Print this page

غه‌فوور مه‌خمووری: ساڵیادى ئەنفال یەکڕیزى و یەکدەنگیمان لێدەخوازێت

نيسان/أبريل 14, 2021
ئەنفال قێزەونترین تاوانى سەردەم بوو ؛ کە رژێمى فاشى بەعس دژى نەتەوەى کورد و گەلى کوردستان ئەنجامیدا، ئامانجی رژێمی فاشی به‌عس له‌ ئه‌نفالكردنی كوردستان، له‌ناوبردنی نه‌ته‌وه‌ی كورد بوو به‌ خاك و خه‌ڵكه‌وە، تاوانێک بوو دژ بە تەواوى مرۆڤایەتى، پێویستە گەلى کوردستان ئەم تاوانە هۆڤانەیەى بەعس لەبیر نەکات و، لەهەمان کاتدا پێویستە سەرکردایەتى سیاسى کوردستان لە ساڵیادى ئەنفالدا ناوماڵى کوردستان رێک و یەکبخاتەوەو بە یەکدەنگى و یەکڕیزى کار بۆ وەدەستهێنانى مافە رەواکانى گەلى کوردستان بکات، مافى رەواى گەلى کوردستانیش سەرخۆبوون و ئازادى کوردستانە، بێگومان تەنها سەربەخۆیى کوردستان و دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستان زامنە بۆ دووبارەنەبوونەوەى ئەنفالێکى دیکە.
هەر لەم یادەدا ؛ پێویستە پەرلەمان و حکومەتى کوردستان وەک وەفادارییەک بۆ خوێنى شەهیدانى ئەنفال و شەهیدانى کوردستان ئاوڕى زیاتر لە کەس و کارى ئەنفالکراوان و بنەماڵەى شەهیدان بدەنەوەو بایەخى تەواویان پێبدەن و ژیان و گوزەرانێکى شایستەیان بۆ دابین بکەن.
- سڵاوو درود بۆ رۆحی پاكی ئه‌نفالكراوان و تەواوى شەهیدانى كوردستان.
- سه‌ربه‌رزی بۆ بنه‌ماڵه‌و كه‌س وكاری ئه‌نفالكراوان و تەواوى شەهیدانى رێى سەرخۆبوون و ئازادى کوردستان.
- مردن و رووڕه‌شی بۆ دوژمن و داگیركه‌رانی كوردستان.
غه‌فوور مه‌خمووری
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
14 / 4 / 2021