Print this page

ئۆسكار حەز دەكات لە فیلم رۆڵ ببینێت

كانون1/ديسمبر 28, 2019

دیمانە/ هۆژین شەوكەت دری-سلێمانی
22 ساڵ بەر لە ئێستا و لە گەڕەكی كانێسكانی شاری سلێمانی، كچێكی شۆخ و جوان لە دایك دەبێت، بەهۆی خۆشەویستیی زۆریان بۆی ناوی لێ دەنێن ئۆسكار، ئەو وەك چۆن ناوەكەی دیارە خۆشی دەبێتە ئەستێرەیەكی دیار و هەر لە سەرەتاوە هێزی بڕوا بەخۆ بوون و خەونی مەزن و رۆئیای گەورەی لێ دەبیندرا.
ئەو ئێستا قۆتابی كۆتا قۆناغی بازرگانییە، یەكێكە لە دیارترین ئەو كچانەی هەمیشە چالاكن لە بوارەكەی خۆیاندا.
ئۆسكار ئیسماعیل، بە هۆی وورد بینی لە رووداوەكانی دەوروو بەری و شێوەی ژیانی هاورێ و هاوشارییەكانی، روودەچووە ناخی پڕ لە ئازاریان، بۆیە وەك خۆی گووتی بڕیاریدا بچێتە بەشی راگەیاندن، ئەو زیاتر بە زاری كرمانجی گووت" بڕیارمدا بچمە راگەیاندن، لەبەر ئەوەی كەسێكی زۆر كۆمەڵایەتی بووم، هەمیشە بەدوای كێشەو ناخۆشی وڵاتەكەمەوە بووم، ویستم پەیامم هەبێت، ئامانجم تەنها هۆشداری و سوود گەیاندن بوو لە راگەیاندن، دەمویست لە قسەكردن ئازاد بم، سەرەتای دەستپێكردنم لەگەڵ كۆمەڵە گەنجێكی زۆر بە ئەزموون بوو، ساڵی 2018 دەستم كرد بە كاری راگەیاندن لە ئازا میدیا، كە پەیامی ئازاد و گەنجانەی هەبوو، توانیم لە رێگەی راگەیاندنەوە لە زۆر شت تێبگەم و وردتر ببمەوە، ناخۆشی راگەیاندن ئەوەیە ناتوانی پەیامێكی ئازادانەت هەبێت و كارەكەت بە فلتەر دەڕوات، خەڵك هەمیشە بۆچوونی خراپ و جیاوازی هەیە، هاورێیەكم دەستی گرتم و هاوكاری كردم بۆ كاری راگەیاندن، پێی گووتم تۆ توانای راگەیاندنت هەیە، تواناكەت دەبینم دەزانم باش دەبیت پێم خۆشە هەوڵی بۆ بدەیت، ئەو دەی گووت ئۆسكار هەمیشە بوێر و ئازا بووە، دەمەوێت لە دەستپێكی میدیایەكی وەها لەگەڵمان بیت و بەیەكەوە كار بكەین".
ئۆسكار ئێستا جگە لە چالاكی مەدەنی، جار جاریش وەك مۆدێل دەردەكەوێت، ئەو گووتی" من مۆدێل نیم تەنها بۆ خۆشی ئەم كارانەم كردووە، حەزێكی زۆرم بۆ ئەكتەری هەیە، لە چەندین ریكلام بەشداریم كردووە خۆم ویستوومە و بە مەرجی خۆم كارم كردووە نەك مەرجم بۆ دابنێن، لە كوردستان كاری مۆدێل بەهای نەماوە ئەوەی دەبێت بە مۆدێل بە قسەی خۆیەتی هیچ فلتەرێك نییە پێدای تێپەرێت، بۆیە پێم باشە لایەنێكی پەیوەندیدار هەبێت لەم بابەتە ببێتە بەرپرس یا چاودێر، لەبەر ئەوەی وردە وردە تەكنەلۆژیا و مرۆڤ تێكەڵی یەكتری دەبن، ئەمەش كاریگەری زۆری هەیە بۆ داهاتوو، هیوای سەركەوتن بۆ گشتیان دەخوازم، دەزانم سۆشیال میدیا چەند ناخۆشە بۆیان بەڵام بە داوای لێبوردنەوە من مۆدێلی نابینم، ئەوەی دەیكەن خولیای خۆیانە بۆ ئەو كارە نەك مۆدێلی بێت، بۆ كاری ریكلام زیاتر دەمەوێت لەگەڵ یەك شوێن كار بكەم و ببمە فەیسی ریكلامی بڕاندێك، نامەوێت لە هەموو بابەتێك ریكلام بكەم، هەندێك شت هەن پەیوەندییان بە كارەكەی منەوە نییە، دەبێت كارێكی وابێت لە بوارەكەم نزیك بێت، گەورەترین خەون كە دەمەوێت لە ژیانمدا بیهێنمە دی هاوكاری كردنی هەژارانە، هەر كارو چالاكییەك ئەنجامی بدەم بۆ ئەوان بێت، كارێكی وابكەم دیاردەی سواڵكردن نەمێنێت، دەمەوێت رێكخراوێكم هەبێت بۆ منداڵانی وڵاتەكەم، مرۆڤایەتییان فێر بكرێت، داب ونەریتی خۆمان پێش رەگەز، زمان و دین بێت، فێر بكرێن لە چ كاتێكدا پێویستە بە بەزەیی بن و لە چ كاتێكدا رەق بن لەگەڵ بەرامبەرەكەیان، دەبێت لە منداڵییەوە ئەمە لە مێشكیاندا بچەسپێندرێت، تا وڵاتێكی جیاوازتر و باشترمان هەبێت".
ئۆسكار گووتیشی " لە هەموو پیشەیەك هەمیشە ئاستەنگ هەیە بە تایبەت بۆ ئافرەت زیاتر، كۆمەڵگەكەمان هێشتا بیر و بۆچوونی جیاوازە بۆ كاركردنی ئافرەت لە هەندێك بواردا، ناخۆشترین شت ئەوەیە پەیامەكانت بە هەڵە وەربگرن، بە پێچەوانە و بە جۆرێكی تر باسی بكەن، رەخنە هەمووكات جوانە، بەڵام بنیاتنەر بن نەك رووخێنەر، كاتێ كارێك ئەنجام دەدەم پێویستە چاوێكی رەخنەگر لەسەر كارەكەم هەبێت و جوانی و ناشرینی جەستە و روخسار بەلایەوە گرنگ نەبێت، جل هیچ پەیوەندی بە كارەكەوە نییە، بەڵام هێندەی رەخنە لەم شتانە دەگرن هێندە رەخنە لە كارەكەت ناگرن هەر چەندیش خراپ بێت، ئەگەر راگەیاندنكار نەبام دەمویست ببم بە نووسەر یا وێنەكێش، حەزم لە بەشداریكردنە لە فیلم، بەڵام سستین لە سیناریۆ و شانۆ، ئەكتەر رۆحی تەواو نادات بە رۆڵەكەی كە بەرجەستەی دەكات، دەرهێنەرەكان كاری باش دەكەن، بەڵام مەوادی پێویست نییە و هیچ بودجەیەك نییە، تا كارەكانی پێ بەڕێ بكات، ئەمەش وایكردووە فیلمەكانمان لە ئاستێكی باشدا نەبن".

سه‌رچاوه‌: مالپه‌ری زاری كرمانجی