Print this page

*سکرتێرى گشتیى YNDK ساڵیادی دامەزراندنی پارتى دیموکراتى کوردستان پیرۆز دەكات*

آب/أغسطس 16, 2026

میدیا - هەولێر :
سەرلەبەیانى ئەمڕۆ 16 / 8 / 2026، سکرتێرى گشتیى YNDK بە یاوەرى شاندێک سەردانی بەشى پەیوەندى گشتیى پارتى دیموکراتى کوردستان-یان كردو، (80)يەمین ساڵیادی دامەزراندنییان پیرۆزكردن و هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاتریان بۆ خواستن.
سەرلەبەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، بەیاوەرى هەڤاڵان (د. عەبدوڵڵا عەدۆ و قەهار مەخموورى ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و فاخیر نانەکەلى ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و بەرپرسى هەرێمى هەولێر و جەلال سمایل کارگێڕی مەکتەبی ناوەندی پەیوەندییەکانی YNDK)، سەردانی بارەگای بەشى پەیوەندى گشتیى پارتى دیموکراتى کوردستان-یان كردو، بەگەرمی لەلایەن بەڕێزان ( عەلى عەونى ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پەیوەندی نیشتمانی و کارگێڕ و ئه‌ندامانی بەشى پەیوەندى گشتیى پارتى دیموکراتى کوردستان)ەوە پێشوازیكران، لەسەردانەكەدا سكرتێری گشتیى YNDK لە وتەیەکى کورتدا بەبۆنەی (80)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتى دیموکراتى کوردستان، پیرۆزبایی خۆی و سەركردایەتیی YNDK ی بە بەڕێزان جەنابى سەرۆک مەسعود بارزانى و جێگرانى سەرۆک و مەکتەبى سیاسى و کۆمیتەى سەركردایەتی و بەشى پەیوەندى گشتیى PDK راگەیاند و، هیوای پێشڤەچوون و گەشەكردنى زیاتر و سەركەوتنی بۆ خواستن و، رۆڵى پارتى دیموکراتى کوردستانى لە خەباتى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانى کوردستان بەرز نرخاند.
لە وتەکەیدا مەخموورى باسى لە رەوشی سیاسی كوردستان و دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو زیاتر لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كردو، جەختیكردەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییەکان لەو گۆڕانكارییانەی كە روودەدەن و دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانى لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنى مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرد، لەم پێناوەشدا رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان و پێشنیاری پێکهێنانى (ئەنجوومەنى سیاسیى کوردستان)ى وەک چەترێکى هاوبەش بۆ ئەوەى هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەژێریدا کۆببنەوە وەک چارەسەرییەک بۆ یەکێتى و یەکڕیزى گەلى کوردستان خستەڕوو، هەروەها باسى لەوە کرد کەوا پاراستنى قەوارەى باشوورى کوردستان ئەرکى نیشتمانى و نەتەوەیى و ئەخلاقى هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستانە.
هەر لە دیدارەکەدا بەرپرسى بەشى پەیوەندى نیشتمانی پارتى دیموکراتى کوردستان بەناوى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستان، سوپاس و پێزانینی خۆیانى بە سكرتێری گشتی و سەركردایەتیی YNDK بەرامبەر ئەو سەردانەو هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی YNDK سەبارەت بەپرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەكان راگەیاند و، جەختیکردەوە سەر یەکڕیزى و بەیەکەوە کارکردنى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەپێناو زیاتر خزمەتکردنى دۆزى رەواى گەلى کوردستان.
شایانى باسە هەر لەو دیدارەدا هەردوو لا جه‌ختیانكرده‌وه‌ سه‌ر پتەوکردنى پەیوەندی برایانەی PDK و YNDK لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.