لە رۆژى زمانى دایکدا: با بایەخ بە زمانى کوردى بدەین ........ نووسینى : زیلان سارمەمى

تموز/يوليو 29, 2019

سەرەتاى وتارەکەم دەمەوێ‌ بە وتەی هەندێك لە رەخنەگرانی جیهان دەستپێبكەم كە دەڵێن "زمان كەسایەتییە و كەسایەتیش زمانە".


بە درێژایی مێژوو نەتەوەی کورد چەوساوەی ژێردەستی داگیرکەران بووە، کە هەمیشە هەوڵی لەناوبردنی دووان لە خەسڵەتە هەرە گرنگەکانیان داوە، کە ئەوانیش بریتین لە زمان و کولتوور، سەپاندنی زمانێکی جیاواز لە ناو وڵاتێکدا زۆر لە جینۆساید دەچێت، لە ئێستادا بەبێئەوەی بەخۆمان بزانین جینۆسایدی زمانی خۆمان دەکەین بەهۆی بایەخ پێدان و پێشخستنى پەروەردە و خوێندن بە زمانى ئینگلیزی بەسەر پەروەردە و خوێندن بە زمانى کوردیدا.
وەک لە دەستپێکدا ئاماژەم پێدا؛ هەندێ لە رەخنەگران دەڵێن زمان ناسنامەیە و ناسنامەش زمانە، وەکو بەڵگە؛ ئەو کەسانەی کە پەروەردەیەکی ئینگلیزییان هەبووە کاتێ لەگەڵ هاوڕێکانیان بە ئینگلیزی قسە دەکەن زیاتر هەست بە ئاسوودەیی دەکەن، ئەگەر ئێمە رێگە بەمە بدەین لە داهاتوودا زمانمان دەبێتە بەشێکی ونبوو لە مێژووی کورددا، با وێنای بکەین کە نەوەی نوێ کاتێ بە ئینگلیزی دەپەیڤن و بیردەکەنەوە ئەوسا ناسنامەی کوردی لە پەنجا ساڵی داهاتوو، یاخوود بۆ چەند نەوەی داهاتوو، چی بەسەر دێت؟! دەمەوی بۆ ساتێک بیر لەوە بکەنەوە!
هەروەها زۆرکەس کە پەروردەی ئینگلیزییان هەیە، شەرم لە جۆری ئینگلیزییەکەی دایك و بابیان دەکەن، ئەگەر ئاشناییت بە چیرۆکی (the paper menagerie) هەبێت کە لە لایەن کێن لی یوو نووسراوە، باشتر لەم پرسە تێدەگەیت، ئەم چیرۆکە لە بارەی هەرزەکارێکی چینییە کە بەهۆی کاریگەری نەژادپەرستی شەرم لە کولتووری خۆی دەکات، بە کورتی چیرۆکەکە باس لە مێردمناڵێک دەکات کە لە لایەن چەند کەسێکی هاوتەمەنی خۆیەوە بەهۆی کولتوورەکەیەوە گاڵتەى پێدەکرێت، بۆیە داوا لە دایکی دەکات واز لە زمانی چینی بهێنێت، بەڵام کاتێ دایکی ئینگلیزی بەکار دەهێنێ، شەرم لە ئینگلیزییەکەی دەکات، بۆیە واز لە قسەکردن لەگەڵ دایکی دەهێنێ، ئەگەر ئێمە ئاگادار نەبین ئەوە ئەو کوردانەی کە پەروەردەی ئینگلیزییان هەیە، وەک بەسەرهاتی ناو چیرۆکەکە شەرم لە کولتووری خۆیان دەکەن، بەداخەوە ئەمە دۆخی ئاسایی منداڵانی پەنابەرانە لە وڵاتە جیاوازەکاندا.
مەخابن بەهۆی چەندین جینۆسایدی جیاواز بە درێژایی مێژووی کورد، نەتەوەی کورد وردە وردە توانای بەکارهێنانی زمانی نەتەوەیی خۆی لەدەستدەدا و لەگەڵ پرۆسەی هۆشمەندی لەگەڵ زمانی بەسەردا سەپێنراو ڕادێت، بۆیە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ بایەخدان بە زمانى دایک زمانى کوردى، لێرەدا بە پێویستى دەزانم کەوا ئاماژە بە وتەیەکى پاوڵ ماشاتایڵ وەزیری پێشووی هونەر و کولتووری باشووری ئەفریقیا بکەم کە دەڵێت: (با ئێمە منداڵەکانمان فێر بکەین خۆیان و میراتی نەتەوایەتییان خۆشبوێت، پێش ئەوەی زمان و کولتووری خەڵکی تریان پێبناسێنین)، هەروەها دەستەواژەیەکی عەرەبی هەیە کە (التقزم الثقافي) کە مانای ئەوەیە بەهۆی کولتوور و پەروەردەتەوە خۆت لە خەڵکى دیکە بە بچوکتر بزانیت، کە ئەمەش دەتوانرێ بە گرێی خۆبەکەمزانینی کولتووری لێکبدرێتەوە.
ئێمە وەکو کورد لەدایک بووین و دەبێ شانازی بە کوردبوونی خۆمانەوە بکەین، پێویست بەوە ناکات لەبەرامبەر نەتەوەی تردا خۆمان بە بچووک بزانین، هەندێ کەس دەلێن ئەگەر پەروەردەیەکی ئینگلیزیمان هەبێت ئەوە داهاتووەکی گەشترمان دەبێت و زیاتر پێشدەکەوین، بەڵام من پرسیارتان لێدەکەم کە وڵاتانی دیکەی وەکو فەرەنسا و ئەڵمانیا کە پەروەردەیان ئینگلیزی نییە ... کەچى هێشتا لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانی دنیان؟ زانست پشتبەستوو نییە بە زمان، چونکە لە ئاستی گەردوونیدا دەتوانین پەیوەندی بکەین لە رێگەی زانیاری و زانین و پشکنینەوە، زمان دەتوانێ سوودبەخش بێت بەڵام نابێت بهێڵین دەسەڵاتی بێگانە زاڵ بێت بەسەر بیرکردنەوەماندا، وشەی بەنرخی وەکو (کەستەک، خڕکە، داسولکە، قەیناغ، شەغرە و ...) و چەندین وشەی تریش لەناو زمانی کوردی ون بوونە، ئەمەش بەهۆی هەڕەشەی داگیرکاری پەروەردەیی یان ئیمپرالیزمی زمانەوانییەوە، یا بە رێگەپێدانی تێکەڵبوونی کولتووری خۆماڵی لەگەڵ دنیای ئینگلیزی، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی قڕکردنی کولتووری خۆمان، (نالی) کە باوکی ئەدەبی کوردییەوە زۆر باش لە گرنگیدان بە زمانى کوردى گەیشتووە، هەر بۆیە دەڵێت:
(کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆکردییە، خۆکوردییە
هەرکەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکا).
کە مانای ئەوەیە کەس بە زمانی کوردی نەڵێت زمانی دەستکرد، بەڵکو ئەوەی دانا بێت خۆی لە ماناکانی تێدەگات.
ئامانج لەم دێڕەدا ئەوە بووە کە بەرگری لە زمانی کوردی بکات، کە ئەم بەرگرییە بۆ کورد هەمیشە وەک جەنگێکی بەردەوام بووە، هەروەها بە جیهانى ڕابگەیەنێت کە کوردی دەتوانێت زمانی هونەر و ئەدەب بێت، ئێمە سروشتی مرۆڤانەی خۆمان لە دەستدەدەین ئەگەر ئەم پێوەرانە فەرامۆش بکەین کە رۆژێ لە رۆژی پێیان ژیاوین، بە ڕامان لەم بابەتانەی کە باسمان کردن، باوەڕت وایە چیمان لە دەستداوە لەم ژیانە نوێیەی کە هەڵمانبژاردووە؟ لە بەرامبەر ئەو ژیانە دێرینەی کە هەمان بوو، ئێمە ئێستا لە پرۆسەی لەدەستدانی ڕابردوومانین، ئەگەر ئەم پرۆسەیە بەردەوام بێت تەنانەت داهاتووش لەدەستدەدەین، بیربکەنەوە ئەگەر پەرە بە زمانمان نەدەین و لە ناوی ببەین، لە داهاتوودا چ شتێک پێناسەی ئێمە دەکات وەکو کورد.

تێبینی: ئه‌م وتاره ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێکەوتى ٢١ / ٢ / ٢٠١٩‌ ، له‌ ژماره‌ (٥٦٩٩)ی ڕۆژنامەى (خەبات) و ژمارە (٣٠٣٢)ی رۆژنامه‌ی (هەولێر)دا بڵاوبۆته‌وه‌.