Print this page

چیرۆکی کوردێکی دیکەی تاراوگە.....حكومەتی هەر‌ێمی كوردستان و دیاسبۆرای كورد نێزیکتر ببنەوە

شباط/فبراير 12, 2020

دیدار: عەبدولقەهار هەولێری

كەمن ئەو كەسانەی زەحمەتییەكانی ژیان چۆكیان پێ دانادات و لەسەر بنەمای بڕوا بە خۆبوون بەردەوام دەبن و بە گەشبینیەوە لە ئایندە دەروانن. فەخرەدین نەجمەدین نادر،یەكێكە لەو كەسایەتیانەی كە سەرباری هەموو ئاستەنگییەكانی ژیان، بەڵام ئەو كۆڵی نەداو بەردەوام بوو، ئێستاش لە هەندەران بەو پەڕی بروا بەخۆ بوون لە خەباتی سیاسی خۆی بەردەوامە. ناوبراو بە فەخرەدین زیارەتی ناسراوە، لە دایكبووی شاری هەولێرە، لەباوكێكی خۆشناوی گورگەشینی سەر بە گووندی زیارەتی بناری سەفین و دایكێكی بەرزنجی سەیدی سەر بە گوندی گردعازەبانی دەشتی هەولێرە. لە ساڵی ١٩٦٧ هاتووتە دنیا. دەربارەی سی ڤی خۆی دەڵێ: خوێندنی سەرەتاییم لە قوتابخانەی موزەفەرییەو دواناوەندیشم لە قوتابخانەی زۆزان بەسەركەوتوویی بەریكردووە و لەساڵی ١٩٨٥ لە زانكۆی سەلاحەدین بەشی ماتماتیك وەرگیراوم دوای سالێك لە زانكۆ، لە ساڵی ١٩٨٦ بەهۆی ئەوەی بەشداریم لە خزمەتی جەیش شەعبی نەكرد لەگەل ژمارەیەك لە هاوڕێیانی ئەو كاتم دوورخراینەوە.پاشان لە ساڵی ١٩٨٨ دووبارە دەستمان بەخویندن كردەوە تا ئەوكاتەی تەخەروجمان كرد لە ساڵی ١٩٩٣ وەكو مامۆستای ماتماتیك دەست بەكار بووم.
لە راپەرینەكانی ساڵی ١٩٨٣ بەشداری بەرچاومان كرد بە شێوەیەكی خۆبەخش دوور لە ئینتیمای حزبی، لە ڕاپەرینەكەی بەهاری ساڵی ١٩٩١ئەوشەرەفەمان پێبەخشرا، كە بەشداری كارای تێدا بكەین، دواتر بەشانازیەوە دەنگمدا بە یەكەمین پەرلەمانی باشووری كوردستان دا. پاش دامەزراندم لە ساڵی ١٩٩٥ وەكو مامۆستا لە هەولێر، جارێكی تر دوورخرامەوە لە پرۆسەی خوێندن بە هۆی شەڕ ناوخۆی باشووری كوردستان، لەهەمان ساڵدا پەیوەندیم كردووە بە یەكیتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان وەكو ئەندام تاوەكو ئێستا من ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبەم.
ساڵی ١٩٩٨ وەكو هەر تاكێكی كوردستان ڕێم كەوتە هەندەران. بە هۆی نەبوونی ئیقامە لە هۆڵەندا بۆ ماوەی نزیكەی ١٠ ساڵ ،تەنها بەكاری شەخسی و خۆبەخشی و فێربوونی زمانی هۆڵەندی خۆمان سەرقاڵ كردبوو.
دوای وەرگرتنی ئیقامە لە كۆتایی ٢٠٠٦ دەستمانكرد بە هەنگاوە فەرمییەكانی وڵاتی هۆڵەندا و گەران بە دوای كاردا و لەهەمان كاتدا پەیوەندیم كرد بەپارتی چەپی سەوزی هۆڵەندی تاوەكو ئێستا بەردەوامم. فەخرەدین زیارەتی زیاتر دەڵێ: ئێستا لە هۆڵەندا كاری سیاسی دەكەم، وەكو نوێنەری یەكیەتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان و لەهەمان كاتدا وەكو ئەندامێكی دیاری پارتی چەپی سەوزی هۆڵەندی و لەپاڵ ئەو كارانەشم وەكو خاوەن تەكسی كاری بژیوی ژیانی خۆم دەكەم، واتە سەر بەخۆم لەكارەكانمدا،لەهەمانكاتدا كاری خۆبەخش دەكەم وەكو یارمەتیدەرێكی زمانەوانی لە ئۆفیسی پەنابەران لە شارەدێی سووست. بە شانازیەوە لە كار و باری سیاسیم لە هۆڵەندا دوو جار لە داوی یەك كاندید كراوم بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی شارەدێكانی هۆڵەندا لە لایەن پارتی چەپی سەوزی شارە دێیەكەم كەسووستە، و دوو جاریش دووبارە لە دوای یەك كاندیدكراوم بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هۆڵەندا لە لایەن پارتی چەپی سەوزی پارێزگای ئووتریخت، هەتا لە هۆڵەنداش بمێنم بەردەوام دەبم لەكار و بارەكانم ئەگەر باری تەندرووستی بوارم پێبدات. لە پاڵ ئەو كارانەی كە دەیكەم لە ژیانی ڕۆژانەمدا لە هۆڵەندا،ئێستا كاری زیاترم بایەخدانە و هاندانی ئەو كوردانەیە كە ئارەزووی كاری سیاسی دەكەن لە هۆڵەندا. لەپاڵ ئەوەشدا بایەخی زۆرم داوە بە دورستكردنی لۆبی كورد لە وڵاتی هۆڵەندا بۆ پاڵپشتی كردن لە پرسە نەتەوەیی و سیاسییەكان. بۆ ئەمەش لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەل سیاسەتمەدارانی هۆڵەندی لە پارتی چەپی سەوزی هۆڵەندی لە پەرلەمان و حكومەتی هۆڵەندی. فەخرەدین زیارەتی دەربارەی پەیوەندی لەگەل هۆلەندیەكان دووپاتیكردەوە كەوا هۆڵەندیەكان پێم دەڵێن تۆ توانیوتە جێگەی خۆت لە ناو كۆمەڵگەی هۆڵەندی بەباشی بكەیتەوە. هەروەها دەلێ:
هەرێمی كوردستان تاكە شوینە بۆتە شانازئ بۆ هەموو كوردان و كوردستانیانی جیهان كە تیایدا پر بە دەنگیان بانگی ئازادی و دیموكراسی بە جیهان ڕابگەیینن. بۆیە پاراستن و ئاوەدانكردن و خزمەتكردنی ئەركی هەموومانە.پێویستە حكومەتی هەرێم بەبێ جیاوازی لە خزمەت رەوەندی كوردی بێت و كارێكی وا بكات كە كوردانی تاراوگە لەحزبایەتی ناو خۆی كوردستان دووربخاتەوە، چونكە داخوازی كوردانی تاراوگە بایەخ دانە بە شكومەندی تاكی كورد لە تاراوگە بەرامبەر بە نەیارەكانی،نیگەرانی كوردانی تاراوگەش بەبۆچونی من رەنگدانەوەی كاری حزبایەتی ناوەی كوردستانە لە جەرگەی تاراوگەدا. پێویستە حكومەتی هەر‌ێمی كوردستان گوێ لە دیاسبورای كورد لە تاراوگە بگریت بەتایبەتی ئەوانەی بەڕاستی لە خەمی هەرێمی كوردستانن .