غەفوور مەخموورى لە سۆران 9 کتێبى خۆى پێشکەشى خوێنەرانى دەکات
غەفوور مەخمووری : پێویستە لایەنە سیاسییە براوەکانى کوردستان ، بگەڕێنەوە هۆڵى پەرلەمانى کوردستان و پەرلەمان کارا بکەنەوە
- پێویستە دەزگاکانى راگەیاندنى کوردستان هەوڵبدەن پەیامى لێبوردەیى و خۆشەویستى بڵاوبکەنەوەو زیاتر بایەخ بە هۆشیارى نەتەوەیى بدەن
میدیا - سۆران:
پێشنیوەڕۆى ڕۆژى ٢٠ / ٥ / ٢٠٢٦ ، لە شارى سۆران، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی YNDK لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیى رۆشنبیرى و هونەرى سۆران بە هاوکارى دەزگاى زارى کرمانجى میوانداری كرا و، لە رێوڕەسمێکدا (٩) کتێبى چاپکراوى خۆى ناساندو پێشكەشى ئامادەبووانى كرد.
پێشنیوەڕۆى ڕۆژى چوارشەممە لە شارى سۆران، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیى رۆشنبیرى و هونەرى سۆران بە هاوکارى دەزگاى زارى کرمانجى میوانداری كراو, بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری كەسایەتی سياسى و ئەكادیمی و نووسەرو رۆشنبیرو رۆژنامەڤانى دەڤەرى سۆران رێوڕەسمێکى بۆ ناساندن و خستنەڕوو و واژۆکردنى (٩) کتێبى بۆ رێکخرا، لەسەرەتاى رێورەسمەکەدا ؛ بەناوى بەڕێوەبەرایەتیى رۆشنبیرى و هونەرى سۆران و دەزگاى زارى کرمانجى بەخێرهاتنی ئامادەبووان و مەخموورى كرا و، دواتر باس لە گرنگی رۆڵى غەفوور مەخمووری لە بوارى نووسین و بزاڤى رۆشنبیرى کوردستان كرا، ئنجا مەخمووری وێڕای بەخێرهاتنكردنی ئامادەبووان خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو میوانداری و ئامادەبوونی میوانان دەربڕی و سوپاسی بەڕێوەبەرایەتیى رۆشنبیرى و هونەرى سۆران و دەزگاى زارى کرمانجى كرد بۆ رێكخستنی ئەو دیدارە لەگەڵ ئامادەبووان, دواتر کورتەیەکى سەبارەت بە ناساندن و ناوەڕۆکى کتێبەکان پێشکەشکرد و، وتى: (زۆر جار وتوومە نووسین زادەی هەست و بیرە ؛ وەك چۆن كار زادەی بیرو بازووە، هەر نووسینێكیش گوزارشت لەسەردەمی خۆی دەكات و بەرهەمی هەستكردن و بیركردنەوەی نووسەرەكەیە لەسەردەمی خۆیدا، ئەو بەرهەمانەی بەردەستی ئێوەی بەڕێزیش هەوڵەكانی بەندەیە لە بواری نووسیندا هەر هەوڵێكیش زادەی سەردەمی خۆیەتی و توانای خاوەنەكەی لەو سەردەمەدا دەخاتەڕوو، ئەو ٩ کتێبەى کە ئەمڕۆ پێشکەشى ئێوەى ئازیزو خۆشەویستى دەکەم لە سەردەمى جودا جودا نووسراون و ئامادەکراون و، رەنگدانەوەى واقیع و سەردەمى خۆیانن.).
مەخموورى باسى لەوە کرد کەوا کتێبەکان بە زمانى کوردى و عەرەبین، کتێبە عەرەبییەکان زیاتر ئاراستەن بۆ ناوەندى عەرەبى بۆئەوەى زیاتر ئاشناى ئەدەب و رۆشنبیرى و پرسى گەلى کوردستان بن.
غەفوور مەخمووری سەبارەت بە خستنەڕووى ناوەڕۆکى کتێبەکان، وتی : (ئەم كتێبانە ٩ کتێبن لە بوارى جیاجیا پێكهاتوون، سیاسەت و هزر و ئەدەب و رۆشنبیرى گشتى، بەشێکیان پێشووتر چاپى یەکەمیان بڵاوكراونەتەوە، بۆ دووەم جار چاپم کردوونەتەوە، بەشێکیشیان نوێن و لەو ماوەیەدا نووسراون، کتێبى -راپەڕینى ١٩٩١- کە بە هەردوو زمانى کوردى و عەرەبى چاپکراوە، کتێبکى نوێمە سەبارەت بە راپەڕینى گەلى کوردستان و خوێندنەوەیەکى نوێم بۆ راپەڕین ودەرفەتە لەدەستچووەکان کردووە و، کێشەو گرفتەکانى کوردستانمان دەستنیشان کردووەو چارەسەرى گرفتەکانیشمان خستۆتەڕوو، بێگومان ئەو رووداوانەى روودەدەن و گۆڕانکارى مەزن لەسەر ژیانى کۆمەڵگەو داهاتووى وڵات دروستدەکەن پێویستیان بە خوێندنەوەو لێوردبوونەوەو شیکردنەوەو هەڵسەنگاندن هەیە، راپەڕینى بەهارى ساڵى ١٩٩١ى گەلى کوردستان ؛ یەکێکە لەو رووداوە مەزنانەى کە گەلى کوردستان دروستکارى بووە و، خاڵى وەرچەرخان بووە لە خەبات و دیرۆکى گەلى کوردستان و، گۆڕانکارییەکى مەزنى کردۆتە سەر ژیانى کۆمەڵگەى کوردستان، خوێندنەوەو سەرنجدان لەو رووداوە نەتەوەیى و نیشتمانییە گەلکردەیەى کوردستان، پێویستییەکى گرنگە، لێرەدا هەوڵمداوە چەند وردە سەرنجێک لەسەر راپەڕینى (٥ / ٣ / ١٩٩١)ى گەلى كوردستان و دەرفەتە لەدەستچووەکان و كێشە و گرفتە ناوخۆییەکان و چارەسەرییەکان و سیاسەتى دەسەڵاتدارانى عێراق لە دژى گەلى کوردستان بخەمەڕوو.). هەروەها مەخموورى وتى: (هەوڵمداوە لە روانگەیەکى کوردانە بۆ راپەڕین بڕوانم و، پەنجە بخەمە سەر برینەکان و دەرمانى تیمارى برینەکانیش بخەمەڕوو، بێگومان روانین بۆ کێشەکان بە چاوێکى رەخنەگرانە لە چارەسەرى نزیکمان دەکاتەوە، لەبەرئەوەى رەخنە میکانیزمى پێشکەوتنى هەر کۆمەڵگە و دەزگا و دامەزراوەیەکە و، لە رێگەى رەخنەوە دەتوانین کێشەو گرفتەکان بدۆزینەوە، کە کێشەو گرفتەکانمان دۆزییەوە، بە دواى چارەسەردا دەگەڕێین، بەمەش دەتوانین کێشەو گرفتەکان چارەسەر بکەین و کۆمەڵگەیەکى مۆدێرن و تەندروست بنیاتبنێین.).
مەخموورى سەبارەت بە کتێبە نوێکانى ئەوەشى خستەڕوو کەوا کتێبێکى بریتییە لە بەڵگەنامەکانى شەشەم کۆنگرەى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK و، وتى: (ئەم کارەم وەک سەرەتایەکە بۆ پاراستن و بە ئەرشیفکردنى کارى حزبى لە کوردستان، ئەنجامداوە، لە بەشێکى ئەم كتێبانەدا پاشكۆیەكی وێنەیی هەن، هەوڵمانداوە لەجیاتی نووسین بە وێنە باس لە كار و چالاكی و دیدارە بابەتەکان بكەین، لە راستیدا زمانی وێنە هیچی لە زمانی نووسین كەمتر نیە ئەگەر زیاتر نەبێت، هیوادارم بەم كارانەم توانیبێتم خزمەتێكی بچوكی بزاڤى رۆشنبیرى و سیاسى گەلی كوردستان و پرسی سەربەخۆیی كوردستان بكەم و، خوێنەری کورد و عەرەبیش زیاتر ئاشنای کلتورو پرسی گەلى كوردستان بكەم.).
بەشێک لە کتێبەکانى مەخموورى تایبەتن بە بوارى فۆلکلۆر، لەم بارەیەوە مەخموورى وتى: (نەتەوەى کورد وەک هەر نەتەوەیەکى دیکەى سەر رووى زەوى خاوەن فۆڵکلۆرى زیندوو و رەسەنى خۆیەتى و، یەکێکە لە نەتەوە دەوڵەمەندەکانى جیهان لە فۆڵکلۆردا، بەهۆى ئەو فۆڵکلۆرە رەسەنە شارستانێتى و داب و نەریت و مێژوو و کلتورى خۆى پاراستووە، لەسەر هەموو لایەکمانە کەوا پارێزگارى لە فۆڵکلۆرى کوردى بکەین و لە فەوتان بیپارێزین.).
مەخموورى باسى لە گرنگى خوێندنەوەو خۆڕۆشنبیرکردن کرد و، وتى : (خوێندنەوەى سەرچاوەى بەسوود و جۆراوجۆر هۆکارە بۆ زیاتر دەوڵەمەندبوونى خوێنەر بە زانست و زانیارى نوێ لە بوارە جیاجیاکانى ژیان، بەڵام بەداخەوە لە کوردستان ئەوەى پارەى هەیە کتێب ناکڕێ و ناخوێنێتەوە، زۆربەى ئەوانەى کە خوێنەرن و دەخوێننەوە لە رەوشێکى ئابوورى وەکو ئەمڕۆدا ؛ وەکو پێویست پارەى کڕینى کتێب و سەرچاوەیان نییە، بۆیە پێویستە نووسەران هەوڵبدەن کەوا بەشێک لە کتێبەکانیان بە دیارى ببەخشنە خوێنەران.).
غەفوور مەخموورى ئاماژەى بەوەدا کەوا پێویستە هەموو لایەک کاربکەن بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیارى نەتەوەیى و نیشتمانى و، وتى: (لەسەر دەزگا و دامەزراوەکانى راگەیاندنى کوردستانە "بینراو و بیستراو و خوێنراو" کەوا لە خۆ لە بابەتى لابەلا بەدوور بگرن و، هەوڵبدەن پەیامى لێبوردەیى و خۆشەویستى بڵاوبکەنەوەو زیاتر بایەخ بە هۆشیارى نەتەوەیى بدەن و رۆڵ بگێڕن بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى نێوان لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانى گەلى کوردستان.).
مەخموورى لە درێژەى قسەکانیداا؛ رەخنەى لە واقیعى ئێستاى کوردستان گرت و، وتى: (ئەوا بۆ هەژدە مانگ دەچێت هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئێستا پەرلەمان ناکارایە، ئەوەش کارێکى باش نیە بۆ ناوبانگ و پێگەى سیاسیى کوردستان، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییە براوەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەن و بگەڕێنەوە نێو هۆڵى پەرلەمان و پەرلەمانى کوردستان کارا بکەنەوە، ئەمەش ئەڕکێکى نەتەوەیى و نیشتمانییە و رێزگرتنە لە خواستى دەنگدەرانى کوردستان.).
مەخموورى لە درێژەى بابەتەکەیدا جەختیکردەوە سەر یەکڕیزى و یەکدەنگى گەلى کوردستانى وەک دەرمانى هەموو دەردەکان وەسفیکرد و، وتى: (تەنهاو تەنها یەکڕیزى و یەکدەنگیمان دەردەکانمان دەرمان دەکەن و لە سەرکەوتن نزیکمان دەکەنەوە، بۆیە لەسەر هەموو لایەکمان پێویستە وەک چۆن دوژمن و داگیرکەرانى کوردستان بە جیاوازى ئایدۆلۆژى و بەرژەوەندییەکانییان لەدژى ئێمە یەکیان گرتووە، پێویستە ئێمەش بۆ پاراستنى خۆمان و بەرگرتن لە هەڕەشەکان یەکبگرین و رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەییمان بکەین.).
دوای ئەوەی مەخمووری سەبارەت بە ناوەڕۆکى کتێبەکانى دواو کتێبەکانى ناساند، پاشان دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان كرایەوەو، ژمارەیەكی زۆر لە ئامادەبووان بەگرنگییەوە باسیان لە کتێبەکان و رۆڵى غەفوور مەخموورى لە بزاڤى رۆشنبیرى و سیاسیى کوردستان كرد و بیروڕاو سەرنجی خۆیان خستەڕوو.
شایانی باسە دوای تەواوبوونی كۆڕەكە رێوڕەسمێك بۆ ئیمزاكردنی كتێبەکانى غەفوور مەخمووری سازكرا, مەخمووری كتێبەكانی بە دیارى پێشكەش بە ئامادەبووان كردو بۆی ئیمزاكردن, ئەمەو كۆڕەكە بووە جێی خۆشحاڵی ئامادەبووان.
ئەمەش ناوى ئەو ٩ کتێبەن کە غەفوور مەخموورى بە دیارى پێشەکەشى ئامادەبووانى کرد:
1- یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK (بەڵگەنامەکانى کۆنگرەى شەشەم)
2- الإتحاد القومي الديمقراطي الكوردستاني YNDK (وثائق المؤتمر السادس)
3- راپەڕینى ١٩٩١ (چیمان کرد چى بکەین)
4- انتفاضة 1991 (ماذا فعلنا ... ماذا سنفعل)
5- الحيران (مفهوماً ومضموناً وظهوراً)
6- حەیران (چەمک – ناوەڕۆک – سەرهەڵدان)
7- سێ تیشک لە پەنجەرەى شیعرەوە
8- عومەر خامۆش (کۆ شیعر)
9- بنارى قەرەچووغ