سه‌رۆك بارزانی: نابێت ڕێگا بدرێت عیراق ببێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی تر

كانون1/ديسمبر 31, 2019

سه‌رچاوه‌: مالپه‌ری خەڵك-تەنیا هەورامی

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكیدا بەبۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی زاینی ڕایدەگەیەنێت، سوپاس بۆ خودای گەورە و گیانفیدایی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵك، ئێستا هەرێمی كوردستان بە ئاڕاستەی بووژانەوە و چاكسازی و سەقامگیری هەنگاو دەنێت.

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بە نیگەرانییەكی زۆرەوە موتابەعەی گرژی و ڕووداو و پێشهاتەكانی ئەو دواییەی عێراق دەكەین. لەو بڕوایەداین كە نابێ لایەنە عێراقییەكان ڕێگە بدەن وڵاتەكەیان ببێتە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی گرفت و ململانێ و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی تر.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە..

بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی گەرمترین پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم.

پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم و هیوای خێر و خۆشیان بۆ دەخوازم. لەو بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی كوردستان بكەم كە لە قۆناغە جۆراوجۆرەكاندا بە ڕووی تەحەددیاتدا وەستاون و سەختی و زەحمەتیی زۆریان بینیوە.

سوپاس بۆ خودای گەورە و گیانفیدایی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵك، ئێستا هەرێمی كوردستان بە ئاڕاستەی بووژانەوە و چاكسازی و سەقامگیری هەنگاو دەنێت.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە نالەبارەی كە لە عیراقدا هەیە ئێمە هەمیشە خوازیاری چارەسەربوونی كێشەكان و ژیانێكی سەربەرزانە بۆ تێكڕای خەڵكی عیراق بووینە و لە ساڵانی ڕابردوودا زۆرجار هۆشداریی ئەوەمان داوە كە عیراق بەرەو هەڵدێڕ دەڕوات و جەختمان لەوە كردووەتەوە ئەگەر بنەماكانی حوكمێكی مەدەنی و دەستوور جێبەجێ نەكرێن عیراق تووشی چارەنووسێكی نادیار دەبێت.

ئێستایش بە نیگەرانییەكی زۆرەوە موتابەعەی گرژی و ڕووداو و پێشهاتەكانی ئەو دواییەی عیراق دەكەین. لەو بڕوایەداین كە نابێ لایەنە عیراقییەكان ڕێگە بدەن وڵاتەكەیان ببێتە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی گرفت و ململانێ و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی تر.

هەروەها بە هەموو شێوەیەك پشتگیریی داوا ڕەواكانی خۆپێشاندەران و گەڕانەوەی سەقامگیری و ڕاستەڕێبوونی پڕۆسەی سیاسیی عیراق دەكەین و لەگەڵ هەر گۆڕانكارییەك داین و یارمەتیدەری هەر ڕێگەیەك دەبین كە ببێتە هۆی چارەسەربوونی كێشەكان و بەدیهاتنی دادپەروەری و داواكارییەكانی خەڵك.

لەگەڵ هەموو ئەوەشدا هەر هەوڵێك ڕەتدەكەینەوە كە ببێتەهۆی پاشەكشەی دیموكراسی یان ئەوەی ماف و دەستكەوتی پێكهاتەكان و گەلی كوردستان بخاتەژێر هەڕەشەوە، چونكە هۆكاری سەرەكیی گرفتەكانی عیراق پێشێلكردنی دەستوور و ئیدارەدانی هەڵە و تاكڕۆیی بووە نەك ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان و پێكهاتەكان.

لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و كاروباری دامودەزگاكانی هەرێم، پشتگیریی بەرنامە و كاری سەرۆكایەتیی هەرێم و پەڕلەمان و حكومەتی هەرێم دەكەین بۆ بەڕێوەبردن و چەسپاندنی چاكسازیی كە داواكاریی خەڵكی كوردستان و زۆربەی لایەنە سیاسییەكانە، هەروەها جەختیش لە پتەوتركردنی بنەماكانی پێكەوەژیان و قووڵتركردنی ئەو فەرهەنگە بەرزەی گەلەكەمان دەكەینەوە كە بووەتە هۆی تەبایی و ئاشتی و برایەتی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان و ئەم پێكەوەژیانە وەك گلێنەی چاومان دەپارێزین.

لە كۆتاییدا ئومێدی ئەوە دەخوازم ساڵی تازە ساڵی خۆشی و بەختەوەری بێت بۆ هەموو هاووڵاتیانی كوردستان و عیراق و ئاشتیی گشتگیر لە ناوچەكەمان و جیهاندا بێتەدی.