ميديا- هه‌ولێر:
ئەمڕۆ ئێوارە، ڕێکەوتی 30-9-2026، لە چوارچێوەی زنجیرە کۆڕە فەرهەنگی و ئەدەبییەکاندا، کتێبخانەی حەیدەری لە شاری هەولێر کۆڕێکی تایبەتی بۆ هونەرمەندی ناسراو و دێرینی شارى هه‌ولێر (خۆشەوی عەزیز) ساز كرد، هه‌ڤاڵ (د. شاخەوان خالید، کارگێڕی مەکتەبی سیاسيى يه‌كێتى نه‌ته‌وه‌يى ديموكراتى كوردستان YNDK بەشداریى كۆڕه‌كه بوو.
کۆڕەکە له‌ژێر ناونیشانی ساڵێک لە تەمەنم، بۆ گێڕانەوەی لاپەڕە سه‌خت و دژواره‌كان و وێستگە پڕ لە سەروەری و ژانەکانی ژیانی هونەریی هونه‌رمه‌ند، لە سەرەتای کۆڕەکەدا، هونەرمەند خۆشەوی عەزیز بە زمانی بەسەرهات و بیرەوەری، بە وردی باسی لە تەمەنی هونەریی خۆی کرد؛ تیشکی خستە سەر ئەو سەردەمانەی کە لە خاک و نیشتمان لە ناوخۆی کوردستان خزمەتی گۆرانی و ڕەسەنایەتیی کوردی کردووە، و پاشان باسى لە قۆناغی دژواری تاراوگە کرد، باسی لەو هەوراز و نشێو، بەربەست و زەحمەتییانه کرد کە لەو وڵاتە دوورانە ڕووبەڕووی هونەرمەند بوونەتەوە لەپێناو مانەوە، پاراستن و گەیاندنی پەیامی ڕەسەنی هونەری کوردی بە جیهان.
هه‌ڤاڵ د. شاخەوان خاڵید له‌كۆڕه‌كه تيشكى خسته سه‌ر بەرهەمە ڕەسەنەکانی خۆشەوی عەزیز و وتى: هونەرمەند خۆشەوی عەزیز نموونەی هونەرمەندێکی دڵسۆز و کۆڵنەدەرە؛ چ لەو کاتەی کە لە ناوخۆی کوردستان بوو، بە دەنگ و بەرهەمە ڕەسەنەکانی خزمه‌تى هونه‌رى كوردى ده‌كرد، چ لە ئێستادا کە لە وڵاتی ئەڵمانیا و لە تاراوگە دەژی، هه‌رگيز ساردبوونەوەی بەخۆیەوە نەبینیوە و بە هەمان ورە و دڵسۆزییەوە، چالاکانە بەردەوامە لە خزمەتکردنی هونەر و کلتووری کوردی، و هەمیشە وەک پردێکه لە نێوان نیشتمان و هونه‌رمه‌ندان و هيواى ئه‌وه ده‌خوازم به‌رهه‌مى نوێى هه‌بێ.
لە درێژەی کۆڕەکەدا، ئاڵوگۆڕی بیروڕا و بەشدارییەکی کارا له‌لايه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه كرا، بە سەرکەوتوویی و بە چركاندنى چەندین وێنەی یادگاری کۆتایی بە كۆڕه‌كه هات.