Print this page

سه‌رۆك بارزانی: كۆچی دوایی بارزانی نه‌مر به‌لای ئێمه‌وه‌ كاره‌سات بوو به‌ڵام نه‌بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی دۆزی كورد بمرێت

نيسان/أبريل 04, 2020

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی سەرۆك مەسعود بارزانی میوانی بەرنامەی (ئەلسەتڕول ئەوسەت)ی كەناڵی (ئێم بی سی)ی عەرەبی بوو، لە دیدارەكەدا چەند یادەوەرییەكی شۆڕشی ئەیلوولی گێڕایەوە و باسی لە هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەكە و وڵاتە عەرەبییەكان كرد، بە تایبەتییش ئاماژەی بەوەدا كە هیچ رۆژێك سعوودیە دژی شۆڕشی كورد نەوەستاوەتەوە.

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی رایگەیاند، جوگرافیا سته‌مێكی گه‌وره‌ی له‌ ئێمه‌ كردووه‌‌، دووپاتیشیكرده‌وه‌: كۆچی دوایی بارزانی نه‌مر به‌لای ئێمه‌وه‌ كاره‌سات بوو، به‌ڵام نه‌بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی دۆزی كورد بمرێت.


سەرۆك بارزانی لەم دیدارەدا باسی سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلوولی كرد و ئاماژەی بەوە دا كە لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا كورد بەشدارییان كرد، لە بەرانبەریشدا سوپای سووریا چوونە پاڵ سوپای عێراق و هێرشیان كردووەتە سەر پێشمەرگە، لە ئەنجامیشدا تووشی شكستی گەورە بوون.


سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەش كرد كە هەریەك لە سوپای ئێران و سوپای توركیاش بەشداری شەڕەكەیان كردووە لە دژی شۆڕشی ئەیلوول، لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبیشەوە بە گشتی بەرانبەر بە شۆڕشی ئەیلوول، سەرۆك بارزانی دەڵێ "رەنگە لە ناخەوە هاوسۆز بووبن، بەڵام وەكو هەڵوێستی فەرمی كەسیان پشتیوانییان نەكردین، تەنها ئەو كاتە نەبێت كە ناكۆكی كەوتە نێوان حزبی بەعس و جەمال عەبدولناسر سەركۆماری ئەوسای میسر، دوای ئەو ناكۆكیە، محەمەد حەسەن هەیكەل دەستی كرد بە نووسینی وتار لە رۆژنامەی "ئەلئەهرام"ی میسری و پشتیوانی شۆڕشی دەكرد".


لە وەڵامی پرسیارێكی پێشكەشكاری بەرنامەكەدا كە داخۆ میسر جگە لەم ڕووە رۆژنامەوانییە، هیچ هاوكارییەكی مادی یان سەربازیی شۆڕشی ئەیلوولی كرد؟ سەرۆك بارزانی گوتی "نەخێر بە هیچ شێوەیەك، تەنها پشتیوانی مەعنەوی بوو، كە تا ئاستێكی سنووردار كاریگەری هەبوو، لە ڕووی مەیدانیشەوە هیچ كاریگەرییەكی بۆ سەر شۆڕشی ئەیلوول نەبوو".


هەروەها لەبارەی هەڵوێستی سعوودیەوە بەرانبەر شۆڕشی ئەیلوول، سەرۆك بارزانی دەڵێ "لە بیرم نایەت هیچ رۆژێك لە رۆژان سعوودیە لە دژمان وەستابێت، لە كاتێكدا بەشێك لە وڵاتە عەرەبییەكان پشتیوانیی بەعسیان دەكرد و چەپڵەیان بۆ سوپای عێراق لێ دەدا و بروسكەی پیرۆزباییان بۆ سەركۆمارەكەی دەنارد".

 

ئەمەی خوارەوە بەشێكی تری دیدارەكەی سەرۆك بارزانییە:


"MBC": ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ سته‌مكاری به‌رامبه‌ر ده‌كرێت، له‌وه‌ ده‌ترسێت كه‌ سته‌مكاری به‌رامبه‌ر خه‌ڵك بكات؟

سه‌رۆك بارزانی: ئه‌و كه‌سه‌ی سته‌مكاری به‌رامبه‌ر كراوه‌ و خۆشی سته‌مكاری به‌رامبه‌ر خه‌ڵك ده‌كات، شایانی ئه‌وه‌ سته‌مكاری زیاتری به‌رامبه‌ر بكرێت.


"MBC": زۆر به‌دگمه‌ن ده‌بینین كاكه‌ مه‌سعود جلی غه‌یره‌ كوردی ده‌پۆشێت، ئه‌مه‌ بۆچی؟

سه‌رۆك بارزانی: جلی كوردی جلی پێشمه‌رگه‌یه‌، من له‌و باوه‌ڕه‌دام كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م جلانه‌ نه‌پۆشم، شێوازێكی دیكه‌ پیشان ده‌دات، كه‌ له‌وانه‌یه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ هه‌بێت.


"MBC": ژیانی كۆشك یان ژیانی شاخ، كامه‌یانت پێ په‌سه‌نده‌؟

سه‌رۆك بارزانی: ژیانی شاخ.


"MBC": به‌ڵام ژیانی شاخ سه‌خته‌!!

سه‌رۆك بارزانی: به‌لای منه‌وه‌ پێچه‌وانه‌یه‌، ژیانی شاخ به‌لای منه‌وه‌ خۆشتره‌.

سه‌رچاوه‌: مالپه‌ری كوردستان tv