Print this page

پڕۆژەی هونەر لە پێناو مرۆڤایەتی فراوانتر دەبێت

حزيران/يونيو 06, 2020

 

روەیدا ئارت:

ئامانجمە لەرێگای هونەرەكەم خزمەتێكی بچووكی ئەو خانمە بكەم.

محەمەد ئیسماعیل داهێنەری پڕۆژەی هونەر لەپێناو مرۆڤایەتی:

ویستم بزانم چەند كەس ویژدانی دەجوڵێت بەم تابلۆیە، هەرچەندە دوودڵیش بووم.

 

خۆزگە سەباح تابلۆی بەئارامی هەناسە بدەن دەكێشێت

 

راپۆرتی/ كارزانی پیران

 

پڕۆژەی هونەر لەپێناو مرۆڤایەتی بەجۆرێك دەنگی داوەتەوە، چەندان شێوەكاری دیكەی كورد، ئامادەگیان دەربڕیوە خۆیان بخزێننە نێو ئەو پڕۆژەیە، بۆ گەڕاندنەوەی بەها بۆ هونەرو هونەر لەپێناو مرۆڤایەتی بۆ خێرخوازی و لەرێگای هونەرەوە خزمەتێك بگەیەنن بەچینی هەژارو هاوكارییەكی ماددی كەم تا زۆر بۆ هەژاران كۆبكەنەوە، تابلۆكەی نازم عەبدوڵڵا دەنگی دایەوە، دوای ئەو چەند تابلۆیەكی دیكە بەرێگاوەن.

روەیدا ئارت خانمە هونەرمەندی شێوكاری پارێزگاری دهۆكیش یەكێكە لەوانەی دوای شێوەكاری دوورەوڵات و داهێنەری پڕۆژەی هونەر لەپێناو مرۆڤایەتی، ئەویش ئەو پڕۆژەیەی بەرز نرخاندووەو دەیەوێت بەتابلۆیەك ئەو پڕۆژەیە فراوانتر بكات، ئەو بۆ سایتی میدیا دەڵێت" ئەو پڕۆژەیە هی هونەرمەند محەمەد ئیسماعیلە، بەسوپاسەوە دەستی داوەتێ‌ و منیش بەردەوامی بەو پڕۆژەیە دەدەم، كاتێك ئاگادار خێزانێكی هەژار، كە سێ‌ ئەندامی ئەو خێزانە، خانمێكی كەمئەندام و دایك و باوكی تووشی نەخۆشی درێژخایەن بووینە، بەئەركی سەرشانی خۆمم زانی، لەرێگای هونەرەوە بتوانم كارێكیان بۆ بكەم و خزمەتێك بگەیەنمە ئەو خانەوادەیە".

هەروەها لەدرێژەی لێدوانەكەیدا وتیشی" من كار لەسەر وێنەی ئەو خانمە كەم ئەندامە دەكەم، كە سەرەڕای كەم ئەندامی و نەخۆشییەكەی، لەخانەوادەیەكی هەژارن، ئەو تابلۆیەشم دوای تەواو بوونی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی و پاشان لەمەراسیمێكدا دەیخەمە زیادكردنی ئاشكرا، كە زیادكردنەكە لەهەزار دۆلارەوە دەست پێ‌ دەكات و ئەوەی زۆرترین پارەی پێ بدات دەبێتە خاوەنی تابلۆكە، بەو مەرجەی هەر لەوێ‌ پارەكە رادەستی ئەو خانمە هەژارە بكات، ئامانجیشم لەم كارە تەنها ئەوەیە لەرێگای هونەرەكەم خزمەتێكی بچووكی ئەو خانمە بكەم، داواشم لەخێرخوازان و سەرمایەداران دەكەم بەكڕینی ئەو تابلۆیە هاوكاری مرۆیی بگەیەننە ئەو خانمە".

لەكۆتاییشدا وتی" دەخوازم لایەنی پەیوەندیدار هاوكارمان بن، تا بتوانین ئەو پڕۆژەیە گەورەتر بكەین، لەو باوەڕەم زۆر هونەرمەندی دیكە هەن دەیانەوێت بێنە ناو ئەو پڕۆژەیە بۆ كاری خێرخوازی لەپێناو مرۆڤایەتی.

بەئارامی هەناســـــە بدەن ناونیشانی تابلۆیەكی هونەرمەندی شێوەكار مامۆستا (خۆزگە سەباح) ی دەرچووی كۆلێژی هونەرەجوانەكانی زانكۆی سەلاحەدینە، فۆتۆگرافەر دەشتی بەرزەواری لەپۆستێكی فەیس بووكدا نووسیویەتی" هونەرمەندی شێوەكار مامۆستا خۆزگە سەباح دەرچووی كۆلێژی هونەرەجوانەكان لەزانكۆی سەلاحەدین، بەدەنگ  بانگەوازەكەمەوە هات كەدوێنێ لەپۆستێكدا بۆكارمەندێكی تەندروستی بڵاوم كردبۆوە.

وەك هونەرمەندێكی مرۆڤدۆست بڕیاریدا بەتابلۆی ( بەئارامی هەناسە بدەن) هاوكاری كارمەندی تەندروستی كاك (نەبەز رەمەزان) ی كەمدەرامەت بكات، كەناوبراو بەنەخۆشیەكی دەگمەن دەناڵێنێ و لەجێگاداكەوتووە.

وەك مامۆستا خۆزگە خۆی فەرمووی: ئامانجی من لەم كارەم ئەوەیە لەرێگای هونەرەكەمەوە دەستی یارمەتی بۆ كارمەندێكی تەندروستی درێژ بكەم، كە ئەوان لەرابردوو وەك سەربازی وون لەخزمەتی تەندروستی ئێمەدا بوون، بەتایبەتیی لەكاتی كەرەنتینەدا، كە ئێمە هەموومان لەماڵەكانی خۆماندا بووین  ئەوانیش لەنەخۆشخانەكان دەوامیان دەكرد.

ئێستاش كە دەبینم كارمەندێكی تەندروستی نەخۆشی تەنگی پێ هەڵچنیوە لەو پەڕی پەرێشاندایە، پێم خۆشە لەرێگای داهاتی ئەم تابلۆیەوە هاوكاری بم و كەمێك ئارامی پێ ببەخشم، هەندێك لە ئازارەكانی سوك بكەم.

هەروەها وتیشی: تابلۆكە وەك سەرەتا بە 1000$ دەخەمە زیادكردنێكی ئاشكرا، دواجار هەرچەندی كرد من یەك فلسی لێ هەڵناگرم هەموو  پارەكە راستەو خۆ دەیدەمە دەستی ئەو كارمەندە بەرێزە  كە ئێستا نەخۆشە.

 جا ئەوەی لێرەدا زۆر گرنگە دەستباری ئێوەیە كە دەبێتە تەواوكاری ئەم كارە خێرخوازییە، بۆیە داوا لە ئێوەی هونەردۆست و مرڤدۆست دەكەم، بێنە پێشەوە نرخێكی گونجاو بەم كارە هونەرییە بدەن، بۆئەوەی داهاتەكەی بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشە خەرج بكرێت.

یەخسیرخەمناكی شێوەكار، ئەم پڕۆژەیە بەگرنگ دەزانێت و پێیوایە پێویستە كاری لەم شێوەیە هەبێت، ئامادەشە دیمەنێك ویژدانی مرۆڤ بهەژێنێت كاری لەسەر بكات، ئەو دەڵێت" پڕۆژەی هونەر لەپێناو مرۆڤدا یەكەمجار لەناو كورد، هونەرمەندی شێوەكار محەمەد ئیسماعیل دەستی بەوكارەكردو تێیداسەركەوتوو بوو، هەروەها ناوازە دەبێ ئەگەر بەردەوام بێت، لێرەوەش بەخەڵك دەڵێم ڕێز لەهونەرو هونەرمەندانی گەلەكەتان بگرن، چونكە كەناوی ئیسپانیات بەرگوێ دەكەوێ یەك ڕاست بیكاسۆت بیردەكەوێتەوە، بۆ؟ چونكە خەڵكەكە هونەری ئەویان بەرزڕاگرت، داوا لەهەموو هونەرمەندانیش دەكەم هاوكاری یەكتربن، تاپێتان دەكرێ درێخی نەكەن لەكاری خێرخوازی و هونەردۆست و سەرمایەدارانیش بەكڕینی تابڵۆیەك بەژداربن لەبەرەوپێش بردنی شارستانیەت.

هونەرمەندی شێوەكار محەمەد ئیسماعیل، كە بەداهێنەری پڕۆژەی (هونەر لەپێناو مرۆڤایەتی) دادەنرێت، لەبارەی ئەو پڕۆژەیەوە دەڵێت" لەكاتی كەرەنتینە كاتێك وێنەكەی نازم عەبدوڵڵام بینی زۆر كاری تێكردم و نەمدەزانی چۆن دەستی یارمەتی بۆ درێژ بكەم، بۆیە بڕیارمدا ئەو تابلۆیەی بكێشم و لەزیادكرنی ئاشكرا بیفرۆشم بۆی، وەك تاقیكردنەوەیەك، ویستم بزانم چەند كەس ویژدانی دەجوڵێت بەم تابلۆیە، هەرچەندە دوودڵیش بووم، چونكە هیچ ئەزموونێكی وا نەبووە لەناو كورد، دوای ئەوەی بیرۆكەكەم خستە روو دەنگی دایەوە لەناو راگەیاندن و دەستخۆشی زۆری خەڵك، من دامنابوو لەهەزار دۆلارەوە دەست پێ‌ بكەم، بەڵام دواتر نرخەكەی چووە سەرو دواجار كاك وریا عەلی ساڵەیی شەش هەزارو پێنج سەد دۆلاری پێداو بووە خاوەنی تابلۆكەو لەبەرچاوی خەڵك و دەزگاكانی راگەیاندن درایە دەست كاك نازم عەبدوڵڵا، منیش بەپۆست تابلۆكەم بۆ ئادرێسەكەی نارد".

هەرچەندە لەنزیكەوە كاك نازم ناناسم، چونكە من 25 ساڵە لەدەرەوە دەژیم، بەڵام بەهونەر دەتوانین چی بكەین؟ پەیامی هونەر چی دەبێت بۆ چاككردنی كێشەكانی كۆمەڵگا؟ هونەر دەبێت لەگەڵ بارودۆخی كۆمەڵگا بجوڵێ‌ و شتەكان بگۆڕێت، دەبێت هونەرمەند هەڵوێستی هەبێت بۆچارەسەركردنی كێشەكان، لەخراپەوە بۆ باش، من بۆیە هەڵسام بەو پڕۆژەیەو نرخ بەهونەر بدەم، بۆ لەوڵاتانی دیكە تابلۆ بخرێتە زیادكردنی ئاشكرا، با لەكوردستانیش هەبێت، كێشەی بێكاری كاك نازم كێشەی كۆمەڵگایە، ئەگەر هونەرمەندان و رۆشنبیران هاوكاری یەكتر بكەن و بچنە ناو پڕۆژەكان لەگەڵ سەرمایەداران دەتوانین زۆر كێشە چارەسەر بكەین".

شایانی باسە پڕۆژەی هونەر لەپێناو مرۆڤایەتی، ئەگەرچی یەكەم ئەزموونی هونەری بوو لەنێو كوردو بەتایبەت باشووری كوردستان، بەڵام بەبێ‌ شكست سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناو بووە جێگای رەزامەندی هونەرمەندو هونەردۆست و سەرمایەداران و تەنانەت چینی هەژارانیش، كاتێك بینیان كۆمەڵگا بەمجۆرە پێشوازی لەو پڕۆژەیە دەكات و چینی هەژار دەكەوێتەوە سەر زار.