Print this page

کورد و کوردتر....نووسینى : زیلان سارمەمى

كانون1/ديسمبر 25, 2019
ئاڵای کوردستان؛ ئاڵاو بە خوێنی ئازادیخوازان بیانوویەک نییە بۆ چەوساندنەوەی ڕۆڵەکانیان ! و، تەنها پارچە پەڕۆیەک نییە, شەکاوە بە دەم شنەبای بێئومێدی لە یەکڕیزبوون، زۆرتر بەسەرهاتی پەنگ خواردووی ناو فرمێسکی ئاوارەی چاوی چاوەڕێی دایکێکە کە ڕۆڵەکەی فێرنەبووە و نابێ چەکی مەردایەتی دانێ و بستێ خاکی ئەم کوردستانە بدات بە نەیارانی ، زۆرتر ئامانجی یەکڕیزبوونە , مەبەست ئەمەیە کە گەورە و بچووکی ژێر ئەم ئاڵایە تەنها ئەم ئاڵایە بناسن، بەڵام ئێستا ئیتر ئەم ئاڵایە پردی گەیاندنی کۆمەڵێک بەرژەوەندی خوازە کە وایانکرد ئەم وڵاتە لە ناوەڕۆکدا چیتر بە تەنیا هەڵگری ئەم ئاڵایە نەبێت.
ئێمە ئیتر گیانێکی فرە ئاڵاین و ئاڵای زۆرمان هەیە، تەنانەت دوژمنەکانیشمان ئاڵایان هەڵکراوە و پارەی گیرفانی خاک فرۆشان بەسەرمانەوە ئەیشەکێنێتەوە، بەداخەوە ڕواڵەت بینین و خافڵاوین بە دروشمەکانیان و لە خەیاڵێکی خاو ئەژین.
بۆ پرسیار نەکەین چەند سەدەی تر ئەبێ نێوماڵمان تەبا و یەکڕیز نەبێ ؟ بۆهێشتا شارچیەتی ئەکەین وهێشتا ڕێگە ئەدەین کارێزمای مێژوومان لەکەدار ببێت؟! هێشتا تەنانەت شێوەزارەکانمان بوون بە جێگای گاڵتە و گەپ، هێشتا کورد و کوردتر هەیە!
پێشه‌وا قازی موحەممەد ئەم ئاڵایەی بەئاڵای هەموو کوردانی دونیا ناساند، بەڵام ئێستا خۆمان ناهێڵێن وابێت خەڵکی فڵان شار خۆێ لە شارێکی تر پێ کوردترە، خەڵکی لادێی فڵان لە لادێیەکی تر خۆی پێ کوردترە، شێوەزاری فڵانی لە شێوەزاری فڵانێکی ترمان پێ کوردیترە، وامان لێهاتووە خەڵکی هەندێک شارمان هەر پێ کورد نین! کوا نەتەوە پێناسەی وایە؟ ئەمە پیلانی ئەو کوردانەیە نانیان بە دروستکردنی جیاوازی و ناکۆکی لەنێوماڵی کورد بەستراوە، بەسە با چیتر کورد و کوردتر بوونی نەبێ و هەموومان کورد بین نەک شتى دیکە.
لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک و قامیشلۆ و عەفرین و سنە و مەریوان و دیاربەکر و دێرسم و کفرى و کەلار و چەمچەماڵ و هەورامان و بادینان و بارزان و هەڵەبجە و مەهاباد و هتد ... کام شارە هەیە خوێنی بۆ ئەم ئاڵایە نەدابێت ؟ کام شار بۆ کوردبوون شەڕی نەکردووە ؟
هەرچەند مەبەستم لەو شەڕانە نییە کە جاشەکانی بەناو کورد بەبیانووی جیاوازی حزبی دروستیان کردووە تاکوو کورد بە خوێنی کورد تینوو بێت ، گەر سەرنجی مێژوو بدەین دەوڵەتی بەریتانیا لە هەر وڵاتێک بووبێت دوای بەجێهێشتنی لە ڕێگەی دروستکردنی بەرژەوەندی خوازی هەوڵیداوە لەو وڵاتە لەکومەڵگا جیاوازی بیروڕا دروست بکات و ئامانجە سەرەکییەکە لە بیر بباتەوە کە ناوەڕۆکی چەمکی یەکڕیز بوونە و بۆ ئێمە کورد بوونە .
کەس لە کەس کوردتر نییە، با هەموومان کورد بین و ئەوە بزانین کە تاکە شتێک دەتوانێت بمانگەیەنێتە ئامانجە نەتەوەیەکانمان ناسینی ئەو کەس و لایەنانەن کە لە نێوانمان جیاوازی دروست ئەکەن، باچیتر دوایان نەکەوین و ئەوە باوەڕمان بێت کە ئەم ئاڵایە بۆ هەموومانە و بەیەکبوونمان زۆر جوان ئەشەکێتەوە، ئەو خۆرەی ناوەڕاستی با ڕق و کینەکانمان بەرامبەر یەک بسووتێنێت و ڕەنگە سپیەکەی ئاشتی بخاتە نێوانمان و سووری خوێنی شەهيدان بیرمان بێنێتەوە بۆ پاراستنی سەوزایى و سروشتى جوان و ئاوەدانی کوردستان، با هەموومان وابیربکەینەوە کە کوردین و کورد هەیە بەڵام کوردتر نەخێر!

تێبینى : ئەم وتارە ئەمڕۆ سێشەممە، رێکەوتى ٢٤ ى ١٢ ى ٢٠١٩ لە:
1- ژمارە (٥٨٩٩)ى رۆژنامەى (خەبات)
2- ژمارە (١٢٤٨)ى گۆڤارى (گوڵان)دا بڵاوبۆتەوە