Print this page

شەڕی ئەمریكا و ئێران لە عێراقەوە دەستپێدەكات

كانون1/ديسمبر 31, 2019

سه‌رچاوه‌: مالپه‌ری خەڵك – ئەحمەد خۆشی
هێرشی لایەنگرانی حەشدی شەعبی بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا بەردەوامی هەیە و باڵوێزخانەكەش چۆڵكرا و بەشێكیشی لە پرسگە و دیوارەكانی سوتێندران.

دوای هێرشەكەی سەر سەربازگەی كەی وەن لە كەركوك و بۆردومانكردنی بارەگاكانی حەشدی شەعبی، ئێران و ئەمریكا لە نێو عیراقدا سەنگەر لە یەكدی دەگرن.

لە هێرشی ڕِۆژی هەینیدا بۆ سەر سەربازگەی كەی وەن لە شاری كەركوك بەڵێندەرێكی ئەمریكایی كوژرا و سێ سەربازیش برینداربوون.

لەكاردانەوەی هێرشەكەدا ئێوارەی یەك شەممە فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا بارەگاكانی حەشدی شەعبییان لە سنوورەكانی عیراق و سووریا بۆردومانكرد بەهۆیەوە دەیان چەكدار و فەرماندە كوژران و بریندار بوون.

ئەم تێكهەڵچوونە خوێناویانە لە عیراق لەنێوان كۆمەڵە چەكدارەكانی نزیكی ئێران و ئەمریكا، ئاستی مەترسییەكانی پێكدادانی ڕاستەوخۆی دوو وڵاتی زیادكردووە، بەتایبەت هەردوولایەن هەڕەشە لە یەكدی دەكەن.

كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عیراق و فەرماندەكانی حەشدی شەعبی هۆشدارییان دایە ئەمریكا كە خوێنی قوربانییەكانیان بە فیڕۆ نا چێت، وەڵامی توندیان دەبێت.

لای خۆیەوە سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ وێڕای شەرمەزاركردنی هێرشەكانی ئەمریكا، ئەو هێرشانەی بە “تیرۆرست”ی ناوبرد.

سوپای پاسداران بە مافی گەل و هێزی چەكداری عیراقیشی زانی كە وەڵامیان بۆ هێرشەكانی ئەمریكا هەبێت و بەرگری لە خۆیان بكەن.

بە ڕای چاودێرانی سیاسی ئەو پەیامەی سوپای پاسداران وەك هەڵكردنی گڵۆپی سەوز دێت بۆ كۆمەڵە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی تاكو هێزە ئەمریكاییەكان بە ئامانج بگرن لەعیراقدا.

لەلایەكی دیكەوە كاربەدەستێكی ئەمریكایی بە ئاژانسی هەواڵدەری ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، كە هێزەكانی حەشدی شەعبی وەڵامی هێرشەكەی ئەمریكا دەدەنەوە، ئەوەش مەترسیی و گرژییەكان زۆرتر دەكات.

كاربەدەستە ئەمریكاییەكان دەڵێن” دانمان بەخۆماندا گرتووە لەبەرامبەر هێرشی گرووپەكانی سەر بە ئێران، بەڵام ئێستای كاتی ئەوەیە بەرەوڕووی دووژمنكارییەكانی ئێران ببینەوە”.

لەدوای ئەم پێشهاتانە نیوەڕۆی ئەمڕۆ لایەنگرانی حەشدی شەعبی بە ڕێبەرایەتی هادی عامری، ئەبو مەهدی موهەندیس، قەیس خەزعەلی فەرماندە و سەركردەكانی حەشدی شەعبی هەڵیانكوتایە سەر باڵوێزخانەی ئەمریكا لە ناوچەی سەوز لەنێوەڕاستی بەغدا.
بۆ هێوركردنەوەی ڕەوشەكە وەزیرانی بەرگری و نێوخۆی عیراق و ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران گەیشتە باڵوێزخانەی ئەمریكا و هاوكات هێزە ئەمنییەكان هەوڵی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران دەدەن.

هاوكات بەهۆی كاردانەوەی پاسەوانانی باڵوێزخانەی ئەمریكا و تێكهەڵچوونی نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران زیاتر لە 10 خۆپیشاندەر بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرزیش باڵوێزخانەی ئەمریكا چۆڵكراوە و كارمەندەكانی گواستراونەوە بۆ هەولێر.

لەلایەكی دیكەوە بەپێی هەواڵی ئاژانسی مێهری ئێرانی، باڵوێزی ئەمریكا هەڵهاتووە و هەندێك سەرچاوەی دیكەش دەڵێن بۆ شوێنێكی نادیار ڕۆیشتووە، هەندێكی دیكەش باس لەوە دەكەن، باڵوێز پشووی سەری ساڵی وەرگرتووە.