٨ی مارس ڕۆژی خه‌بات و قوربانیدانی ئافره‌تانه بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانیان له جیهان، له‌م رۆژه‌دا ئافره‌تان هه‌ستانه سه‌رپێ دژی چه‌وساندنه‌وه و زه‌وتكردنی مافه‌كانیان ده‌نگیان هه‌ڵبڕی بۆ یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری له‌پێناو ژیانێكی یه‌كسان. به‌گشتی ئه‌م ڕۆژه بۆ ئافره‌تان ڕۆژی یه‌كده‌نگی و هاوبه‌شی جیهانییه بۆ زیاتر به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان و هێنانه‌كایه‌ی یه‌كسانی هه‌لومه‌رجی باشتره بۆ به‌ره‌و پێشبردنی ره‌وشی ئافره‌تان به‌تایبه‌ت له‌و وڵاتانه‌ی تا ئیستاش ئافره‌تان به‌جۆره‌ها شێواز دووچاری چه‌وساندنه‌وه و توندوتیژی ده‌بنه‌وه، له‌م ڕۆژه‌دا ژنانی جیهان به شێوازی جیاواز داواكاری و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ڕوو، جه‌خت له به‌رده‌وامیی خه‌بات و تێكۆشانیان ده‌كه‌نه‌وه له پێناو به‌دیهێنانی جیهانێكی ئارام بۆ خۆیان كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی تێیدا ده‌ژین كه دوور بێ له هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی توندوتیژی له‌سه‌ریان. كێشه‌ی ئافره‌تان له‌جیهان تا ئێستا جێگه‌ی دڵخۆشی نیه چونكه تا ئێستاش ئافره‌تان به ته‌واوی به‌مافه‌كانیان نه‌گه‌یشتوون .
جێگه‌ی باس و ئاماژه‌پێكردنه ئه‌و یاسا و بڕیارانه‌ی له ساڵانی رابردوو له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچوونه یان هه‌مواركراون و كابینه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش جێبه‌جێیان كردووه، هه‌مووی له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی ئافره‌تاندا بووه، به‌هۆیانه‌وه پرسی ئافره‌ت پێشكه‌وتنی باش و به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه دیوه‌و وایكردووه كه ئافره‌ت له كوردستان ڕۆڵی باش و به‌رچاویان هه‌بێ له ده‌زگاكانی حكومه‌ت و كاری رێكخراوه‌یی و حزبی، به‌ڵام جێگه‌ی داخه تا ئێستاش توند‌و تیژی دژ به‌ئافره‌تان هه‌ر ماوه، بۆیه ئامانجی ئێمه كاركردنی به‌رده‌وامه بۆ پێشكه‌وتنی زیاتر له‌پێناو به‌دیهێنانی یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری له به‌شداریكردنمان له‌ماف و ئه‌ركه‌كان، به‌پشت به‌ستن و په‌یڕه‌وكردنی پره‌نسیپه‌كانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی وه‌ك چۆن له په‌یماننامه و رێككه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا هاتووه.
بۆیه ئێمه له‌بزووتنه‌وه‌ی ئافره‌تانی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان BANK ئه‌م رۆژه له‌خۆمان و ئافره‌تانی كوردستان و جیهان پیرۆز ده‌كه‌ین، وه‌كو پێشتر به‌رده‌وام ده‌بین له‌كاری رێكخراوه‌یی خۆمان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م رێكخراوه‌كانی ئافره‌تان له‌هه‌رێمی كوردستان بۆ باشتركردنی ره‌وشی ئافره‌تان و نه‌هێشتنی توندی تیژی له‌دژیان و كار ده‌كه‌ین بۆ گۆڕین و هه‌مواركردنی هه‌موو ئه‌و یاساییانه‌ی دژی ئافره‌تانن و هه‌وڵده‌ده‌ین نه‌ك ئه‌و رۆژه ته‌نیا له هه‌شتی مارس گرنگی به چاككردنی ره‌وشی ئافره‌تان بدرێت، به‌ڵكو هه‌موو رۆژه‌كان كار بۆ به‌دیهێنانی ته‌واوی مافه‌كانی ئافره‌تان بكه‌ین و له‌م قۆناغه‌ی ئیستاشماندا كه كوردستان و جیهان پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌هۆی به‌رده‌وامبوونی مه‌ترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌سه‌ر گیانی مرۆڤایه‌تی به‌گشتی، بۆیه پێوسته ده‌ست له‌ناو ده‌ست بین بۆ پاڵپشتی له‌سه‌رخستنی پلان و به‌رنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م ڤایرۆسه له‌پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان.
بزووتنه‌وه‌ی ئافره‌تانی نه‌ته‌وه‌یی كوردستانBANK
8ی مارس 2021ی زایینی