سهرۆك بارزانی: پارێزگاری له پێكهوهژیانی كوردستان دهكهین
ئەمڕۆ پێنجشەممە سهرۆك مەسعود بارزانی لە پەیامێكدا به بۆنهی جهژنی “ڕۆژووی ئێزی”، پیرۆزبایی ئاراستهی خوشك و برا ئێزدییهكان دهكات و رایدهگهیهنێ كوردستان وڵاتی برایەتی و پێكەوەژیانە، پاراستنی ئەو تەبایی و برایەتی و پێكەوەژیانە ئەرکێکی پیرۆزە و درێخی لێ ناکەن.
ئەمەی خوارەوە دهقی پهیامهكهی سهرۆك بارزانییە، كە لە هەژماری فەرمیی بارەگای بارزانی بڵاوكراوەتەوە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی هاتنەوەی «جەژنی ڕۆژووی ئێزی»، گەرمترین پیروزبایی له خوشك و برایانی ئێزیدی لە كوردستان و سەرانسەری جیهان دەكەم.
هیوادارم ئەو جەژنە، شادی و ئارامی و بەختەوەریی بۆ خوشك و برا ئێزیدیەكانمان بهێنێت و کۆتایی بە ئازار و مەینەتییەکانیان بێت.
كوردستان وڵاتی برایەتی و پێكەوەژیانە و، پاراستنی ئەو تەبایی و برایەتی و پێكەوەژیانە ئەرکێکی پیرۆزە و درێخی لێ ناکەین.
جەژنتان پیرۆز و، ئومێد دەكەم هەمیشە جەژنەكانتان لە خۆشی و ئاشتیدا بكەنەوە.
مسعود بارزانی
19ـی 12ـی 2019
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی کریستیانەکانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکات و رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان وەک مەڵبەندی بەیەکەوە ژیانی نەتەوەیی و ئاینی دەمێنێتەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی جەژنی لە دایکبونی حەزرەتی مەسیحەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی کریستیانەکانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکات و رایگەیاندوە، "بەبۆنەی جەژنی لە دایکبونی حەزرەتی مەسیح (کریسمس)، پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی مەسیحییەکانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم، هیوادارم لە کەشێکی ئارام و ئاسودەدا، جەژن بەسەر ببەن".
مالپهری خهندان
ئەمڕۆ جەژنی ڕۆژووی ئێزدییەکانە، ئەم جەژنە دوای سێ ڕۆژ ڕۆژوو گرتنە و خوانی تایبەت بەخۆیان هەیە و سەردانی یەکتر دەکەن، هەربۆیە ئێزدییەکانی دهۆک'یش ئەمڕۆ ئەو جەژنەیان پیرۆزکرد.
وەک نەریتێکی ئاینی و کلتوری ئێزدییەکان، لە بەیانی جەژندا خواردنی ترشک "کفتە" دروست دەکەن و خزم و کەس و دۆست سەردانی یەکتر دەکەن.
لە هەموو داوا و نزاکانیاندا، ئێزدییەکان دوو داواکاری سەرەکییان هەیە، یەکەم ڕزگارکردنی ئەو کچ و ژنانەی لەژێر دەستی چەتەکانی داعشدا ماون، دووەم گەڕانەوەیان بۆ شەنگال و گەیاندی خزمەت گوزاری بە سنوورەکەیان، چونکە وەک خۆیان دەڵێن گوزرانیان لە کامپەکاندا خراپه.
ئێزدییەکان حەوت جەژنی سەرەکییان هەیە، ئەم جەژنەش بە یەکێک لە گەورەترین و پیرۆزترین جەژنەکانیان دادەنێن.
هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری کرماشان دوو چالاکی فەرهەنگیی ئەو شارەیان دەسبەسەر کرد.
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کرماشان بەشێک لە چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبی شاری شائاباد و کرماشانی دەسبەسەر کردووە.
هەر لەو پێوەندیەدا ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کرماشان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی دوو چالاکی فەرهەنگی، بە ناوەکانی “فواد موزەفەری” و ” فەرزاد سەفەرە” و دەسبەسەریان کردوون.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو هێزانە لە کاتی دەسبەسەر کردنی ئەو دوو چالاکە، سەرەڕای پشکنینی ماڵەکانیان دەستیان بەسەر هێندێک کەلوپەلی تاکەکەسی وەک موبایل، کتێب و لاپ تاپ، داگرتووە و لە گەڵ خۆیان بردوویانن.
فەرزاد و فواد، لە چالاکانی فەرهەنگی، نووسەر و ڕەخنەگری ئەدەبی شاری کرماشانن و تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو دوو چالاکە فەرهەنگییە هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.
پێشتریش ئاکۆ جەلیلیان، سۆهراب مورادی، داریوش مورادی، ئەحمەد بەساتی و ئانیسا جەعفەری مێهر لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون.
سهرچاوه: مالپهری كورد و كوردستان
کچە دیزاینەر نوقڵە عوسمان، تەمەنی ٢٧ ساڵە و دیزاینەری جل و بەرگە لە گفتوگۆیەکی هەولێردا دەڵێت: "خاوەن براندی خۆمم و خۆم کارەکانم بەڕێوەدەبەم، زۆر بێ ھیوا کرام، بەڵام پشوو درێژ بووم، سوور بووم لەسەر توانای خۆم تا بە ئامانج گەیشتم".
نەمتوانی لەو بەشە بخوێنم کە حەزم لێی بوو
هەولێر: چۆن بیرت لەوە کردەوە ببیت بە دیزاینەرو ئەم پیشەیە هەڵبژێریت؟
نوقڵە عوسمان: بڕیارو خەونی منداڵیم بوو ببم بە دیزاینەر، وە براندی تایبەت بە خۆمم ھەبێت. مەرج نییە ھەموومان ببین بە دکتۆر و ئەندازیار، کاتێک لە خوێندنی زانکۆ ئەو بەشەی حەزم لێ بوو نەمتوانی بەدەستی بهێنم بڕیارمدا ببم بە دیزانەر، چونکە وەک باسم کرد خەونی منداڵیم بوو، دڵنیا بووم دەتوانم لەم بوارەدا سەرکەوتووبم.
سەرەتا تەنها چینێکی دیاری کراوی کۆمەڵگە کارەکانیان دەکڕیم
هەولێر: پێشوازی خەڵک چۆن بوو بۆ دەستپێکی کارەکانت؟
نوقڵە عوسمان: ئەوکاتەی من دەستم بە ئیش کرد، بە شێوازێکی باش پشوازیم لێ کرا، بەڵام کارەکەم کەمێک نامۆ بوو، تەنھا چینێکی دیاری کراوی کۆمەڵگە کارەکانیان دەکڕیم.
هەولێر: خێزانەکەت تا چەند ھاوکارت بوو؟ بۆ ئەم کارە ڕۆڵی خێزان بۆ ھاندانی کچان تا چەند گرنگە؟
نوقڵە عوسمان: سەرەڕای قورسی کارەکەم، قسەی کۆمەڵگە، خێزانەکەم ھانیان دەدام کە دەبێت بەردەوام بم و نەوەستم، گوێ بە بەرپەرچدانەوەکانی خەڵک نەدەم چونکە هەمیشە هەوڵی وەستاندن بۆ هەموو کارێک هەر هەیە، ھۆکاری بەردەوامیم خیزانەکەم بوو، بە تایبەت باوکم.
كچ و کوڕ بێ جیاوازی گرنگە خاوەنی ئابووری سەربەخۆی خۆیان بن
هەولێر: ئەم کارەت توانیویەتی ئابووری سەربەخۆی خۆت بۆ دابین بکات؟
نوقڵە عوسمان: بەڵێ من چوار ساڵە کارەکە مسەربەخۆیە و توانیومە خاوەن ئابووری خۆم بم.
هەولێر: پێت وایە ئابووری سەربەخۆ ڕۆڵی ھەیە لە ئازادی کچاندا؟
نوقڵە عوسمان: بە بڕوای من، کچ بیت یاخود کوڕ، دەبێت کاری سەربەخۆی خۆی ھەبێت،
بۆ ئەوەی بتوانێت لایەنی مادیی ژیانی خۆی دابین بکات و ئازاد بێت هیچ نەبێت لە بەشێکی ژیانی خۆی.
هەولێر: چیت ھەیە بۆ کچان بۆ ئەوەی ببنە خاوەن کاری خۆیان؟
نوقڵە عوسمان: ئەمڕۆ پێویستە ھەموو گەنجێک ھەوڵبدات خۆی کاری سەربەخۆی خۆی هەبێت، چاوەڕێی ئەوە نەبێت کەسێک کاری بۆ بدۆزێتەوە، پێویستە گەنج خۆی هەوڵەکانی بخاتە گەڕ بۆ دۆزینەوەی کاری دڵخوازی خۆی.
بەهۆی کارەکەمەوە هاوکاری خێزانەکەشم دەبم
هەولێر: ئابووری سەربەخۆ چی بە تۆ بەخشی؟
نوقڵە عوسمان: بێجگە لە پێگەیاندنی خۆم یارمەتیدام هاوکاری خیزانەکەشم بم.
هەولێر: خەونەکانت ئاوا دەمێنیتەوە یان پلانت ھەیە بۆ داھاتوو؟
نوقڵە عوسمان: دوای چوار ساڵ کارکردن، ئیستا ئامادەکاری دەکەم بۆ براندی تایبەت بە خۆم و کردنەوەی شوێنێکی تایبەت بە کارەکانم.
هەولێر: توشی ئاستنەگ بویتەوە بە هۆی پیشەکەتەوە؟
نوقڵە عوسمان: بەڵی و زۆر بێ ھیوا کرام، بەڵام پشوو درێژ بووم، سوور بووم لەسەر توانای خۆم و هەوڵەکانم، وازم نەھێنا ئێستا خاوەنی براندی مۆمۆم.
سهرچاوه: مالپهری ههولێر
سهرچاوه: مالپهڕی نەوا
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مشتومڕەکان تادێت گەرمتر دەبن لەسەر چۆنییەتی داڕشتنەوەی پێکهاتەی حیزبی و چاوەڕوان دەکرێت لە ئەگەری پەسەندکردنی لەلایەن کۆنگرەیەوە، یەکێتی دوای کۆنگرە پێکهاتەیەکی رێکخراوەیی تەواو جیاوازی هەبێت لەوەی ئێستا هەیە.
دوای ئەوەی کە لیژنەی باڵای داڕشتنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی واژوویان لەسەر رەشنووسێکی ئامادەکراو کرد، لەئێستادا هەموو سەرنجەکان لەسەر چۆنییەتی داڕشتنەوەی پێکهاتەی دامودەزگا و ئۆرگانەکانی ئەو حزبەیە.
لیژنەی باڵای ئامادەکردنی پەیڕەوی ناوخۆ بۆ کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرجەم خاڵەکانی پەیڕەوی ناوخۆی بڵاوکردەوە.
ماددەکانی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی دوای پەسەندکردنیان لە نێو کۆنگرەی چوارەمی حیزبەکە دەتوانرێت هەندێک خاڵی لێ لاببرێت و ئەوانەی کە دەمێننەوە دوای پەسەندکردنی بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە نێو ماددەکاندا چەندین سیناریۆ دەخرێتە بەردەم ئەندامانی کۆنگرەی چوارەم، تایبەت بە پێکهاتەی حیزبیی و دەسەڵاتەکانی. دوای ئەوەی کە دەنگی لەسەر دەدرێت، پەیڕەوەکە پەسەند دەکرێت.
لەبارەی چۆنییەتی ئامادەکردنی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی و قۆناغەکانی گەشەپێدانی، هاوکات لەبارەی ئەو سیناریۆیانەی کە ئامادە کراوە لە خاڵەکانی نێو رەشنووسەکەدا بۆ پێکهاتەی نوێی حزبیی، ئیبراهیم جەلال ئەندامی لیژنەی باڵای نووسینەوەی رەشنووسی پەیڕەوی نوێی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەهەڤپەیڤینێکدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وردەکارییەکانی بڵاوکردەوە.
چۆن پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی بۆ کۆنگرەی چوار ئامادە کرا:
لەبارەی چۆنییەتی ئامادەکردنی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکە، ئیبراهیم جەلال ئاماژەی بەوەدا کە لە پەیڕەوی کۆنگرەی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هاتووە کە لەناو ئەنجوومەنی ناوەنددا کۆمیسیۆنێک هەیە بەناوی کۆمیسیۆنی پەیڕەو، یەکێک لە ئەرکەکانی ئەو کۆمیسیۆنە بریتییە لە ئامادەکردنی رەشنووسی پەیڕەو لەکاتی بەستنی کۆنگرەدا، هەر بۆیە ئەندامانی ئەو کۆمیسیۆنە لە ٢٠١٤ەوە کەوتوونەتە خۆیان بۆ نووسینەوەی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی بۆ کۆنگرەی چوارەم.
ناوبراو رایگەیاند، "دوای ئەوەی هەشت مانگ کۆمیسیۆنەکە کار دەکات لەسەری، رەشنووسەکە دەدرێتە ئەنجوومەنی ناوەند بۆ دەنگدان لەسەری، دواتر بە رەزامەندی ئەنجوومەن رەشنووسەکە قبوڵ دەکرێت، پاشان لیژنەیەکی باڵای نووسینەوەی رەشنووس لەلایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە دروستکرا کە چوار ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەند لەنێو ئەو لیژنەیەدا دەبێت. دواتر ئەو لیژنە باڵایە کاری خۆیان کرد بۆ داڕشتنەوەی ئەو رەشنووسەی کە لە کۆمیسیۆنی پەیڕەوەوە وەرگیرابوو، ئەوەش دواتر خرایە گفتوگۆوە، لەگەڵ هەوڵدان بۆ گونجاندنی چەندین پرۆژە و بیروبۆچوونی تر کە لە مەکتەبەکانی تری یەکێتییەوە دەهاتن، دواتر بڕیار درا، یەک رەشنووس ئامادە بکرێت کە بەجۆرێک بێت لەگەڵ قۆناغی داهاتووی کۆنگرەی یەکێتیدا بگونجێت، هاوکات پەیڕەوێکی سەردەمیانە بێت، دواتریش پەیڕەوێک بێت لەگەڵ بیری پارتێکی سۆسیال دیموکراتدا بگونجێت، زۆرترین کاریش کراوە کە بگونجێت لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموکراتی فەڕەنسی و پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی. پاشان پرۆگرامێکی هەبێت کە وەڵامدەرەوەی خواستە نیشتمانی و حزبی و نەتەوەییەکان بێت بەشێوەیەک بێت کە پێکهاتەی نوێی یەکێتی لەسەر بنەمایەک دیاری بکرێت، ئەگەر بێت و گۆڕانکاری لە کەسایەتییەکانی نێو پۆستە باڵاکانی ئەو پارتەدا بکرێت، ئەوا ئەرک و فەرمانەکانی خۆی بەپێی پەیڕەوەکە جێبەجێ بکات".
ئەوەش زانراوە کە ئەو رەشنووسەی کە واژووی لەسەر کراوە قۆناغی کۆتایی نییە، بەڵکو دەنگدانی لە کۆنگرە دوایین وێستگەی رەشنووسەکە دەبێت دوای قبوڵکردنی، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە قابیلی گۆڕانکاریە تیایدا ئەنجام بدرێت.
پرۆژە جیاوازەکانی سەرکردەکانی نێو یەکێتی سەبارەت بە پێکهاتەی یەکێتی
بەپێی زانیارییەکان زۆرێک لەسەرکردە دیارەکانی نێو حزبەکە پرۆژەی تایبەتی خۆیان هەبووە لەسەر داڕشتنەوەی پێکهاتەی نوێی یەکێتی و بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ئەنادۆڵ کەوتووە، هەریەک لە بەرهەم ساڵح سەرکۆماری عێراق، مەلا بەختیار کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کە ئێستا بەهۆی نەخۆشییەوە دوورکەوتۆتەوە لە سیاسەت و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و هاوسەری سەرکۆماری پێشووی عێراق جەلال تاڵەبانی-يه، بافڵ تاڵەبانی کوڕی جەلال تاڵەبانی، لاهور شێخ جەنگی برازای جەلال تاڵەبانی، هەموو بە جیا پێشنیاز و پرۆژەی تایبەتی خۆیان هەبووە، جگە لە مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی و مەڵبەندی هەولێر و سلێمانی ئەو پارتە، سەرجەم پێشنیازەکانیان کۆکراوەتەوە دواتر لەو خاڵانەی کە دەکرا بگونجێندرێت لەگەڵ رەشنووسە ئامادەکراوەکەدا، تێبینی لەسەری وەرگیراوە و جێگیرکراوە. بەپێی هەندێک زانیاری کە دەست ئاژانسی ئەنادۆڵ کەوتووە لەکاتێکدا لەسەدا 85ی کارەکانی ئەم رەشنووسە کۆتایەش تەواو بێت بە لیژنەی باڵای داڕشتنەوەی پەیڕەو دەگوترێت کە کۆتایی بهێنن بەکارەکانتان چونکە کۆنگرە دوادەخرێت، ئەوانیش لەم دواییەدا کە دوای یەکلاکردنەوەی هەڵوێستەکان لەسەر ئەنجامدانی کۆنگرە، ئەو لەسەدا 15یەی کەماوە لە ١٥ی کانوونی یەکەم، دوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای داڕشتنەوەی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆ، توانرا رەشنووسی پەیڕەو و پرۆگرامەکە بەئەنجام بگەیەندرێت، بەشێوەیەک کە بنەما کوردستانیی، سەردەمیی، سۆسیال دیموکراتییەکانی تیادا جێگە بکرێتەوە.
ماددەکانی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی
ئیبراهیم جەلال لەبارەی ماددەکانی نێو رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیەوە وتی،"هەر پەیڕەوەکە لە 76 ماددە پێکهاتووە و مافی مرۆڤ، مافی رێکخراوە دیموکراتییەکان، مافی ژنان، مافی گونجاندن لەگەڵ پارتەکانی تری کوردستاندا، کاری بەڕێوەبردنی حوکمڕانی تر، تیایدا جێگە کراوەتەوە. هەریەک لەو ماددانە پەیوەستە بە بەشێک لە ئەرکەکانی یەکێتی کە دەبێت جێبەجێی بکات، لەسەر شێوەی هەرەمی کارکردنی حزبی."
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بڕیار دراوە 121 ئەندام بچێتە لیژنەی ئەنجوومەنی باڵای یەکێتی بۆ ئەوەی بتوانێت کارەکانی بەشێوەیەکی دامەزراوەیی بەرێوەببرێت و هیچ دامودەزگایەکی پارتەکە لەلایەن کەسییەوە قۆرخ نەکرێت. هاوکات ئەو لیژنەی باڵای سەرکردایەتی یەکێتی لەداوی هەڵبژاردنی لەنێو کۆنگرەدا، ئەوان ئەرکی هەڵبژاردنی سکرتێر و جێگر، یان جێگرەکان (کە بۆ ئەو مەبەستە سێ سیناریۆ پێشکەشکراوە) هەڵبژێرن.
سیناریۆکان:
لەبارەی سیناریۆکانی کە ئامادە کراوە بۆ کۆنگرەی چوارم بەپێی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای نووسینەوەی رەشنووسی پەیڕەوی نوێی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گوتی، "یەکەمیان، دەکرێت لەنێو کۆنگرەدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. دەکرێت لەنێو لیژنەی ئەنجوومەنی باڵا ئەنجام بدرێت، دەکرێت هەڵبژاردن بۆ یەک سکرتێر و یەک جێگر ئەنجام بدرێت. دووەمیان، دەکرێت دەنگدان بۆ سکرتێرێک و چوار جێگر بکرێت".
دەستەکان جێگەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی دەگرنەوە
لەبارەی گۆڕانکاری لەپێکهاتە و ناوی دەستەکان دا ئیبراهیم جەلال گوتی، "دەستەی جێبەجێکار وا دانراوە کە لەگەڵ سکرتاریەت و جێگرەکانی لەگەڵ دەستەی جێبەجێکاردا، 15-17 کەس بێت کە ئەو دەستەی جێبەجێکارە ئەرکی جێگرەوەی کارگێڕی کۆنی مەکتەبی سیاسی و مەکتەبی سیاسی خۆیشی بێت دواتر لێپرسراوی مەکتەب و مەڵبەندەکانی تر بەهەڵبژاردن دەبێت لەنێو ئەو ١٢١ کەسەی لە لیژنەی ئەنجوومەنی باڵای یەکیتیدا جێگیرکراون. هیچ یەکێک لەوانە شوێنەکەی جێگیر نابێت کە بۆی دانراوە چونکە ئەو 121 ئەندامە بڕیار دەدات ئەو کەسەی دانراوە بۆ یەکێک لە مەکتەبەکان بۆ نموونە راگەیاندن کە کەسێکی سەرکەوتووە یان نا و دەتوانێت بڕیار بدات لەسەر لابردنی یان هێشتنەوەی".
لەبارەی دەنگۆکان لەسەر دیاریکردنی کەسێک وەک سەرۆکی قەوارە جگە لە سەرۆک یان سکرتێر، ئیبراهیم جەلال رایگەیاند، "لە رەشنووسەکەدا هەموو ئەو پرسانە جێگیرکراون و دیاریکراون و بڕیار دراوە کە ناوی قەوارە لابردرێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەندامانی لیژنەی داڕشتنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی نەیانخواستووە نموونەیەک لە وڵاتانی دراوسێ وەرگرن، پێیان باش بووە کە ناوێکی تری لێبنێن ئەویش "دەستەی باڵای دانایان" کە جێگرێک و سکرتێرێکی دەبێت و بەپێی پەیڕەوی رەشنووسەکە ئەرک و دەسەڵاتەکانی دیاری دەکرێت، ئەوەی کە لەناو پەیڕەوەکەدا دیاریکراوە جگە لەوە دەتوانێت بەرنامەی کار دیاری بکرێت کە ئەمە تایبەتە بەو بەرپرسە باڵایانەی نێو یەکێتی کە پێشتر زۆر ماندوو بوون و لەئێستادا خوازیار نین خۆیان کاندید بکەنەوە یان دەنگی پێویست ناهێننەوە لە کۆنگرەدا. جگە لەوە ئەزموونی زۆریان هەیە لەکاری راوێژکاریدا و دەتوانن لەنێو ئەو ئەنجوومەنە کە بە "دەستەی باڵای دانایان" ناودەبرێت دەتوانن بچنە نێوی، بەڵام ئەمەش مەرجی بۆ دانراوە ئەویش ئەوەیە کە هەرکەسیک خۆی هەڵبژارد بۆ ئەنجوومەنی گشتی و دەرنەچوو، بۆی نییە بچێتە نێو ئەنجومەنی دانایان".
بە پێی وتەکانی ئیبراهیم جەلال، ئەنجوومەنی دانایان سکرتێرێکی هەیە و یەکێتی-یش سەرۆکێکی هەیە، ئەمەش دەسەڵات و ئەرکەکانی جیایە و کەدواتر دەخرێتە دەنگدانەوە کە دواجار پەسەند کرا، ئەوا کۆنگرە سێ سیناریۆ لەخۆ دەگرێت و لەوبارەیەوە بە ئاژانسی ئەنادۆڵى راگەیاند،
"سیناریۆکان بەم چەشنەن: دۆخی یەکەم ئەوەیە کە سەرکردەیەکی کۆمەڵەیی هەبێت، دۆخەکەی تریش ئەوەیە کە یەک سەرکردە هەبێت. ئەوانەش کۆنگرە بڕیاری لەسەر دەدات".
لەدرێژەی قسەکانیدا ئیبراهیم جەلال وتی:
"یەکێتی پێک دێت لە سێ دەستە ئەوانیش:
1.دەستەیەکی راوێژکار.
2.دەستەیەکەی دانایان.
3.دەستەیەکی سەرکردایەتی کە بریتیە لە دەستەی سەرکردەی ئەنجوومەنە گشتییەکە.
ئەو سێ دەستەیە بە راوێژ لەگەڵ یەکتر دەتوانن ئەرکەکانیان لەگەڵ یەکتر دابەش بکەن".
ئەو سیناریۆیەی کە لای هەمووان پەسەندترە:
لەبارەی پەسەندترین سیناریۆ کە لای زۆرینە پەسەندن، ئەندامی لیژنەی باڵای نووسینەوەی رەشنووسی پەیڕەوی نوێی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتی، "ئەوەی کە بیروڕای زۆرینەی لەسەرە ئەوەیە کە لەنێو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا یەک سەرۆک یان یەک سکرتێر هەبێت و چوار جێگری هەبێت، ئەوکاتە دەتوانرێت لەبری ئەوەی سێ سەرکردایەتی هەبێت، جێگرەکان دەتوانن ئەرکەکان بگرنە ئەستۆ. واتە خۆیان ئەرکی دامەزراوەکان بگرنە ئەستۆ یان خۆیان دابەش بن بەسەر سەرۆکی دامەزراوەکاندا".
لەم بارەیەوە ئیبراهیم جەلال وتی، "زیادبوونی ژمارەی جێگرەکانی سکرتێری گشتی لە دووانەوە بۆ چوار، لەسەر ئەو گرێیەیە کە لەکاتی پێشوودا سکرتێر دوو جێگری هەبووە دواتر کارگێڕ هەبووە کە توانیوێتی ئەرکی هەردوو جێگرەکە جێبەجێ بکات، بەڵام لەئێستادا ئەرکەکان دابەش دەبێت، لەوانە ئەرکی رێکخراوەیی، ئەرکی سیاسی، ئەرکی دیپلۆماسی و راگەیاندن، ئەرکی کاری پێشمەرگانە، ئەو دابەشبوونە زیاتر سەربەخۆیی خۆی وەردەگرێت وەک پێشتر. دەکرێت یەکێک لەم چوار کەسە جێگر نەبێت، بەڵکو یەکێکیان جێگر بێت و سیانەکەی تر هاوکار بن. واتە هاوکاری سکرتێر یان هاوکاری سەرۆک بن کە ئەمە دواتر لە کۆنگرەدا یەکلایی دەکرێتەوە".
هەر بەپێی پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆیی یەکێتی کە ئێستا رەشنووسەکەی ئامادەکراوە هیچ یەکێک لە سەرۆکی ئەو دەستە و ئەنجوومەنانەی کە دانراوە مافی ڤیتۆکردنی بڕیاری دەستە و ئەنجوومەنەکانی تری نابێت. دەستەی باڵای دانایان، ئەرکەکەی "راوێژکاری و چاودێریە"، ئەمانە ئەرکەکانیان چاودێریکردنی کاروباری حزبە، جگە لەوەش ئامۆژگاریکردن ئەرکیانە نەک مافی ڤیتۆکردن. ئەرکەکانیان بەپێی پەیڕەو دەبێت و کۆمەڵێک لە ئەرکەکانیان دیاریکراوە، جگە لەوەی مافی ئەوەیان دراوەتێ کە بەرنامەی کاری خۆیان دیاری بکەن.
ئەوانەی کە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای دانایان دەبن سیفەتی سەرکردایەتییان هەیە
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە هەریەک لە دەستەواژەکانی مەکتەبی سیاسی، کارگێڕ و سەرکردایەتی، دەگۆڕێت بۆ ئەنجوومەنی گشتی، دەستەی جێبەجێکار.
جگە لەوە هەموو ئۆرگانەکانی تری نێو یەکێتی وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەرک و ماف و دەسەڵاتەکانیان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت.
ئیبراهیم جەلال دەڵێت،" ئەڵقەی پەیوەندیەکانی خوارەوە لەگەڵ سەرکردایەتیدا بەهێزتر دەبێت لەچاو ئەوەی پێشووتر. بەو پێیەش هەریەک لە ئەڵقەکانی ئەندامانی کۆمیتە دەتوانێت بیروڕاکانی خۆی بگەیەنێتە ئەنجوومەنی گشتی کە هاوکات خۆی ئەڵقەی پەیوەندییە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا.هەر ئەمانەش دەتوانن بەپێی دەنگدان، ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی دیاری بکەن، واتە تا ئەنجامدانی کۆنگرەی داهاتوو ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی گشتی نامێننەوە، دەکرێت بەدەنگدان لاببرێن. هاوکات لە پەیڕەودا دیاریکراوە کە ئەنجوومەنی گشتی چەند کۆبوونەوە دەکات لە وەرزێکدا، یان لە مانگێک و ساڵێکدا لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەدا، هەموو ئەو پێشنیاز و رەخنانەی کە سەردەکەوێت بۆ ئەو ئەنجوومەن گشتییە دەنگی لەسەر دەدرێت.دەتوانێت بەرپرسی مەکتەبی رێکخست بگۆڕێت، ئەویش دوای ئەوەی کە بەرپرسەکە دەکشێنێتەوە بۆ نێو ئەنجوومەنەکە، دواتر لەنێو ئەنجوومەنەکەوە کەسێکی تری شیاو دیاری دەکرێت بۆ بەرپرسی مەکتەبی رێکخستن. ئەویش بە دەنگدان کە زۆرینەی ٦١ دەنگ دەکات لە کۆی 121 دەنگ".
چۆن ١٢١ ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی کارەکان رادەپەڕێنن
لەبارەی چۆنیەتی دانان و دیاریکردنی 121 ئەندامی ئەنجومەنی گشتی-ەوە ئیبراهیم جەلال وتی،" دیاریکردنی 121 ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیش بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2014دا دانراوە لەسەر مافی بەدەستهێنانی (استحقاق)ی مەڵبەندەکان لە شارەکاندا، هەر پارێزگایە و بەپێی مافی بەرکەوتەی (استحقاق)ی هەڵبژاردنی خۆی دەچێتە نێو کۆنگرە، بەوچەشنەش بەشێوەیەک بیر کراوەتەوە ئەگەر بێت و لەو 121 کەسە، 60یان کاری ئۆرگانی نێو رێکخراوەکان بەڕێوەدەبات ئەوەی تری دەمێنێتەوە وەک ئەنجوومەنی یاسایی، یان وەک پەرلەمانێتک چاودێری کارەکانی ئەو کەسانەی تر دەکات. ئەمەش جۆرێک لە لامەرکەزیەت دەدات بە مەڵبەندەکان لە پارێزگاکان. جارێکی تر استحقاقی شارێک استحقاقی شارێکی تر ناخوات.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بڵاو کراونەتەوە بەرکەوتەی ناوچەکان لە ئەندامانی سەرکردایەتی ی.ن.ک بەراورد بە کۆنگرەی پێشوو بەمشێوەیە دەبێت.
سلێمانی لە 13 ئەندامەوە دەکرێتە 23 ئەندام کە تییدا 10 ئەندام زیاد کراوە، لە شارەزوور لە کۆنگرەی سێهەمدا 4 کەس دیاریکرابوو لەئێستادا دەکرێتە 6 کەس، گەرمیان لە 3 کەسەوە کراوەتە 4 کەس، چەمچەماڵ لە 1 کەسەوە دەکرێتە 3 کەس، هەولێر لە 6 کەسەوە دەکرێتە 15 کەس، کۆیە لە 3 کەسەوە دەکرێتە 4 کەس، سۆران لە 3 کەسەوە دەکرێتە 5، کەرکووک لە 7 کەسەوە بۆ 29 کەس بەرزکراوەتەوە کە 22 ئەندام زیاد کراوە، دیالە لە کۆی 5 ئەندام کە لە کۆنگرەی سێیەمدا دەستنیشانکرابوون هەروەک خۆی دەمێنێتەوە، لە سەڵاحەدین کە پێشتر هیچ کەسیان بۆ دەستنیشان نەکرا ئێستا 2 ئەندامی دەبێت، لە راپەڕین لە 4 کەسەوە بۆ 9 کەس زیادکراوە لە دهۆک لە کەسێکەوە بۆ 3 کەس زیاد دەکرێت، لە بەغدا لەکۆنگرەی سێيەمدا هیچ ئەندامێکیان نەبوە، دەکرێتە 1 ئەندام.
سهرچاوه: ماڵپهڕی نەوا
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، شەوی رابردوو هاوڵاتیانی سنوری گوندێكی مەخمور هێرشێكی چەكدارانی داعشیان تێكشكاندوەو پەلامارەكەی چەكدارانی داعش بۆ سەر ئەو گوندە بێ زیان بوە.
وەزارەتی پێشمەرگە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، شەوی پێنج شەممە چەكدارانی داعش هەوڵیانداوە دزەبكەنە ناو گوندی (عەلی رەش) لە سنوری ناحیەی "باقرت"ی سەربە قەزای مەخمور، بەڵام خەڵكی گوندەكە، كە سەرجەمیان كوردن، رێگرییان لێكردون و شەڕ لەنێوانیان دروست بوە.
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە داعش نەیتوانیوە مەرامەكەی جێبەجێ بكات و هیچ زیانێك بەو گوندەو دانیشتوانەكەی بگەیەنێت، لە ئەنجامدا پەلامارەكە شكستی هێناوەو چەكدارانی داعش ناچاركران بەرەو مۆڵگەكانیان هەڵبێن.
سهرچاوه: مالپهری خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەمڕۆ هەینی دوو بنەماڵەی عەشیرەتی”الخنافر” بە چەكی سوك و مامناوەند ڕووبەڕووی یەكتربوونەوە و بەهۆیەوە چەندین برینداری لێكەوتەوە.
میدیاكانی عیراق بڵاویانكردەوە، ئەو ڕووبەڕووبونەوە چەكدارییە لە شارۆچكەی شەترەی سەر بە پارێزگای زیقار ڕوویداوە و بەهۆیەوە تائێستا چەند بریندارێكی لێكەوتووەتەوە.
هەر بەپێی زانیارییەكان هێزێكی ئەمنی گەمارۆی ناوچەكەیانداوە، بەڵام تائێستا شەڕەكە كۆنترۆڵنەكراوە.
دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشووی عیراق پێكدادانی چەكداری لە نێو عەشیرەتەكانی باشوری عیراقدا زیادی كردووە و تائێستا حكومەتی عیراق نەیتوانیووە سنورێكی بۆ دابنێت.
شهوی یهڵدا كهدرێژترین شهوو كورترین رۆژی ساڵه، لهڕووه زانستییهكهیهوه كاتێك روودهدات كهخۆر دهكهوێته گهورهترین خاڵی سهر هێڵی ناوهڕاستی زهوی. میللهتانیش ههر یهكهو بهشێوهیهك ئهو شهوه بهڕێدهكهن، خواردنو چالاكیو فێستیڤاڵو كۆبوونهوهی كهسوكارو هاوڕێیان لهتایبهتمهندییهكانی ئهو شهوهنو لهههرێمی كوردستانیش لەسەعات 8ی شەوەوە لهبینای ئهمنه سوورهكه چهند چالاكییهك رێكدهخرێت.
بهمانای لهدایكبوون
بهپێی رۆژژمێری زاینیش شهوی یهڵدا ههڵگهڕانهوهی زستانه لهنیوهی باكووری زهوی لهنێوان 20بۆ23ی كانوونی یهكهمی ههموو ساڵیك، لهنیوهكهی باشووریش لهنێوان 20بۆ23ی حوزهیران روودهدات. جهواد حهیدهری رۆژنامهنووس لهبارهی مهراسیمی شهوی یهڵداوه بۆ كوردستانی نوێ ئاماژهی بهوهكرد كهشهوی یهڵدا وشهیهكی سریانییه بهمانای لهدایكبوون دێت، كهمهبهستیش لهدایكبوونی خۆره، وتیشی: دوو چله ههیه لهوهرزهكانی ساڵدا، یهكێكیان چلهی هاوین كه لهمانگی پوشپهڕهوه دهستپێدهكات، ئهویتریشیان لهیهكهم رۆژی زستان لهمانگی بهفرانبارهوه دهبێت. حهیدهری ئهوهشی خستهڕوو كه لهناو نهتهوهكانی ئارییهكانو هیندییهكانو ئهوروپییهكانو ئێرانی كۆندا، یهكهم شهوی زستان كه بهشهوی یهڵدا ناسراوه، بهمانای سهركهوتنی ئاهورمهزدا بهسهر ئهههریمهندا دێت، واته سهركهوتنی رووناكی بهسهر تاریكیدا.
خواردنهكانی شهوی یهڵدا
لهو شهوهدا ههر ناوچهیهو ههر هۆزێك شێوازی خواردنیان جیاوازه، لهوانه: جولهكهكان لهو شهوهدا جهژنێكیان ههیه كه بهجهژنی درهخت ناسراوه، مۆم دادهگیرسێننو دهست بهنزاو پاڕانهوه دهكهن، هاوكات لهلای كوردیش ئهو شهوه بهجیاوازتر ناو دهبرێت، وهك جهواد حهیدهری وتی: لهناو كورددا بهشهوی یهڵدا دهوترێت (شهوی شهو چلهی شهو) كهكهسوكارو خزمو هاوڕێ كۆدهبنهوهو كاتێكی خۆش بهسهردهبهن، وتیشی: ئهو شهوه لهناوچهی موكریان كهسوكار لهدهوری یهكتری كۆدهبنهوهو بۆڵهترێ كه لهمانگی كۆتایی هاویندا بهپهت ههڵدهگیرێت وشك دهكرێتهوه، بۆئهوهی لهو شهوهدا بخورێت، ههروهها ههر لهو شهوهدا كاسهو دراوسێیهتی دهكرێت لهنێوان خۆیاندا كهدراوسێیهكان خواردن بۆ یهكتری دهنێرن، لهناوچهی سنهش لهكۆتایی هاویندا كاڵهكێك ههڵدهگیرێت كه پێی دهوترێت (كاڵهكه ترشه) دهخرێتهناو سركهوهو لهو شهوهدا لهگهڵ یاپراخی باینجانو بینهری سوور دهخورێت. حهیدهری، وتیشی: ههر لهشهوی یهڵدادا زیاتر شوتیو ههنارو ههرمێ دهخورێت، خواردنی شووتیش بهو مانایهیه كه ماڵئاوایی كردنه لهوهرزی گهرماو پێشوازیی لهسهرما.
مهراسیمی شهوی یهڵدا
شهوی یهڵدا لهنێو گهلانی جیهاندا تایبهتمهندیی خۆی ههیهو ههر وڵاتێك لهو شهوهدا بهپێی دابونهریتهكان ئاههنگو فێستیڤاڵ رێكدهخهن.
لهیابان، لهسهدهی حهوتهمی زاینیدا بهدهركهوتنی خواوهندی خۆر (تامیتراسۆ) لهئهشكهوتێكدا یادی ئهو شهوه كراوهتهوه، لهههندێك شوێنی دیكهی ژاپۆنیش بهلێنانی خواردن ئهو شهوه بهڕێدهكرێت.
چین، یهكێكی دیكهیه لهو وڵاتانهی كه لهو شهوهدا خێزانه چینییهكان ژهمه خۆراكی تانگیوان دهخوان كه لهپێكهاتهكهی برنجه، بهمانای یهكگرتوویی خێزانهكان دێت، ئهمه وێڕای ئهنجامدانی ئاههنگو چهندین فێستیڤاڵی جۆراوجۆر.
مانای شهوی یهڵدا لای وڵاتان
درێژترین شهوی ساڵ له فیلهندایه كه ماوهكهی 18 سهعاتو 22 خولهكه، دوای ئهویش نهرویژ دێت كه 18 سهعاتو 9 خولهكه، سویدش لهپلهی سێیهمدا دێت كه 17 سهعاتو 54 خولهكه، ههروهها درێژترین شهو لهههرێمی كوردستاندا 17 سهعات و 14 خولهك دهبێت. وهك بڕیاریشه لهكوردستاندا هاوشێوهی گهلانی جیهان ئامادهكاریی بكرێت، بۆ نموونه ماوهی چهند ساڵێكه چالاكی هونهریی ئهنجامدهدرێتو بڕیاریشه شهوی 20\21/12/2019 چهند چالاكییهكی شیعر خوێندنهوهو گۆرانی رێكبخرێت.
سهرچاوه: مالپهری راچڵەکین-
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دژایەتی خۆی بۆ کۆبوونەوەکانی ئاستانە دەردەبڕێت و بە دژایەتی کورد و گەلانی سوریا ناوى دەبات.
ئەمڕۆ، هەینی 13-12-2019، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "دانیشتنەکانی ئاستانە نوێنەرایەتی گەلی سوریا ناکات، بە هەبوونی دەوڵەتی تورکیا لەناو دانیشتنەکاندا هیچ مانایەک بۆ ئەو دانیشتنانە نامێنێتەوە".
ئاماژەى بەوەشکردووە "ئەو گفتوگۆیانەی لەو دانیشتنانەدا کراوە هەڕەشەن لەسەر سوریا و گەلەکەی، بەتایبەت وتاری دەوڵەتی تورکیاى داگیرکەر و چەکدارەکانی دژی ئیرادەی گەلی ئێمە و سوریایە".
باسی لەوەشکردووە، "لە کۆنگرەکەدا باس لە یەکێتی خاکی سوریا کراوە، بەڵام بەڕێوبەرایەتی خۆسەر بە پراکتیکی هەوڵی بۆ یەکێتی خاکی سوریا و پاراستنی ناوە، هەروەها بەڕێوبەری خۆسەر هەوڵی دروستکردنی گفتوگۆ و دانووستانی لەنێوان لایەنەکانی سوریا داوە".
لە ڕاگەیەندراوەکە هاتووە "ئەو دانیشتنانە، کە ئینکاریی لە بوونی بەشێک لە گەلی سوریا دەکات، ڕەتدەکەینەوە و پێمان وایە گفتوگۆکان کەموکورتی تێدایە، هەروەها بەڕێوەبەری خۆسەر پڕۆژەیەکی سوریایە بە ئاماجی پێکهانی ڕای گەل و پشتگیری یی لە یەکێتی سوریا".
بەڕێوبەرایەتی خۆسەر داوا لە ڕوسیا دەکات کە کۆبوونەوەکانی ئاستانە بەڕێوەدەبات، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکان ئەرێنیبن و لەسەر بناغەی سیاسی و نەتەوەیی نەبن.
لەڕۆژانی 11 و 23ی ئەم مانگەدا گەڕی 14 یەمینی کۆبوونەوەکانى ئەستانە بە بەشداریی تورکیا و ڕوسیا و سوریا و ئێران و ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئەنجامدرا، بە ئامانجى تاوتوێکردنى دۆخى سوریا.