باڵیۆزی پاکستان لەعێراق نامەیەکی سەرۆکی وڵاتەکەی گەیاندە سەرۆک بەرهەم

تموز/يوليو 28, 2019

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە ساجد بلال، باڵیۆزی پاکستان لە عێراق.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، سەرۆک بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە ساجد بلال، باڵیۆزی پاکستان لە عێراق و لە دیدارەکەدا باڵیۆزی پاکستان بانگھێشتنامەیەکی دەستنوسی عارف عەلەوی، سەرۆکی پاکستان گەیاندە سەرۆک بەرھەم بۆ سەردانکردنی پاکستان.

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆک کۆمار، لە ڕێگای باڵیۆزی پاکستانەوە ڕێز و سڵاوی گەیاندە سەرۆکی پاکستان و بەڵێنی دا لەکاتێکی گونجاودا بانگھێشتنامەکەی سەرۆکی پاکستان بۆ سەردانی ئەو وڵاتە بھێنێتە دی.

سەرۆک بەرهەم ھاوکات دوپاتی لەوەکردەوە، پاکستان دەوڵەتێکی گرنگ و دۆستە و ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت لە پرسە ھەنوکەییەکانی ناوچەکەدا.