شاخه‌وان خالید بۆ گوڵان: چاكسازىی راسته‌قینه‌ قۆناغێكی گەشەی حوكمڕانییە، به‌ هۆیه‌وه‌ وڵات له‌گه‌نده‌ڵكاران پاك ده‌بێته‌وه‌

پرسیارێكمان له‌ شاخه‌وان خالید، كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسيی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK كرد، سه‌باره‌ت به‌ گرنگيی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی كوردستان كه‌ رۆژى 22/5/2020 به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی ره‌مه‌زانه‌وه‌ ئاراسته‌ی خه‌ڵكی كوردستانی كرد، به‌مجۆره‌ وه‌ڵامی پرسياره‌كه‌ى گوڵان-ى دایه‌وه‌:

"وتاره‌كه‌ی دوێنێ 22/5/2020 مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی كوردستان، كۆمه‌لێك لایه‌نی گرنكی له‌خۆ گرتووه‌، گرنگترینیان داوای له‌هه‌موو هێزو لایه‌نه‌كانی كوردستان به‌گیانی به‌رپرسیارییه‌تیه‌وه‌ مامه‌له‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ بكه‌ن و ببنه‌ هۆكاری چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، كه‌ئه‌وه‌ش خاڵی هه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌ باشووری كوردستان فره‌ حزب و نه‌ته‌وه‌و ئاییینه‌ هه‌موومان چاره‌نووسمان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراوه‌ ده‌بێ یه‌ك ده‌ست و یه‌ك ده‌نگ هه‌موو تواناكانمان بخه‌ینه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ی باشووری كوردستان ئه‌وه‌ دۆخه‌ی تێی كه‌وتووه‌ تێپه‌رێنی به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی باش هه‌نگاو بنێت، خالێكی دیكه‌ كه‌سه‌رۆكی حكومه‌تی كوردستان تیشكی خسته‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی چاكسازییه‌، راسته‌ هێشتا هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی له‌ئاست خواست و داواكاری خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستاندا نیه‌، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ یاسای چاكسازی له‌م دواییه‌ په‌سند كرا، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌نگاوه‌كان خێراتر و كاریگه‌رتر و سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیانی هاونیشتیمانیان بگرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان هه‌نگاوی باش بنێت و له ‌قه‌یرانه‌كان ده‌ربچێت.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ چاکسازی راستەقینە پێویستە لە گشت بوره‌كاندا بكرێ به‌ تایبەت بوارە گرێنگەکان وەک بواری نەوت و گاز و مووچەخورانی بندیوار وداهاتی گومرک و باج و رسومات و پروژەکانی وەبەرهینان لە گشت بوارەکاندا ، بەمەش پارەیەکی زۆر بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە چونکە مووچەی یەک وەزیری بن دیوار کە شەش ملیۆن دینارە, كه‌ده‌كاته‌ مووچه‌ی سه‌دان خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت كه ‌به‌داخه‌وه‌ پاره‌یه‌كی زۆر كه‌میان به‌ به‌راورد به‌و بندیوارانه‌ پێ ده‌درێت.
لە پرۆسەی چاکسازيی راستەقینەدا لێپێچینه‌وه‌ی جددى لە هەموو کەس دەکرێت و دروشمی ( من این لک هذا ) بە کردار جێبەجێ دەکرێت، لە ئەنجامدا گه‌نده‌ڵكاران به‌دیار ده‌كه‌ون و ئاشكرا ده‌بن و دادگایی دەکرێن و گشت مافە گشتییەکان بۆ حکومەت دەگەرێندرێتەوە، به‌مه‌ش گەندەڵکاران دەبنە دەرس بۆ كەسانی دیكه‌.
هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌زگایانه‌ی چاودێری دارایی و مافی گشتی ده‌كه‌ن، كارا بكرێن له‌دیوانی چاودێری دارایی و داواكاری گشتی و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ بدرێنه‌ دادگا كه‌ سامانی گشتییان خواردووه‌.

چاكسازی راسته‌قینه‌ قۆناغێكی گەشەی حوكمڕانییە، به‌ هۆیه‌وه‌ وڵات له‌گه‌نده‌ڵكاران پاك ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و چاكسازییه‌ نابێ له‌سه‌ر قوتی خه‌ڵك بێت.
خالێكی دیكه‌ی گرنگ سه‌رۆكی حكومه‌ت خۆی له‌به‌ره‌ی هاووڵاتیان و خه‌ڵك هه‌ژمار كردو وتی: من له ‌به‌ره‌ى هاووڵاتییانم... كه ‌ئه‌مه‌ش جێگه‌ی خۆشحاڵییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا هاووڵاتییان له‌هه‌موو كات زیاتر پێویستیان به‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه،‌ به‌ هۆی ئه‌و نه‌هامه‌تییه‌ی به‌سه‌ر باشووری كوردستان هاتووه،‌ به ‌هۆی بڕینی مووچه‌ و چاره‌سه‌رنه‌بوونی كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی كوردستان و عێراق، هه‌روه‌ها په‌تای كۆرۆنا كه ‌كاریگه‌ريی زۆری له‌سه‌ر ئابووريی كوردستان و جیهان هه‌بوو،ه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ی خه‌ڵك كه‌ره‌نتینه‌ كران و بێكار مانه‌وه‌.
له‌هه‌مان كاتدا سه‌رۆكی حكومه‌ت دووپاتی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریى زیاتر بۆ هاووڵاتییان به‌رده‌وام ده‌بن و له‌ هه‌مووشی گرنگتر سووربوونی سه‌رۆكی حومه‌تی كوردستان بوو له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان و ده‌ربازبوون له‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی كوردستان تێى كه‌وتووه‌."