13 حزب و لایه‌ن داوای پێكهێنانی لیستێكی هاوبه‌ش بۆ ھه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان ده‌كه‌ن

تموز/يوليو 19, 2023

میدیا- هه‌ولێر

رۆژی چوارشەممە رێكه‌وتی 19-7-2023  لە بارەگای مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان لە شاری هەولێر، 13 حزب و لایەنی سیاسی كوردستانی كۆبونەوەیەكی فراوانیان ئەنجامدا سەبارەت بە كاركردن بۆ پێكهێنانی لیستێكی فراوانی كوردستانی لەناوچە داگیركراوه‌كانی دەرەوەی ئیدارەی حكومه‌تی هەرێمی كوردستان بۆ  هەڵبژاردنی  ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان به‌تایبه‌ت پارێزگای كه‌ركووك، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌موو لایه‌ك هاوڕا بوون له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌كۆبوونه‌وه‌كان له‌پێناو پێكهێنانی لیستێكی هاوبه‌شی كوردستانی به‌ به‌شداری سه‌رجه‌م حزب ولایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌ و نه‌ته‌وه‌كان.

لە كۆتایدا بەیاننامەیەكی هاوبەشیان دەركرد كە ئەمە دەقەكەیەتی:

جەماوەری سەربەرزی كوردستان

ئێمە (13) حزبی كوردستانی لە 19/7/2023 لە بارەگای حزبی شیوعی كوردستان لەسەر بانگهێشتی لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستانی كۆبونەوەیەكمان ئەنجامدا. هەموومان بڕیارماندا كە لە لەبەر كۆمەڵێ ئیجابیات و زەرورەتی بارودۆخەكە، لیستێكی فراوانی كوردستانی لەناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان پێكبێت ، كە هەموو حزبەكانی تێدابێت.

 بۆیە داوا لە هەموو حزبەكوردستانیەكان دەكەین چ ئەوانەی لە كۆبونەوەكە چ ئەوانەی لە كۆبونەوەكەش نەبونە بەزوترین كات لیستی كوردستانی پێك بێت، بۆ ئەوەی بتوانین لە هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق زۆرترین دەنگ بەدەست بێت و، مافەكانی خەڵكی كوردستان بپارێزرێت.

1- بزوتنەوەی گۆڕان

2- بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان

3- تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگای كوردستان

4- پارتی رەنجدەرانی كورستان

5- پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان

6- پارتی گەلی توركمانی

7- حزبی شیوعی كوردستان

8- حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان

9- كۆمەڵی دادگەریی كوردستان

10- هاوپەیمانی نیشتمانی كوردستان

11- هاوپەیمانی نیشتمانی كوردستان / سەركردایەتی كاتی

12- یەكێتی نیشتمانی كوردستان

13- یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانYNDK