پەتا و ڤایرۆسە کوشندەکان لە مێژوودا

مرۆڤ بەشێکە لە سروشت و بەشێکی گەورەی ژیانی لەگەڵ زیندەوەرەکانی دیکە تێپەڕ دەبێت، کە بەکتریا، میکرۆب و ڤایرۆسەکان بەشێکی ئەو زیندەوەرانەن، کە بەشێکیان دەبنە هۆی بەردەوامبوونی ژیان و بەشێکیشیان دەبنە هۆی نەخۆشی و کۆتاییهێنان بە ژیان، لە مێژووی کۆن و نوێدا زۆر نەخۆشی هەن کە بەپەلە لە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و هەندێکیان بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی ملیۆنان مرۆڤ، لێرەدا بەشێک لەو نەخۆشیانە دەخەینەڕوو.

لە لەش، دەست و دەمی مرۆڤدا بەردەوام بەکتریا و میکرۆبە زیانبەخشەکان بوونیان هەیە، لە ٢٥٪ی ئێمە لەوانەیە هەڵگری بەکتریا کوشندەکان بین، هەرچەند لەوانەیە زیانێک بە خۆمان نەگەینێت، بەڵام ئەگەر بگوازرێتەوە بۆ کەسێکی دیکە، لەوانەیە ببێتە هۆی زیان گەیاندن تەنانەت مردنی کەسانی دیکە. 

ئەم زیندەوەرە وردانە، تەمەنیان لە مرۆڤ کۆنترە و بۆ بەردەوامی نەوەکانیان هەوڵدەدەن، مرۆڤ تا ئێستا زۆر پەتای کوشندەی تێپەڕاندووە و توانیویەتی سەرەڕای قوربانییەکی زۆر نەوەی خۆی بەردەوامی پێبدات، پەتاکان لە سەردەمە جیاوازەکان سەریان هەڵداوە و بوونەتە هۆی گۆڕانکاریی و کاریگەرییان لەسەر سیاسەت و شەڕە دڕێژمەوداکانداناوە.

 

چەند نمونەیەکی ئەو پەتایانە:

پەتای ئانتۆنینوس (گالەن)

لە نێوان ساڵەکانی ١٦٥ بۆ ١٨٠ی زاینیدا، لە ناوچەکانی ئیمپراتوریەتی ڕۆم سەریهەڵدا، سەربازانی ڕۆمی کە چووبوونە ڕۆژهەڵات، دوای گەڕانەوەیان، پەتای "گالەن" یان "ئانتۆنینوس"ـیان لەگەڵ خۆیان هێنایەوە، دەوترێت ڕۆژانە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی دوو کەس و لەگەڵ نەخۆشی وەبا هەڵدەسەنگێندرێت.

لێکۆڵینەوەکان هێشتاش هۆکاری ئەو پەتایەیان ڕوون نەکردووەتەوە، بەڵام گومانکراوە کە نەخۆشی سورێژە بووبێت، ئەو پەتایە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٣٠٪ی دانیشتوانی ئەو ناوچانە و هەروەها ئیمپراتۆری ڕۆم لەو سەردەمە بە ناوی؛ "تیتوس، ئالیوس، هادریانوس ئانتۆنینوس و ئاگوستوس" کە ناوی پەتاکەش لە ناوی ئەو وەرگیراوە.

 

وەبای ژوستینیەن

ساڵی ٥٤١ی زاینی لە کۆنستانتینپۆل، ژوستینیەن بووە ئیمپراتور، پەتایەک دەستپێدەکات، لە میسرەوە بۆ فەلەستین و سوریا و لەوێیەوە بۆ ئانادۆڵ (تورکیا)، هەرچەند ژوستینیەن هەموو ڕێگاکانی هاتوچۆی بەڕووی کۆنستانتینپۆل داخست، بەڵام پەتاکە لە ڕێیەی مشکەوە و لەگەڵ ئامێرە سەربازییەکان چووە ناو شارەکەوە.

دەوترێت نەخۆشییەکە لە ڕێگەی جۆرێک مێشولە کە لەناو تووکی مشکەکان هەبووە گوازراوەتەوە کە ئەو مێشولەیە لە مەعیدەدا بەکتریاکی کوشندەی هەبووە، ئەو مێشولەیە لە ڕێگەی پێوەدان بە مرۆڤەکان نەخۆشییەکەی بڵاوکردووەتەوە، ئەو نەخۆشییە بەر هەر کەسێک دەکەوت، لە ماوەی چەند ڕۆژ دەیکوشت، پەتاکە لە ماوەی هەفتەیەک بڵاو دەبێتەوە و گیان لەدەستدانی مرۆڤەکان دەستپێدەکات و هەزاران کەس بەهۆیەوە دەمرن، بەهۆی زیادبوونی تەرمی نەخۆشەکان، شوێنی ناشتن نامینێت و بە ناچار تەرمەکان دەخەنە دەریا، ئەو پەتایە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٤٠٪ی دانیشتووانی کۆنستانتینپۆل، ئیمپراتوریەتی بیزانس کە لەو پەتایە زیانێکی گەورەی بەرکەوت و ژمارەیەکی زۆر لە سەربازەکانی لەدەستدا، لاواز بوو و بۆ هێرشەکان لە دەرەوە کراوە بوو، ئەمەش بووە هۆی گۆڕانکاریی گەورە لە ئەوروپا.

 

وەبای ڕەش

لە ساڵەکانی ١٣٤٦ بۆ ١٣٥٣ـدا، نەخۆشییەک بەناوی وەبای ڕەش کە جۆرێکە لە تاعون سەریهەڵدا، کە دەوترێت بەهۆیەوە ٧٥ بۆ ٢٠٠ ملیۆن کەس گیانیانلەدەستداوە، هەروەها دەوترێت ژمارەی دانیشتووانی ئەوروپا لەو ساڵانەدا بەهۆی ئەو پاتایەوە ٣٠ بۆ ٦٠٪ کەمیکردووە، ئەم پەتایە دوای کاریگەرییەکی زۆر لەسەر کۆمەڵگای ئەوروپا، بووە هۆی ئەوەی خەڵک لە کلێسەکان پرسیار لەسەر هەبوونی خودا بکەن، کە خۆی ڕێگەی لە ڕێنسانسی ئەوروپا کردەوە.

 

مشەخۆرە ئەوروپییەکان ڤایرۆسێک دەبەنە ئەمریکا

لە سەدەی ١٥ـەیمدامشەخۆرانی ئەوروپی بەناوی دۆزینەوەی وڵاتێک (کیشوەرێک)ی نوێ، ڤایرۆسی ڤاریسلا لەناو گەلانی خۆجێیی دانیشتووی ئەمریکا بڵاو دەکەنەوە، ئەو ڤایرۆسە کە پێشتر یەک لەسەر سێی دانیشتووانی ئەوروپای کوشتبوو، بەهۆی ئەوە سیستمی خۆپارێزی لەناو گەلە خۆجێیەکان لاواز بوو، زیانێکی گەورەی پێگەیاندن و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ملیۆنان کەس لەو گەلانە و دەوترێت ٩٠٪ی دانیشتووانی ئەمریکای لەناوبردووە، ئەمەش وایکرد کە کیشوەری ئەمریکا بە ئاسانی بکەوێتە دەستی ئەوروپییەکان، لە سەدەی ١٩ـەمیشدا بەهۆی ئەو نەخۆشییانەی لە ئەوروپاوە هاتبوو، نیوەی دانیشتوانی ئەمریکا گیانیانلەدەستدا.

 

پەتای کۆکۆلیزتلی

لە سەدەی ١٦ـەم لە "نیو سپاین" کە ئێستا بە مەکسیک دەناسرێت، لە ڕێگەی داگیرکەرانی ئیسپانییەوە هاوکات چەند نەخۆشییەک بڵاوبووەوە کە بە پەتای کۆکۆلیزتلی ناوبانگی دەرکرد، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٥ ملیۆن کەس و ڕێگەی بۆ هەڵوەشانەوەی شارستانییەتی "مایا"کان کردەوە، ئەو پەتایە لە ماوەی چەندین ساڵدا لە ڤەنزوێلا تا کەنەدا بڵاو بووەوە.

 

پەتای کۆلێرا

لە مێژوودا حەوت جۆری پەتای کۆلێرا سەریهەڵداوە، کە کوشندەترینی لە نێوان ساڵەکانی ١٨٥٢ بۆ ١٨٦٠ سەریهەڵدا، کە هۆکاری سەرەکیی پیسی ئاو خواردنەوەیە، یەکێک لەو شوێنانەی ئەو پەتایە کاریگەریی لەسەر دانا هندستان بوو، ئێستاش ڕووباری گەنگ پڕە لەو باکتریایانەی لە پیسی دروست دەبن، بەڵام ئاوی ئەو ڕووبارە لای هندییەکان پیرۆزە و خۆیان لەو ئاوە دەشۆن، بۆیەش هەمیشە نەخۆشییە گشتگیرەکان لەوێ سەرهەڵدەدات.

لە سەدەی ١٩ـەیەمدا دیسان پەتای کۆلێرا لە هندستان سەریهەڵدا و بۆ ئەفغانستان و ڕوسیا بڵاوبووەوە، تەنها لە ڕوسیا بەهۆیەوە ملیۆنێک کەس گیانیانلەدەستدا، لەوێشەوە بۆ ئەوروپا، ئەفریقا و ئەمریکا بڵاوبووەوە، دەوترێت ملیۆنان کەس بەهۆی پەتای کۆلێرا لە جیهان گیانیان لەدەستداوە.

 

وەبای گشتگیری سێیەم

لە نێوان ساڵەکانی ١٨٥٥ بۆ ١٨٥٩ـدا، وەبای گشتگیری سێیەم لە چین سەریهەڵدا و بەرەو هندستان بڵاو بووەوە، دەوترێت لە چین و هندستان بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ١٢ ملیۆن کەس، دوای سەدەیەک لە ڕێگەی مشکەکانەوە لە ڕۆژهەڵاتی دوور چووە کیشوەری ئەمریکا.

 

پەتای تیفوس

لە ساڵەکانی ١٩١٤ بۆ ١٩١٨ـدا لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانی پەتای تیفوس سەریهەڵدا، لە ئاسیا و ئەوروپا ٢٥ ملیۆن کەس تووشی ئەو نەخۆشییە بوون و تەنها لە ڕوسیا بووە هۆی گیان لەدەستدانی سێ ملیۆن کەس.

 

پەتای ئیسپانی

هەر لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانی، ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا ٥٠٠ ملیۆن کەسی تووشکرد و بەهۆیەوە ٥٠ بۆ ١٠٠ ملیۆن کەس گیانیانلەدەستدا، سەرنجڕاکێش ئەوە بوو کە ئەم ڤایرۆسە زیاتر کاریگەریی لەسەر ئەو مرۆڤانە دادەنا کە بەهێزتر بوون.

 

پەتای ئاسیا

ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا کە گوماندەکرێت لە مراوییەکانەوە بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، ساڵی ١٩٥٧ سەریهەڵدا و وەک پەتای ئاسیایی دەناسرێت و بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەی چوار ملیۆن کەس، ئەم ڤایرۆسە گرنگی ڤاکسینی ئاشکراکرد.

 

ڤایرۆسی HIV یان ئایدز

لە ناوەڕاستەکانی سەدەی ٢٠ـەمدا، ڤایرۆسی ئایدز لە مەیمونەوە گوازرایەوە بۆ مرۆڤ و یەکەم حاڵەتیشی ساڵی ١٩٩٥ لە کۆنگۆ تۆمارکرا، بەڵام ساڵی ١٩٨٠ ناسرا و ناوی لێنرا، لە ٣٠ ساڵدا بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٣٦ ملیۆن کەس، هێشتاش دەرمان و چارەسەرێکی یەکجاری بۆ ئەو ڤایرۆسە نەدۆزراوەتەوە، تەنیا دەتوانرێت ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی بگیرێت.

 

پەتای زەرد

بەپێی ویب سایتی history.com بێت لە ساڵی ١٧٩٣دا  نەخۆشی " پەتای زەرد"  لە تەواوی ئەمریکادا بڵاوبۆتەوە، بەھۆی ئەم پەتایەشەوە نزیکەی ٤٥ ھەزار کەس گیانیانلەدەستداوە.

 

نەخۆشی سارس

نەخۆشی سارس جۆرێک نەخۆشی مەترسیداری هەناسەیە یەکەمجار ساڵی ٢٠٠٢ لە شاری جاندگۆنگی چینی بڵاوبووەوە و بەخێرایی چووەتە ناو وڵاتانی ئاسیایی رۆژهەڵات.

هۆی سەرەکی گیرۆدەبوونی ئەو نەخۆشییە جۆرێک ڤایرۆسە و لە نێوان، مرۆڤ و ئاژەڵدا هاوبەشە نزیەی لەسەدا ١٠ مردنی بە دوا دادێت.

 

ئەنفلۆنزای باڵندە

 ئەنفلۆنزایەکی تر کە بەرۆکی مرۆڤایەتی گرت، ئەنفلۆنزای باڵندە بوو، ئەم ئەنفلۆنزایەش ماوەیەکی زۆر جیھانی تووشی دڵەراوکێ کرد، ھەرچەندە ئەم ئەنفلۆنزایە زیاتر تووشی باڵندەکان بوو، بەڵام دواجار مرۆڤی گرتەوە، بەڵام لەچاو نەخۆشییەکانی دیکە، ژمارەی قووربانیانی کەم بوو.

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستی جیھان بێت، لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە ھەتاوەکو ٢٠١٤ ژمارەی ئەو کەسانەی بوونە قووربانی ئەم ڤایرۆسە ٦٦٨ کەس بوون، بەڵام بووە ھۆی  لەدەستدانی ملیۆنان باڵندە لە جیھاندا.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی، ژمارەی ئەوانەی لە جیھاندا بەم نەخۆشییە گیاناینلەدەستدا گەیشتە ٨٠٠ کەس.

 

ئەنفلۆنزای بەراز

لە ساڵی ٢٠٠٩ ئەنفلۆنزای بەراز بڵاوبوەوە یەکەمجار لە مەکسیک سەریھەڵدا و پاشانیش بەشێکی زۆری وڵاتانی جیھانی گرتەوە، بەپێی راپۆرتێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی بێت، ئەم ئەنفلۆوەنزایە زۆر ترسناک و کوشندەیە، چونکە ڤایرۆسەکەی توانای زوو بڵاوبونەوەی ھەیە، ھەروەھا دەشتوانێت دژی ئەو دەرمانانە بوەستێتەوە کە بۆ چارەسەرکردن بەکاردەھێنرێت، بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی، ساڵی ٢٠١٠ ژمارەی ژمارەی ئەوانەی بەم نەخۆشییە گیانیان لەدەستدا گەیشتە سەرو ١٨ ھەزار کەس لە جیھاندا.

 

ئیبۆلا

بۆ یەکەمجار لەساڵی ٢٠١٣ دا نەخۆشی ئیبۆلا لە غینیا لە کیشوەری ئەرفریقا سەریھەڵدا و پاشانیش وڵاتانی لیبریا و سیرالیۆنی گرتەوە، پاشان ناوی ئەم نەخۆشییە گۆڕا بۆ " ئیبۆلای رۆژئاوای ئەفریقا" ، ئەم نەخۆشیە بووە ھۆی داڕمانی ئابووری  ئەو سێ وڵاتە.

هەروەھا بووە هۆی مردنی سەرو ٦ ھەزار کەس، ساڵی ٢٠١٨ دووبارە ئەم نەخۆشیە کۆنگۆی دیموکراتی گرتەوە، لەئەنجامدا سەرو ٢٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا.

 

کۆڤید- ١٩ یان کۆرۆنا

بۆ یەکەمجار ساڵی ٢٠١٩ لە چین سەریهەڵدا، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕۆژی ١١ی شوباتی ئەمساڵ ناوی Covid-19ی لەسەر دانا، تا ئێستا لە نزیکەی ١٤٠ وڵاتی جیهان بڵاوبووەتەوە، نئیشانەکانیشی تای بەرز، پژمین، کۆکە و هەناسە تەنگییە، هەرچەند دەوترێت لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، بەڵام تا ئێستا هۆکاری سەرەکی نەزانراوە.

ئەم پەتایە لە ئێستادا لە سەرتاسەری جیهان بڵاوبووەتەوە و تا ئێستا چارەسەرەکەی نەدۆزراوەتەوە.

ک.س

سه‌رچاوه‌: مالپه‌ری رۆژنیوز