Print this page

روونکردنەوەیەک لە بارەی قەرز و ئیلتیزاماتە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان

أيار 26, 2020

لە چەند مانگی رابردوودا و لە چەندین بۆنەی جیادا بەڕێز سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە بابەتی قەرزەکانی ھەرێم داوە و روونی کردووەتەوە کە بەشێکی زۆری ئەو گوژمەیەی ئاماژەی پێدەکرێت، پاشەکەوتی مووچەیە و دەچێتە خانەی ئیلتیزاماتی دارایی ھەرێم، کە ھۆکارەکەشی نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێم لە بەغداوە بووە. لە راستیشدا ئەو گوژمەیە دەبێتە ئیلتیزامی دارایی بەغداش بەرامبەر بە ھەرێم.

دوای ئەوەی لە دوا وتاری بەڕێزیان دیسان ئاماژە بەو بابەتە درا، ژمارەیەکی زۆر لە کەس و لایەنەکان کە تا ئێستا بێدەنگ بوونە، ھاتنە ئاخاوتن و روونکردنەوەیان داوە کە ئەو قەرزانە بەشێکی زۆری پاشەکەوت و ئیلتیزامی داراییە. سوپاسی ھەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە دواجار دانیان بەو راستیانەدا نا کە دەمێکە باسیان دەکرێت، مەبەستیان لەو نووسین و روونکردنەوانە ھەرچی بێت، سەلمێنەری ئەوە بووە کە ئەو قەرز و ئیلتیزاماتانە ھەن و دەبێت واقعیانە مامەڵەیان لەگەل بکرێت.

وەک جەنابی سەرۆکی حکوومەت بەڵێنی داوە کە لەگەڵ ھاووڵاتیانماندا شەفاف بین، بەڕێزیان (بەرێوەبەرایەتی بەرێوەبردن و ھەماھەنگی قەرزی گشتیی لە ئەنجومەنی وەزیران) راسپاردووە، تاکو لە زووترین کاتدا راپۆرتێکی ورد لەسەر ھەموو قەرز و ئیلتیزاماتی دارایی حکوومەتی ھەرێم ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی ئاراستەی پەرلەمان و رای گشتیی ھەرێمیش بکرێت.

نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
2020/5/26