جهماوهرى دڵسۆزى كوردستان...
-حزب و لايهنه سياسييهكان و رێكخراوهكانی کۆمەڵگەی مەدەنی....
کۆماری ئیسلامیی ئێران وهكو پيشهى ههميشهيى جارێکی دیکە سەرەڕۆیانە و بەپێشێلکردنی گشت رێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکان؛ هێرشێکی توند و دڕندانەی مووشەکی کردە سەر چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان و بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری وڵات؛ ئەم پەلامارە ترسنۆکانەیە له بەرەبەیانی ١٧ی تەممووزدا؛ له گوندی زڕگوێز لهسوورداش کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی کردە ئامانج؛ لە ئەنجامی ئەم دەستدرێژییەدا نۆ پێشمەرگەی قارەمان شەهید بوون؛ ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون؛ هاوکات زیانێکی ماددی زۆريش بهر بە ماڵ و سامان و ژیانی هاووڵاتیانی سڤيلى و بێتاوانی كهمپهكه گەیشت.
ئەم تاوانەی ڕژێمی ئێران؛ سەلمێنەری ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەیە کە داگیرکەران هێشتا لەسەر سیاسەتی تیرۆر؛ بەکارهێنانی هێز و توندوتیژیی ڕەها دژ بە بزووتنەوەی ڕەوای گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن؛ ئەم هێرشە سەرکێش و هەمەلایەنە بەردەوامانەی سەر خاکی باشووری کوردستان؛ لوتکەی دوژمنایەتیی مێژوویی و داگیرکارییەکی چەپەڵە؛ کە ڕاستەوخۆ بنەماکانی مافی مرۆڤ و پاراستنی خەڵکی سڤیل پێشێل دەکات؛ بێگومان ئەم جۆرە پەلامارە شۆڤێنیانە هەرگیز ناتوانن ئیرادەی پۆڵایینی گەلەکەمان تێکبشکێنن.
ئەم بۆردومانانه لە کاتێکدایە؛ کە لە سەرەتای ئاڵۆزی و شهڕى نێوان ئەمریکا و ئێراندا؛ هەرێمی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕوونی ڕایانگەیاند، کە نابنە بەشێک لە هیچ ململانێیەکی سەربازیی هەرێمی و ناوچهيى دژى هيچ وڵاتێك؛ بەڵام ڕژێمی تاران لەبری ڕێزگرتن لەم هەڵوێستە بەرپرسیارانەیە؛ چاوپۆشی لە هەموو پرەنسیپەکان کرد؛ سوپای پاسدارانی ڕاسپارد بۆ ئەوەی خاکی کوردستان و تێکۆشەرانی ئازادی و پێشمهرگه بکەنە ئامانجی هێرشە ڕەشەکوژییەکانی خۆی.
ئێمە لە یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK؛ وێڕای پڕۆتستۆ و شەرمەزارکردنی ئەم تاوانە ترسنۆکانەیە؛ پرسە و سەرخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و هاوڕێیانی تێکۆشەری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین؛ لێرەشەوە داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین کە لەم قۆناغە هەستیارەدا؛ بە یەکڕیزیی پۆڵایین و تەبایی و ستراتیژێکی هاوبەشی نەتەوەیی و نيشتمانى؛ لەبەرامبەر پیلانی شەڕفرۆشی و داگیرکاریی دوژمنان بوەستين و پارێزگارى لهدهسكهوت و خهڵك و خاكى كوردستان بكهين.
ههروهها داوا له کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؛ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان UN و سەرجەم دامەزراوە جیهانییەکان و رێكخراوهكانى مافی مرۆڤ دەکەین؛ لە ئاست ئەم پێشێلکارییە سەربازییە پڕمهترسييه بۆ سەر سەروەریی خاکی باشووری کوردستان و بۆردومانکردنی کەمپی پەنابەران و هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێدەنگ نەبن و، بە کردەوە سنوورێک بۆ ئەم تاوان و هێرشانه دابنێن.
مهكتهبى سياسيى
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
17-7-2026ى زايينى
ههولێر- باشوورى كوردستان