلە هەیە، بێگومان قەیرانى سیاسى و ناکۆکى نێوان بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانى دەسەڵات بۆتە هۆى نیگەرانى خەڵکى کوردستان، به‌ڵام هه‌موو كات وڵاتپارێز و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كار بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كه‌ن و هه‌نگاو بۆ جیابوونه‌وه له ده‌وڵه‌تی داتاشراوی عێراق ده‌نێن ، بۆیه پێویسته هه‌موو هه‌موو لایه‌نه‌كان و تاكیكی كوردستان پاڵپشتی له‌و هه‌نگاوه بكه‌ن بۆ دروستبوونی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و پێكهینانی ده‌وڵه‌تی كوردستان، ئێمە وەکو YNDK لەگەڵ ئەوەداین و كاری جدی بۆ ده‌كه‌ین و داوا لە هەموو لایەکیش دەکەین کەوا پشتگیرى ئەم هەنگاوە نەتەوەیى و نیشتمانییە بکەن.
ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆیی كێشه و گرفتی زۆر له‌نێوان لایه‌نه‌كانی هه‌ر به‌شێك و له لایه‌كی دیكه له نێوان لایه‌نه‌كانی به‌شه‌كانی دیكه هه‌یه و بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی هه‌نگاو بۆ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌سته‌م بێت هه‌ندێ جاریش باس له هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆ له لایه‌ن لایه‌نه كوردییه‌كان ده‌كرێ كه به‌هه‌موو شێوه‌یه و به‌هه‌موو لایه‌كمان ده‌بێ به‌ری لێبگرین و شه‌ڕ له‌نێوان لایه‌نه‌كان روونه‌دات، چونكه زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م نه‌ته‌وه‌كه‌مان و دوژمنان و داگیركه‌ران سوودی لێوه‌رده‌گرن، له‌به‌ر ئه‌وه بارودۆخى ناوخۆیى کوردستان باش نییە و پەیوەندى نێوان پارچەکانى کوردستان و حیزبەکان لە ئاستێکى خراپدایە، و ناکۆکن و ئەوەندەى رەچاوى بەرژەوەندى حیزبى دەکەن نیو ئەوەندە رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى ناکەن، بۆیه پێویستە رەچاوى بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى له پیشه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كان بێ و بگەڕێینەوە سەر مێزى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن بۆ چارەسەرکردنى کێشەو گرفتەکان و رزگاربوونمان لە قەیرانەکاندا. بۆ ئەوەى بەهەموو لایەک دەستکەوتەکانى باشوور و رۆژئاوا بپارێزین و به‌هه‌موومان پێشیان بخەین پێویستە هاوکار و پشتیوانى یەکتر بین.
سەبارەت بە رۆژهەڵاتى کوردستان لێرەوە داوا لە لایه‌نه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان دەکەین کەوا هه‌وڵی زیاتر بخه‌نه گه‌ڕ كاری لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی وكاری هاوبه‌شی هه‌ندێ لایه‌نی سیاسیی زیاتر و فراوانتر بكه‌ن و بۆ كار و خه‌باتی داهاتوویان. سەبارەت بە باکوورى کوردستانیش پشتیوانى تەواو له خەباتى رەواى نەتەوەکەمان لە باكووری وڵات دەکەین، هه‌موومان پاڵپشتی په‌رله‌مانتار و سه‌رۆك شاره‌وانی و هه‌موو تاكێكی كوردین كه‌رۆژانه دووچاری گرتن و كوشتن ده‌بنه‌وه له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی داگیرکەرى توركیا و هه‌وڵه‌كانمان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئازادكردنی به‌رێز عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ده‌بێ به‌رده‌وام بێ كه‌تا ئه‌م ساته‌ش له زیندانی ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركهردایه هه‌وره‌ها پێویسته توركیا هه‌موو گیراوه سیاسییه كوردییه‌كان ئازاد بكات.
بۆ دەربازکردنى ئەم رەوشە نالەبارە و رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان و داڕشتنى ستراتیژێکى نەتەوەیى، پێویستە هەموو لایەکمان بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى لەبەرچاو بگرین و کار بۆ یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى نیشتمانى بکەین. بێگومان بارودۆخى نێودەوڵەتى و رەوشى هەستیارى کوردستان لە هەموو لایەکمان دەخوازێ کەوا له یه‌كتری نزیک بین، بۆیە پێویستە لە نزیکترین کاتدا کار بکەین بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی سەرتاسەرى بۆ تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان، ئەمەش ئەركێكی نەتەوەیی و نيشتمانى بەپەلەی ئەم قۆناخەی خەباتى بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستانە، لەبەرئەوەی بەستنی ئەم كۆنگرەیە لەم كاتەدا خزمەتێكی زۆر بە دۆزی رەوای گەلی كوردستان دەگەیەنێت بۆ داڕشتنی ستراتیژییەتێكی نەتەوەیی یەكگرتوو بۆ كوردستان و, داڕشتنی كارنامەیەكی گونجاو بۆ ئەم قۆناخەی خەبات لەهەر پارچەیەكی كوردستاندا، بۆ ئەمەش پێویستە رەچاوی تایبەتمەندی پارچەكانی كوردستان بكرێت و پێویستە هەموو لایەكمان لەم پێناوەدا كاربكەین و دوای نەخەین و بیكەین بە چەترێكی نەتەوەیی و لەوێوە بە یەكدەنگی كار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بكەین, لەبەرئەوەی تاكە چارەسەری پرسی كورد دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە و, بێ دامەزراندنی دەوڵەت بۆ گەلی كوردستان زۆر زەحمەتە رۆژهەڵاتی ناڤین هێمنی و ئارامی بەخۆیەوە ببینێت.
ئێمە له یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK وەك هەمیشە و جارێکى دیکە پشتیوانی خۆمان بۆ خەبات و تێكۆشانی نەتەوەكەمان لەهەموو بەشەكانی كوردستان رادەگەیەنين, هەروەها لێرەوە بانگ لە تەواوى لایەنە ناکۆکەکانى کوردستان دەكەین كەوا كێشەو گرژی نێوانيان لەسەر بنەمای دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن چارەسەربكەن، لەبەرئەوەی سەردەم سەردەمی دیالۆگ و لەیەكترگەیشتنە و زۆربەی كێشەكانی دنیایش لەسەر مێزی دیالۆگ چارەسەركراون و یەكلایی كراونەتەوە.
لەكۆتاییدا جارێكی دی هیوای سەركەوتن بۆ جفاتی گشتیی KNK دەخوازین، ئومێد دەکەین گفتوگۆکانی سه‌ركه‌وتووانه ئامانجی خۆی بپێكی له كۆكردنهوهمان له ژێر یه‌ك چه‌تری نه‌ته‌وه‌یی كوردستانى، بۆئەوەى ئێمه‌ش وه‌كو هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه ببینه ده‌وڵه‌ت.
- نه‌مری و سه‌ربه‌رزی بۆ شه‌هیدانی رێی سەرخۆبوون و ئازادی كوردستان.
_ مردن و روو ره‌شی بۆ دوژمنان و داگیركه‌رانی كوردستان.
- بێته دی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد و یه‌كگرتوو دیموكرات.
مه‌كته‌بی سیاسیی
یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK
31-10-2020- هه‌ولێر – باشووری کوردستان