Print this page

سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازى لە شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان دەكات

تموز/يوليو 12, 2026

غەفوور مەخموورى: کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ئەڕکێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە

 

   میدیا - هەولێر :

  پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ١٢ / ٧ / ٢٠٢٦، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و یەکڕیزى و یەکدەنگى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان كرد.

  پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (قه‌هار مەخموورى و شاکر هاشم ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و جەلال سمایل  کارگێڕی مەکتەبی ناوەندیی پەیوەندییەکانی YNDK)، پێشوازیانكرد لە شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (دکتۆر کەمال کەرکووکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی پەیوەنديی گشتی پارتی دیموکراتی کوردستان و رەسووڵ رەزگەیى بەرپرسی دیسکی پارتە کوردستانییەکان و هێمن ساڵەیی بەرپرسی دیسکی پارتەکانی دەرەوەی پەرلەمان و تەحسین مەرزانی ئه‌ندامی بەشى پەیوەندى گشتیى پارتى دیموکراتى کوردستان)، لەدیدارەكەدا باس لە رەوشی سیاسیی كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كراو، جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان بە تەواوی هێزو لایەنە سیاسى و پێكهاتەكانییەوە بۆ پێشوازیكردن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنی دەسكەوتەكان و وەدەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرا.

 هەر لە دیدارەكەدا؛ باسیان لە گرنگی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کرا و، سەبارەت بەم پرسە سكرتێری گشتی YNDK  راگەیاند کەوا کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە و پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان بگەڕێنەوە ناو هۆڵی پەرلەمان و پەرلەمانی کوردستان کارابکەنەوە و، لە پەرلەمانەوە نەخشە ڕێگەیەکی نیشتمانی دابڕێژن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دەربازکردنی ئاستەنگەکان، هەروەها سەبارەت بە ناوەندی سیاسی کوردستان  مەخمووری باسی لەوە کرد کەوا ناوەندى سیاسیى کوردستان پەرش و بڵاوەو پێویستى بە رێکخستنەوە هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیارى پێکهێنانى ئەنجوومەنێکى سیاسى کرد کەوا تەواوى لایەنە سیاسییەکان بگرێتەخۆ، پێکهێنانى ئەم ئەنجوومەنەشى وەک فاکتەرێکى سەرەکى بۆ رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى و ناوماڵى کوردستان وەسفکرد.

  لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا, هەردوو لا جەختیانكردەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.