میدیا- ههولێر
كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (KNK) كۆبوونەوەی خۆی بهئامادهبوونی ژمارهیهك له ئهندامان و حزبه سیاسییهكان لە هەولێر سازدهكات.
رۆژی شهممه رێكهوتی 9/4/2022 بهئامادهبوونی ژمارهیهك له ئهندامان و حزبهكان و كهسایهتی و مامۆستایانی زانكۆ، كۆمیتهی باشووری كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (KNK) له شاری ههولێری باشووری كوردستان كۆبوونهوهیهكیان لهسهر رهوشی سیاسی كوردستان و ناوچهكه و جیهان و ئامادهكاری بۆ بهستنی كۆنگرهیKNK لهم ساڵدا ئهنجامدا.
شاخهوان خالید كارگێڕی مهكتهبی سیاسی یهكێتی نهتهوهیی دیموكراتی كوردستان YNDK لهكۆبوونهوهكهبهشدار بوو، گفتوگۆ لهسهر رهوشی كوردستان و ناوچهكه و جیهان كراو باس لهئامادهكاری بهستنی كۆنگرهیKNK لهئهوروپا و پێكهێانی چهند لیژنهیهك بۆ ئهم مهبهسته كرا، ههروهها باس له رۆلی KNK كرا بۆ ئاشتهوایی و رێكخستنهوهی نێوماڵی كوردستان كه ئهوهش بهیهكریزی و تهبایی سهرجهم هێزو لایهنهكان دهبێت.
غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانYNDK، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، باس لە ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتی كورد دەكات و، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە باوەڕی تەواوی بە ماف و ئازادییەكانی ئافرەت هەیە، پێداگرییش لەسەر ئەوە دەكات، كە هەتا ئافرەت ئازاد نەبێت لە دەربڕینی خواست و مافەكانی و وەدەستهێنانیان، كۆمەڵگە پێش ناكەوێت و لە دواكەوتووییدا دەمێنێتەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
* وەك سكرتێری پارتێكی نەتەوەیی، ئەوەت لا ئاشكرایە هەتا ئافرەت ئازاد نەبیت، نەتەوە ئازاد نابێت، بەڵام لە نووسینەكانت كەم ئەم پرسە گرنگە دەبیندرێت، بۆیە دەپرسین: چ خوێندنەوەیەكتان بۆ پرسی ئازادیی ئافرەتانی كوردستان هەیە؟
- ڕوانین بۆ ئازادیی ئافرەت لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی دیكە دەگۆڕێت، ئەوەش پەیوەستە بە تێگەیشتن لە بنەما دیموكراتی و ئازادییەكان، ئافرەت لە كۆمەڵگەی كوردستان لە ڕابردوودا لە زۆربەی زۆری بوارەكانی ژیان ڕۆڵێكی كارای هەبووە، بەشدار بووە لە كاركردن و بەڕێوەبردنی ماڵ و پەروەردەكردنی منداڵ و زۆر جاریش ڕۆڵی ڕێبەرایەتی بینیوە، خانزادی سۆران و حەپسەخانی نەقیب نموونەی بەرچاوی ئەو بوارەن، چەندین ئافرەت لە ژیانی پێشمەرگایەتی و كاری ڕێكخستن و حزبایەتی و سیاسەت ڕۆڵی كارایان بینیوە، ئەوە لە ڕابردوودا وا بووە، بەڵام بەداخەوە ئێستا وا نییە، تا ڕاددەیەكی زۆر هەوڵدراوە، ئافرەتان لەسەر بنەمای حزبی بهێنرێنە پێشەوە و كاریان پێ بدرێت، نەك لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوویی، ئەمەش كاریگەریی نێگەتیڤانەی هەبووە بۆ سەر كار و خەباتی ئافرەتان، ئێستا لە كۆمەڵگەی كوردستان زۆر ئافرەتی بەتوانا و لێهاتوومان هەیە لە تەواوی بوارەكانی كارگێڕی و بەڕێوەبردن و ڕاگەیاندن و نووسین و بوارەكانی دیكە، بەڵام كە حزبی نین، ئەو بایەخەیان پێ نادرێت، كە بە ئافرەتێكی حزبی دەدرێت، كێشەكانی ئێمە لێرەدایە كەوا حزب كۆنتڕۆڵی هەموو كایەكانی ژیانی كردووە و بە شێوەیەكی دادپەروەرانەش مامەڵە ناكات، ئەوەش زۆربەی حزبەكان دەگرێتەوە، ئەم شێوازە مامەڵەكردنە كارێگەریی خۆی هەبووە بۆ كەمكردنەوەی ڕۆڵی ئافرەت لە كۆمەڵگەدا و زۆر جاریش وای لێهاتووە ئازادییەكانیان پێشێل بكرێت.
من باوەڕی تەواوم بە ماف و ئازادییەكانی ئافرەت هەیە، تا ئافرەت ئازاد نەبێت لە دەربڕینی خواست و مافەكانی و وەدەستهێنانیان كۆمەڵگە پێش ناكەوێت و لە دواكەوتووییدا دەمێنێتەوە، بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان هەوڵبدەین و هاوكار بین بۆ وەدەستهێنانی ماف و خواست و ئازادییەكانی ئافرەت، ئەمەش ئەركی دەزگا و دامەزراوەكان و هەموو تاكێكی كۆمەڵگەی كوردستانە.
* كاتێك دێینە سەرباسی بیری نەتەوەیی كوردستان، هەست دەكەین فیكر و خامەی خانمانی كورد لەم پرسە گرنگەدا زۆر سنووردارە و، زۆر كەم لە خانمان لەسەر ئەم پرسە گرنگە دەنووسن، یان بیری لێ دەكەنەوە، ئایا بە ڕای ئێوە ئەمە بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە كە لە ناو فەلسەفەی بیری نەتەوەیی كوردستاندا، ئافرەتان هەست ناكەن شوێنی شیاوی خۆیان هەبێت، یان بە دیوێكی دیكەدا ئافرەتان هەست ناكەن لەناو چوارچێوەی بیری نەتەوەییدا فەرامۆش كراون؟
- ئافرەتی كورد لە بواری نووسیندا زۆر كەم كاری لەسەر هزر و سیاسەت كردووە، خامەی ئافرەتی كورد زیاتر خزمەتی زمان و ئەدەبی كوردی كردووە، لە بواری زمانناسی و لێكۆڵینەوەی ئەدەبی و ڕۆمان و شیعر و چیرۆك ڕۆڵێكی بەرچاویان هەیە، بەڵام بۆچی لە بواری هزر و سیاسەتدا خامەكەیان نەخستووەتە كار؟ ئەوەش هۆكاری خۆی هەبووە، كۆمەڵگەی كوردستان كۆمەڵگەیەكی پیاوسالارییە و كەمتر بواری بە ئافرەت داوە كەوا بیربكاتەوە و تێكەڵی كاری سیاسەت بێت، ئەمەش وایكردووە ئافرەتی كورد ڕێگەی خزمەتكردنی بواری كەلتوور بگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەبووا ئافرەتی ڕچەشكێنمان هەبایە و لەم بوارەدا دەربكەوتبایە.
* كاتێك باسی بیری نەتەوەیی هەر نەتەوەیەك دەكرێت، باس لە زمانی دایك، پەروەردەی دایك دەكرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە قوتابخانەی یەكەم بۆ بیری نەتەوەیی ئەو دایكەیە كە ڕۆڵەكەی چۆن پەروەردە دەكات، باشە كە ئەمە گرنگیی ژن بێت بۆ بیری نەتەوەیی، ئایا لەناو بیری نەتەوەیی كوردستانیدا پڕۆژە بۆ ئازادیی ژن دەبێت چۆن بێت؟
- زمان ناسنامەی پاراستنی هەر نەتەوەیەكە، یەكەم قوتابخانەی فێربوونی زمانیش ماڵ و یەكەم مامۆستای فێربوونی زمانیش دایكە، بیری نەتەوەیی كوردی هەمیشە ڕوانین و ڕێزی تایبەتی بۆ ئافرەتن و ماف و ئازادییەكانی هەبووە، بەڵام دەبێ ئەو ڕاستییەش بزانین كەوا تایبەتمەندییەكانی كۆمەڵگەی كوردستان وایكردووە كەوا ئافرەت وەك پێویست پێش نەكەوێت و نەگات بە ماف و ئازادییەكانی، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هزرو ئایدیۆلۆژیا هاوردەكان كاریگەری نێگەتیڤیان هەبووە بۆ هێشتنەوەی ئافرەت لەو دۆخەی ئێستا، خاوەن پرۆژەكانی هزرو ئایدیۆلۆژیای هاوردە پشتیوانی و هاوكاریی زۆریان هەبووە، بەڵام هەڵگرانی مەشخەڵی بیری نەتەوەیی زۆر جار ڕێگریان لێ كراوە و كۆسپ و تەگەرە خراوەتە ڕێگەی كارو خەباتیان، بە باوەڕی من پێویستە هەر تاكێكی كورد لە ماڵەوە كەشێكی گونجاو دروست بكات بۆ ئەوەی دایك لەسەر بنەمایەكی كوردانە و كوردستانییانە منداڵەكەی پەروەردە بكات، بۆ ئەمەش حكومەت و ڕاگەیاندنی كوردستان دەتوانن ڕۆڵ ببینن بۆ وشیاركردنەوە لە مەترسیی هزر و ئایدیۆلۆژیا هاوردەكان بۆ سڕینەوەی مۆركی نەتەوەییمان.
* كاتێك سەیری مێژووی نەتەوەكەی خۆمان دەكەین، دەبینین بەراورد بە نەتەوەكانی دیكەی دەوروبەرمان، ژنی كوردستان ئازادییەكی زۆر زیاتری هەبووە و، دەكرا لەو مێژووەوە ئازادیی ژنی كوردستان زیاتر پێناسە بكرایە، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین ئەوەیە كە ئەو مێژووە فەرامۆش كراوە، چی بكەین بۆ ئەوەی جارێكی دی مێژووی كوردستان ئازادیی ئافرەت پێناسە بكاتەوە؟
- بێگومان ئافرەتی كورد وەك لە سەرەتاوە باسمان كرد، ڕۆڵێكی كارای لە كۆمەڵگەی كوردستان هەبووە، بەڵێ، ئافرەتی كورد هەمیشە ئازادتر بووە لە ئافرەتی نەتەوەكانی دەوروبەرمان، ئەمەش ئەو كاتە بووە كەوا هزر و ئایدیۆلۆژیا هاوردەكانی ئێستا لە كۆمەڵگەی كوردستان كارا نەبوون، تاكی كورد نەكەوتبووە ژێر كاریگەریی ئەو هزرە ئایدیۆلۆژیا هاوردانە، پێویستە تاكی كورد لەسەر بنەمای باوەڕبەخۆبوون و پەیوەست بە خاك و نیشتمان و كەلتووری نەتەوەییمان پەروەردە و بینابكرێتەوە، ئەمەش دەبێتە سەرەتایەك كەوا جارێكی دیكە ئافرەتی كورد ڕۆڵی كوردانەی خۆی ببینێت و مێژووی كوردستانیش بە شێوەیەكی سەردەمییانە ئازادیی ئافرەتان پێناسە بكاتەوە.
*وەك سیاسەتمەدارێك ئاگاداری ئەوەی خەریكە بە هاوردەكردنی كۆمەڵێك ئایدیۆلۆژیای دەرەكی، جوانیی ژنی كورد بە ناوی ئیسلامەوە دەشوێندرێت و خەسەڵەتی كوردانەی ژنی كورد بزر دەبێت، ئەمە لەكاتێكدا بەشی هەرە زۆری شاعیرانی كورد مەلا و زانایانی ئیسلامی بوون و شیعرەكانیشیان بەشی هەرە زۆری بۆ پیشاندانی جوانی و ئازایەتیی ژنی كورد بووە، ئایا ئەم ئایدیۆلۆژییە هاوردەكراوانە تاچەند سیما و ڕوخسار و جوانی و ئازایەتیی ژنی كوردیان شێواندووە؟ تا چەند ئەم شێواندنە كاریگەری نەرێنی لەسەر بیری نەتەوەییمان دەبێت؟
- زۆر بەداخەوە ئەو هزر و ئایدیۆلۆژیا هاوردانە كاریگەرییەكی زۆر نێگەتیڤیان كردووەتە سەر كۆمەڵگەی كوردستان و گەورەترین قوربانییش ئافرەتی كورد بووە، ئەو هزر و ئایدیۆلۆژیا هاوردانە زۆرترین كاریگەرییان بۆ سەر ئافرەتان هەبووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زۆر جار شیرازەی خێزانیشیان تێكداوە، كۆمەڵگەی كوردستان لە ڕووی ئایینییەوە زۆربەی زۆری موسڵمانن، لە ڕابردوودا كورد بە ستایلی كوردانە موسڵمان بووە، بەڵام ئێستا هەوڵدەدرێت كورد بە ستایلی توركی و سعودی و ئێرانی موسلمان بێت و تایبەتمەندییە نەتەوەییەكانی بسڕێتەوە، ئەو جلوبەرگ و لەچكەی كەوا ئێستا لەلایەن هەندێ لایەنی ئیسلامی سیاسی كراوەتە مۆدێل بۆ ئافرەتی كورد، زۆر دوورە لە تایبەتمەندی كوردانە و شێواندنی دەستووری جلوبەرگی كوردییە، ئەم جۆرە ستایلە هاوردانە هەموو جوانییەكی ئافرەتی كوردیان شێواندووە، ئەمە لە ڕووی دەرەوە، لە ڕووی ناوەوەش هەوڵدراوە كەوا لە جێی هزری نەتەوەیی و نیشتمانی هزری ئایینی بخرێتە مێشكی تاكەكانی كوردستان، وەك ئەوەی كێشەی ئێمە نەتەوەیی و نیشتمانی نەبێت و كێشەیەكی ئایینی بێت، ئەمەش زۆرترین كاریگەری بۆ سەر ئافرەتان هەبووە و وایكردووە تاكی كوردی شێواندووە و بە مێژووی خۆی نامۆی كردووە، بۆیە پێویستە سنوورێك بۆ ئەو شێواندن و سڕینەوەی مێژوو و تایبەتمەندییە نەتەوەییەكانمان دابنرێت، ئەمەش لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و بەرنامەیەكی نیشتمانی دەكرێت.
*سیاسەتمەدارانی كوردستان شانازی بەوە دەكەن، دەستی دایكە شەهیدێك ماچ بكەن بۆ ئەوەی پیشانی بدەن كە ژنێكی قارەمان پیشمەرگەیەكی قارەمانی پەروەردە كردووە، لێرەدا پێویستە بپرسین: چۆن وەبەرهێنان لە كچانی ئێستا بكەین، بۆ ئەوەی ئەو ژنە قارەمانەی لێ بەرهەم بێت؟
- گرنگ ئەوە نییە دەستی دایكە شەهیدێك ماچ بكەیت، گرنگ ئەوەیە دەتوانرێ چی بۆ ئەو دایكە شەهیدە بكرێت كە ئازیزترین كەسی خۆی بەخشیوەتە نیشتمان، گرنگ ئەوەیە ژنە شەهیدێك بە چاوی ڕێزەوە سەیر بكرێت و منداڵەكانی بێناز نەبن، ئێمەی كەی توانیمان ژن و دایك و خوشكی شەهیدان ئاسوودە بكەین و بە چاوێكی یەكسان سەیریان بكەین، ئەو كات دەتوانین وەبەرهێنان لە كچانی ئێستا بكەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا كەسانی قارەمانیان لێ بەرهەم بێت، ئێمە پێویستیمان بەوە هەیە كەوا عەدالەتی كۆمەڵاتی فەراهەم بكەین، بێگومان كۆڵەگەی هەر دەسەڵاتێكیش عەدالەت و یەكسانییە، ئەگەر ئافرەتی كورد هەستی كرد لە كۆمەڵگەدا عەدالەت هەیە و ڕێزی لێ دەگیرێت و بە چاوی یەكسان سەیر دەكرێت، ئەوا هەمیشە خۆی بە سەربەرزو دایكی قارەمانان دەبینێت.
میدیا - هەولێر :
ئێوارەى ڕۆژى هەینى، رێکەوتى 1 / 4 / 2022 ، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، پیرۆزبایى لە بەڕێز د. كاوە مەحموود سکرتێرى حزبى شیوعى کوردستان کرد، بەبۆنەى 88 هەشتاو هەشتەمین ساڵیادى دامەزراندنى حزبى شیوعى کوردستان و حزبى شیوعى عێراق و، هیواى پێشڤەچوون و سەرکەوتنى بۆ خواستن.
سكرتێری گشتیی YNDK لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا، بەبۆنەى بەبۆنەى 88 هەشتاو هەشتەمین ساڵیادى دامەزراندنى حزبى شیوعى کوردستان و حزبى شیوعى عێراق، پیرۆزبایى خۆى و سەرکردایەتیى YNDKى بە بەڕێزیان و سەرکردایەتیى حزبى شیوعى کوردستان و عێراق راگەیاند و، هیوای پێشڤەچوونى زیاترو سەرکەوتنى بۆ خواستن، سکرتێرى حزبى شیوعى کوردستان لەلایەن خۆیەوە سوپاسى سکرتێرى گشتیى YNDKى کرد بۆ ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەو گەیانى پەیامى پیرۆزبایى YNDK بە حزبى شیوعى کوردستان و عێراق.
هەر لە پەیوەندییەکەدا هەردوو لا جەختیانکردەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.
سەرى ساڵی نوێی بابلی ئاشووری (٦٧٧٢) پیرۆزبێت
بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی بابلی ئاشووری (ئەكیتۆ)، گەرمترین سڵاوو جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوى خوشک و برایانى گەلی (كلدان سریان ئاشووری) لە كوردستان و سەرانسەرى جیهان دەكەین و، هیوادارین ساڵی نوێ ساڵى هێنانى خێرو خۆشی و شادى وچەسپاندنى ئاشتی و برایەتى و یەکسانى بێت لە کوردستان و جیهاندا.
کوردستان بە درێژایى مێژوو لانکى شارستانییەت و مێرگى پێکەوەژیان بووە، گەلی (كلدان سریان ئاشووری) کە بەشێکى سەرەکى پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینییەکانى کوردستان و ناوچەکەن، رۆڵێکى کارایان هەبووە لە بنیاتنانى شارستانییەتى مێزۆپۆتامیا و شان بە شانى کوردو نەتەوەکانى دیکەى ناوچەکە کلتورى پێکەوەژیانیان لە میزۆپۆتامیا پەرە پێداوە، لە ئێستاشدا پێویستە وەک هەمیشە پارێزگارى لەکلتورى پێکەوەژیان و چەسپاندنى پرەنسیپەکانى ئاشتى و برایەتى و تەبایى بکەین و، هزرى خۆشەویستى و رێزگرتن و وەکهەڤى بڵاوبکەینەوەو پێشیبخەین.
جارێکى دیکە سەرى ساڵى نوێى بابلى ئاشوورى پیرۆزبێت و هەموو رۆژێکتان جەژن و شادى بێت.
غەفوور مەخموورى
سكرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
1 / 4 / 2022
میدیا- ههولێر
مهكتهبی سیاسی یهكێتی نهتهوهیی دیموكراتی كوردستانYNDK؛ بهبۆنهی (88)همین ساڵیادی دامهزراندنی حزبی شیوعی كوردستان و حزبی شیوعی عێراق، پهیامێك ئاڕاستهی مەکتەبى سیاسی ههردوو حزب دهكات، تیایدا وێڕاى پیرۆزبایی، هیوای سهركهوتنیان بۆ دهخوازێت، ئەمەش دهقی پهیامی پیرۆزباییهكهیە:
بۆ بەڕێز مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان و عێراق
بابەت / پیرۆزبایی
سڵاوی سەرخۆبوونو ئازادی ...
بەبۆنەی (88)همین ساڵیادی دامهزراندنی حزبی شیوعی كوردستان و حزبی شیوعی عێراق بەناوی خۆمانو تەواوی ئەندامو لایەنگرانی یەكێتیمانYNDK ، جوانترین پیرۆزبایتان ئاڕاستە دەكەینو خوازیارین ساڵیادی دامەزراندنی ئەمساڵتان هاندەر بێت بۆ زیاتر پێشڤەچوونتان .
بەڕێزان: حزبی شیوعی كوردستان و عێراق لە ماوەی تەمەنی دوور و درێژی خەبات و تێكۆشانیان لهسهر ئاستی كوردستان و عێراق، كاریگەر بوونه لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستان و عێراق جێ پەنجەیان لە خەبات و بهرخۆدان دژی داگیركەران و دوژمنان هەبووەو هەموو كات خەباتیان كردووە بۆ بەشمەینەت و مافخوراوان و چینی كرێكاران و هەژاران، ئەوەی لەم قۆناغەی ئەمڕۆشمان گرنگە یەكریزی و تەبایی سەرجەم هێزو لایەنەكانه بۆ بەدیهێنانی تەواوی مافەكانی گەلەكەمان.
لەم بۆنەیەتاندا جارێكی تر جەخت دەكەینەوە سەر زیاتر توندوتۆڵكردنی پەیوەندی برایانەی نێوانمان و سەرجەم هێز و لایەنەكان .
هەر سەركەوتوو بن .... لەگەڵ رێزماندا.
مەكتەبی سیاسی
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
31/3/2022
میدیا- ههولێر:
مهكتهبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بهبۆنهی (27)ەمین ساڵیادى دامەزراندنی یهكێتی نهتهوهیی دیموكراتی كوردستان YNDK، پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى سکرتێرى گشتى و مەکتەبى سیاسى و کۆمیتەى سەرکردایەتیى YNDK دەکات و، پیرۆزبایی له سكرتێرى گشتى و مهكتهبی سیاسی و کۆمیتەى سەرکردایەتى و ئهندامانی YNDK دهكات و هیوای سهركهوتنی زیاتریان بۆ دهخوازێت، ئەمەش دهقی پهیامی پیرۆزباییهكەیە :
پەیامى پیرۆزبایى مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
بۆ (27)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نەتەوەیی دیموکراتی كوردستان YNDK
بەڕێز غەفور مەخموری سكرتێری گشتی یەكێتی نەتەوەیی دیموکراتی كوردستان YNDK
بەڕێزان ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی نەتەوەیی دیموکراتی كوردستان YNDK
بەبۆنەی (27)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبە تێكۆشەرەكەتان پیرۆزباییەكی گەرمی خەبات و كۆڵنەدان لە ئێوەی بەڕێز و كادیر و ئەندامان و لایەنگرانتان دەكەین و، هیوادارین هەر بەردەوام و سەركەوتوو بن لە خەبات و تێكۆشانتان بۆ سەرخستنی دۆزی رەوای گەلەكەمان.
بەخشش و رۆڵی حزبەكەتان لە ماوەی (27) ساڵی رابردوودا دیار و بەرچاو بووە لەپێناو بەدیهێنان و بە دەست خستنی تەواوی مافە رەواكانی گەلی كوردستان، جەختكردنەوە لەسەر بیری ئازادیخوازی نەتەوەیی و بەرجەستەكردنی لە تاك و كۆمەڵگای كوردستاندا، لەم پێناوەدا هەوڵ و خەباتی زۆرتان داوە و هیوادارین سەركەتوو بەردەوام بن.
یادی دامەزراندنی حزبەكەتان كە ھاوكاتە لەگەل جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی کوردیمان، بەم بۆنەیەشەوە پیرۆزبایی گەرمتان ئاراستەدەکەین و، خەبات و هەوڵ و رۆڵی بەرچاوتان بۆ بەدەستهاتنی دەسكەوتەكان و بەدیهێنانی ئامانجەكانمان بەرز دەنرخێنین، هاوكات جەخت دەكەینەوە لەسەر هاوخەباتی و یەكڕیزیی و تەبایی بۆ پاراستنی دەسكەوتەكان و رەوشی ئارام و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان.
هیوادارین بە هەموو لایەك هەوڵ بدەین بناغەی ئەو هەماهەنگییە زیاتر پتەوتر و بەهێزتر بكەین لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی و دابین كردنی ئایندەیەكی رۆشنتر و گەشتر بۆ گەلەكەمان.
جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هەر سەرفرازو سەركەوتوو بن ....
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٢٠ـی ئاداری ٢٠٢٢
میدیا – هەولێر
غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK لە پەیامێکیدا بەبۆنەى جەژنى نەورۆزەوە، وێڕاى پیرۆزبایى لە گەلى کوردستان و ماڵباتى شەهیدان و هێزو لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى کوردستان، جەختدەکاتەوە سەر رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسیى کوردستان و کارکردن بۆ یەکڕێزى و یەکدەنگى و، رایدەگەیەنێت کە تەنها به یەکڕیزى و یەکدەنگى، گەلى کوردستان بە ئازادی و سهربهخۆیی کوردستان دەگات. ئەمەش دەقى پەیامەکەیە :
پەیامى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK بەبۆنەى جەژنى نەورۆزەوە
- جەماوەرى خۆڕاگرو وڵاتپارێزى کوردستان ...
- کەس و کارو بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان ...
- حزب و لایەنە سیاسییە تێکۆشەرەکان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى ...
جەژنی نەورۆزو ساڵی نوێی كوردیتان پیرۆزبێت ...
بەبۆنەی جەژنی نەورۆزو سەری ساڵی كوردییەوە جوانترین پیرۆزبایی لە تەواوی گەلی كوردستان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و كەسوكاری ئەنفالكراوان و هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان و گەریلا و شەڕڤانان و زیندانیانى سیاسى نێو زیندانەکانى داگیرکەرانى کوردستان و ئێوەی خۆشەویست دەكەم و، هیڤیدارم ئەم نەورۆزە ببێتە نەورۆزی سەرخۆبوون و ئازادی كوردستان و رزگاربوونی نەتەوەكەمان لەژێردەستی داگیركەران.
بێگومان نەورۆز سیمبوڵی نوێبوونەوەو دەستپێكردنی ژیانێكی نوێیە، ئومێد دەكەين ئێمەی كوردیش وەكو نەورۆز دەست بە ژیانێكی نوێتر بكەین و کارنامەو بەرنامەیەكی نوێ بۆ داهاتوومان دابڕێژین و بەرەو ئایندەیەكی گەش هەنگاو بنێین، ئەمەیش بە رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان و یەکڕیزى و یەکدەنگى گەلى کوردستان و لایەنە سیاسییەکان دێتەدى، بۆئەمەش پێویستە بە زووترین کات (ئەنجوومەنى سیاسیى کوردستان) بە بەشدارى تەواوى هێزو لایەنەساسییەکانى کوردستان پێکبهێنرێت، بێگومان ئەمەیان بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى باشوورى کوردستان دەبێتە فاکتەرێکى بەهێز، لەهەمان کاتدا لەسەر ئاستى نەتەوەیى پێویستە هەموو لایەکمان کار بۆ یەکبوونى کوردان و بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی بکەین کە تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى كوردستانی مەزن بگرێتەخۆ، ئەمەش ئەڕکێکى بەپەلەى نەتەوەیى و نیشتمانى ئەم قۆناخەى خەباتى گەلى کوردستانە، لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە کار بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى بكەین، لەبەرئەوەى تەنها به یەکڕیزى و یەکدەنگى دەگەین بە ئازادی و سهربهخۆیی کوردستان.
- جەماوەرى تێکۆشەرو خۆڕاگرى کوردستان ...
نەورۆزى ئەمساڵمان لەگەڵ نەورۆزى ساڵانى رابردوو جیاوازە، لە لایەک رژێمى عێراق کە لە ١٦ ى ئۆکتۆبەرى ٢٠١٧ ەوە کەرکوک و مەخموور و شنگاڵ و زوممار و توزخورماتووى داگیرکردۆتەوە لەو کاتەوە تا ئێستا رەوشى ئەو ناوچانەى داگیرى کردوونەتەوە ئاسایى نەکراونەتەوە، هەروەها دەسەڵاتدارانى عێراق بەردەوامن لە جێبەجێکردنى سیاسەتى پەراوێزخستن و بەرسیکردنى گەلى کوردستان، لەلایەکى دیکەوە رژێمى داگیرکەرى تورکیا سەرەڕاى دژایەتى و پێشێلکارییەکانى بەرامبەر نەتەوەکەمان لە باکوورى کوردستان، بەردەوام شەڕ بە باشوورو رۆژئاواى کوردستانیش دەفرۆشێت، ئەوەبوو لە ساڵى ٢٠١٨ تورکیاى فاشى هێرشى کردە سەر رۆژئاواى کوردستان و، دواى بەرخودانێکى بێوێنەى شەڕڤانان و گەلەکەمان لە هەمبەر هێرشى رژێمى تورکیا و چەتەکانى بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان، رژێمى تورکیاى فاشى و خوێنڕێژ لە ١٨ / ٣ / ٢٠١٨ ەوە عفرینى قەڵاى بەرخودانى داگیرکردووەو لەو کاتەوە تا ئێستا دەستى بە وێرانکردنى شارەکە و ئاوارەکردن و جینۆسایدکردنى خەڵکەکەى کردووە و لەهەمان کاتدا رژێمى تورکیا بەردەوامە لە هەوڵەکانى بۆ گۆڕینى دیموگرافیاى رۆژئاواى کوردستان، هەروەها رژێمى ئێران لە رۆژهەڵاتى کوردستان بەردەوامە لەسەر گرتن و لە سێدارەدانى چالاکوانان و گەنجانى نەتەوەکەمان، بێگومان تێکڕاى ئەم تاوانانەش بە بەرچاوى هەموو دونیاوە ئەنجامدەدرێن و، وڵاتانى زلهێزى ویژدان مردوو بێدەنگن و ئارەقەى شەرمەزاریان لێدەتکێت، لێرەوە جارێکى دیکە زۆر بەتوندى داگیرکردنى کەرکوک و عفرین و گرتن و لە سێدارەنى لاوانى رۆژهەڵاتى کوردستان و تەواوى سیاسەتى داگیرکەرانى کوردستان دژ بە گەلى کوردستان ئیدانەو مەحکووم دەکەین و، لەهەمان کاتدا سڵاوو رێزو خۆشەویستیمان بۆ خەڵکى خۆڕاگرى گەلەکەمان لە کەرکوک و عفرین و مەخموور و شنگاڵ و زوممار و توزخورماتوو هەیە و، پێیاندەڵێین کەوا ئەو داگیرکارییە تا سەر نابێت و، پێشهاتەکان پێماندەڵێن داگیرکەران باجى قورسى ئەو سەرەڕۆییانەى خۆیان دەدەن و دەچنە زبڵدانى مێژووەوە.
لەگەڵ رێزو خۆشەویستی و پیرۆزبایی دووبارەمان بۆ هەموو لایەك.
هەر بژین و سەركەوتووبن و سەربەخۆیی كوردستان ببینن.
غەفوور مەخمووری
سكرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
ئێوارەى 20 / 3 / 2022