عێراق لەژێر هەڕەشەی لەدەستدانی 6.5 ملیار دۆلاردایە

تموز/يوليو 28, 2019

ئاژانسێكی ئەمریكی رایگەیاند، بەهۆی بەرزبونەوەی گرژی و ئاڵۆزیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێبشبینی دەكرێت لەماوەی یەك مانگدا عێراق بڕی 6.5 ملیار دۆلار لەدەستبدات.

ئاڵۆزیەكان لە گەروی هورمز زیانێكی ماددی زۆر دەگەیەنێت بە عێراق

ئاژانسی فیتچ-ی سەر بە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە راپۆرتێكیدا رایگەیاند "گرژی و ئاڵۆزیەكانی رۆهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لە گەروی هورمز، كاریگەریەكی بەرچاوی هەیە لەسەر كاری بازرگانی و فرۆشتنی نەوتی عێراق و داخستنی ئەو ناوچەیەش زیانێكی زۆری ماددی دەگەیەنێت بەو وڵاتە".

لە ماوەی یەك مانگدا 6.5 ملیار دۆلار لەدەستدەدات

بەپێی زانیاریەكانی ئەو ئاژانسە، لە ئەگەری داخستنی گەروی هورمز تەنها بۆ ماوەی یەك مانگ، عێراق لە داهاتی فرۆشتنی نەوتی وڵاتەكەیدا بڕی 6.5 ملیار دۆلار زەرەرمەنددەبێت، ئەو رێژەیەش دەكاتە لەسەدا سێ ی كۆی گشتی داهاتی ناوخۆیی".

لە رێكەوتی 19ی ئەم مانگەوە، پاش ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران دەستیگرت بەسەر كەشتیەكی نەوتهەڵگری بریتانیدا، گرژی و ئاڵۆزیەكان لە ئاوەكانی كەنداو زیادی كرد.

ئەو كەشتیەی بریتانیا بە تۆمەتی پێشێلكردنی هاتوچۆی دەریایی لەلایەن ئێرانەوە دەستیبەسەرداگیراوە و تا ئێستاش ئەو وڵاتە ئامادە نیە كەشتیەكە و كارمەندەكانی رادەستی لەندەن بكاتەوە، هاوكات دو هەفتە پێش ئەو روداوە، كەشتیەكی نەوتهڵگری ئێران بە تۆمەتی گواستنەوەی نەوت بۆ سوریا لە لایەن هێزە دەریاییەكانی بریتانیاوە لە ناوچەی جەبەلتاریق دەستی بەسەرداگیرا.

لەسەدا 21ی بەرهەمە خاوەكانی جیهان رۆژانە لە گەروی هورمزەوە دەگوازرێنەوە


بەپێی زانیاریەكانی ئیدارەی وزە لە ویلایەتە یەكگرتوەكان و ئیدارەی وزەی نێودەوڵەتی، لەسەدا 21ی بەرهەمە خاوە جیهانیەكان (21 بەرمیل نەوت رۆژانە) لە رێگەی گەروی هورمزەوە تێپەڕدەبێت و بازرگانی پێوەدەكرێت.

هەر بەپێی ناوەرۆكی ئەو راپۆرتە، چڕكردنەوەی سزاكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان بۆ سەر ئێران، كارەكانی عێراق سەختتردەكات، چونكە تاران سەرچاوەی وزەی كارەبا و گازی سروشتیە بۆ ئەو وڵاتە".