Print this page

سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازى لە شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان دەكات

كانون2/يناير 21, 2021
غەفوور مەخموورى : پێکهێنانى ئەنجوومەنێکى سیاسى فاکتەرێکى سەرەکییە بۆ رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى و ناوماڵى کوردستان
میدیا - هەولێر :
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٢١ / ١ / ٢٠٢١، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و یەکڕیزى و یەکدەنگى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان كرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و د. عەبدوڵڵا عەدۆ و قه‌هار تاهير سه‌عيد ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و شاکر هاشم ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و فاخیر نانەکەلى كارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK)، پێشوازیكرد لە شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (زەعیم عەلى ئەندامى مەکتەبى سیاسى و عەلى حوسێن و پشتیوان سادق ئەندامانى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى PDK)، لەدیدارەكەدا باس لە رەوشی سیاسی كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كراو, جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان بە تەواوی هێزو لایەنە سیاسى و پێكهاتەكانییەوە بۆ پێشوازیكردن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنی دەسكەوتەكان و وەدەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرا, هەر لە دیدارەكەدا سكرتێری گشتی YNDK بە شاندى میوانى راگەیاند کەوا ناوەندى سیاسى کوردستان پەرش و بڵاوەو پێویستى بە رێکخستنەوە هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیارى پێکهێنانى ئەنجوومەنێکى سیاسى کرد کەوا تەواوى لایەنە سیاسییەکان بگرێتەخۆ، پێکهێنانى ئەم ئەنجوومەنەشى وەک فاکتەرێکى سەرەکى بۆ رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى و ناوماڵى کوردستان وەسفکرد.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا, جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.