Print this page

بۆ یەکەم جار لە کوردستان زنار سارمەمى تەمەن ١٢دوانزە ساڵ کتێبى "جیهانى ئاژەڵان" دەنووسێت و بڵاودەکاتەوە

كانون2/يناير 21, 2021

زنار سارمەمى : لە زەمانى کۆنەوە تا ئێستا ئاژەڵ و باڵندە سوودیان بۆ مرۆڤ هەبووە و رێنیشاندەر بوونە

   میدیا - هەولێر :
 پاشنیوەڕۆى ڕۆژى ٢١ / ١ / ٢٠٢١ لە شارى هەولێر، نووسەرى تازەپێگەیشتوو (زنار سارمەمى) لەلایەن (کتێبخانەى ئاشتى) میوانداری كرا و, لە رێوڕەسمەکەدا یەکەم کتێبى چاپکراوى خۆى بەناوى (جیهانى ئاژەڵان) ناساندو پێشكەشى ئامادەبووانى كرد.
 پاشنیوەڕۆى ڕۆژى پێنجشەممە لە شارى هەولێر، نووسەرى تازەپێگەیشتوو (زنار سارمەمى) کە تەمەنى ١٢ ساڵە و کتێبێکى نووسیوەو چاپکردووە لەلایەن (کتێبخانەى ئاشتى) میوانداری كراو, بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری نووسەرو رۆشنبیرو رۆژنامەڤان و گەنجان و منداڵان رێوڕەسمێکى بۆ ناساندن و واژۆکردنى کتێبەکەى (جیهانى ئاژەڵان) بۆ رێکخرا, لەسەرەتاى رێورەسمەکەدا شاعیرو نووسەر بەڕێز قەهار شێخانى بەناوى کتێبخانەى ئاشتى بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كردو, باسی لە گرنگی کتێبەکەو  رۆڵى (زنار سارمەمی) لە بوارى نووسین و رۆشنبیرى کوردستان كرد و, وتى : ( کاکە زنار وەک نووسەرێکى تازە پێگەیشتوو نموونەیەکى دەگمەنە لە بوارى نووسین لە کوردستاندا، ئەو تەمەنى دوانزە ساڵە و کتێبى (جیهانى ئاژەڵان)ى نووسیوە، دەتوانین بڵێین ئەم حاڵەتە یەکەم جارە لە کوردستان روودەدات.).
 ئنجا (زنار سارمەمى) وێڕای بەخێرهاتنكردنی میوانان خۆشحاڵی خۆی بۆ ئامادەبوونی میوانان دەربڕی و سوپاسی کتێبخانەى ئاشتى كرد بۆ رێكخستنی ئەو دیدارە لەگەڵ ئامادەبووان, دواتر کورتەیەکى سەبارەت بە ناساندن و ناوەڕۆکى کتێبەکەى پێشکەشکرد و، وتى : (بێگومان جیهانى ئاژەڵان جیهانێکى فراوان و سەیرو سەرنج راکێشە، مرۆڤ پێویستە زانیارى ورد و دروست لەبارەى ئەم جیهانە بزانێت، خۆم زۆر حەز بە دۆستایەتیى ئاژەڵ و باڵندە دەکەم و بە هاوڕێى خۆمیان دەزانم ، هەروەها ئەگەر سەرنج بدەین لە کوردستان زۆر گرینگى بە نووسین سەبارەت بە ئاژەڵ و باڵندە نەدراوە، زۆربەى نووسەرە بەڕێزەکان لەسەر شتی دیکەیان نووسیوە، بۆیە منیش بیرم کردەوە کە کتێبک سەبارەت بە ئاژەڵ و باڵندە بنووسم، بەردەوام هەوڵمداوە کەوا شت لە بارەى ئاژەڵان و باڵندەکان بخوێنمەوەو زانیاری لەسەر چۆنییەتى ژیان و جۆرو رەسەن و تایبەتمەندییەکانیان وەدەست بخەم.)، هەروەها باسى لەوە کرد کەوا کتێبەکەى لە زەمەنى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا نووسیوە و، وتى: (لە بەهارى ساڵى رابردوو ٢٠٢٠ تا ئێستا بەهۆى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا (COVID-19) لە ماڵەوە کەرەنتینەین، کۆرۆنا هەموو ئازادى و جوولەیەکى سەربەستى لێ زەوتکردووین، لەو ماوەیەدا کاتەکانى خۆم بە یاریکردن و خوێندنەوەو وێنەکێشان و بەخێوکردنى هەندێ جۆرە باڵندەو ئاژەڵى ماڵى بەسەربردووە، لە ئەنجامى خوێندنەوەم لەسەر ژیان و تایبەتمەندى بەشێک لە ئاژەڵان و باڵندەکان کۆمەڵێ زانیاریم وەرگرت، زۆربەى زانیارییەکان بە زمانى ئینگلیزى بوون، بە پێویستم زانى زانیارییەکان بە زمانى شیرینى کوردى بۆ خوێنەرو منداڵانى کوردستان بگوازمەوە و، ئەوەى لام کۆبۆتەوە لەم کتێبەدا پێشەکەشى ئێوەى ئازیزى بکەم، کتێبەکەم ناوناوە (جیهانى ئاژەڵان) لەبەرئەوەى بەشى زۆرى باس لە جیهانى ئاژەڵان دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر لەم کتێبەدا باسى باڵندەو خشۆکیشم کردووە.).
 (زنار سارمەمى) هەر سەبارەت بە کتێبەکەى لە درێژەى قسەکانیدا ؛ وتى : (بە باوەڕى من کتێبخانەى کوردى زۆر پێویستى بەم جۆرە زانیارییانەیە سەبارەت بە جیهانى ئاژەڵان، هیوادارم توانیبێتم کارێکى باش ئەنجام بدەم و خزمەتێکى بچوک بکەم، دڵنیام ئەم کارەم بێ کەم و کوڕى نییە، بەڵام بۆ منێکى تەمەن (١٢) دوانزە ساڵان سەرەتایەکى گرنگە بۆ داهاتووى نووسینم، هیوادارم خوێنەرى خۆشەویست هاوکارم بێت بۆ راستکردنەوەى کەم و کوڕییەکان و دەوڵەمەندکردنى زیاترى کێبەکەم.).
 (زنار سارمەمى) لە درێژەى قسەکانیدا باسى لە گرنگى ئاژەڵ و باڵندە لە ژیانى مرۆڤدا کرد و، وتى : (خواى گەورە بۆ ئاژەڵی دروستکردووە ؟ بۆ ئەوەی لەکاتی بێ کەسیدا ئاژەڵ بکەین بە دۆستى خۆمان و سوودیشیان لێ ببینین، هەروەها بۆ ئەوەی زانیاریمان پێبدەن لە زەمانی پێخەمبەر ئادەمەوە -د.خ- ئاژەڵ و باڵندە سوودیان بۆ مرۆڤ هەبووە و رێنیشاندەر بوونە، وەک ئەوەی کاتێ قابیل هابیلی کووشت بینی دوو قەلە رەش بەشەڕدێن یەکێک ئەوى دیکەی کوشت دوایی قەبری بۆ لێدا، قابیلیش سوودی لە قەلە رەشەکە وەر گرت، هەرەها لەزەمانی کۆنەوە مرۆڤ بە ئاژەڵ خۆی پێگەیاندووە و زۆربەی پێخەمبەران -د.خ-یان لێبێت شوان بوونە، نموونەیەکی دیکە پێخەمبەر سولەیمان -د.خ- لێبێت پەپوسلێمانە (هدهد)ی  بۆ دۆزینەوەی ئاو بەکاردەهێنا و بەکاریشی دەهێنا بۆ هەواڵ گەیاندن، هەروەها لەسەردەمی پێخەمبەر سولەیمان تا ماوەیەکی زۆر خەڵک نامەی بە باڵندە رەوان دەکرد و، تا ئێستاش هەندێک ئاژەڵ یارمەتی دەری مرۆڤن وەک سەگ پارێزگاری لە مرۆڤ کردووە و دەکات، تا ئیستاش هەندەک ئاژەڵ و باڵندە دڵخۆشکەری مرۆڤن وەک پشیلەو بەبەغاو سەگ•).
 شایانی باسە دوای تەواوبوونی رێوڕەسمى ناساندنى کتێبەکە, زنار سارمەمى كتێبەكەی پێشكەش بە ئامادەبووان كردو بۆی ئیمزاكردن, ئەمەو كۆڕەكە بووە جێی خۆشحاڵی ئامادەبووان.