yndk

yndk

چەند پزیشكێكی شاری هەولێر بە ناونیشانی (خزمەتکردتکردنی تۆ وەکوو نەخۆش ئەرکی ئێمەی پزیشکانە)، لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە دەیانەوێت خزمەت بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بكەن.

ڕێباز هه‌مزە جاف، یەكێكە لەو چەند پزیشكانەی بڕیاریان داوە بێ بەرامبەر لە ڕێگەی پڕۆگرامه‌كانى تۆڕى په‌یوه‌ندیی (ڤایبەر و واتس ئاپ) لە دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌وه‌ 15/3/2020 تاوەکوو 31/3/2020، خزمەت بە هاووڵاتییانی هه‌رێمى كوردستان بكەن، بۆ (باسنیوز) گوتی: "دەمانەوێت وەك ئەركێكی پزیشكی و مرۆڤایەتی، لەو ڕێگەیەوە خزمەت بە هاووڵاتییانی بكه‌ین".

باسى له‌وه‌ش كرد: "لە دوێنێوە دەستمان بەكار كردووە، هەرچەندە ئێمە كاتمان دیاری كردبوو، بەڵام لەبەر پێویستیی خەڵك، بە بەردەوام پەیوەندی دەكەن و ئێمەش لە خزمەتیاندا دەبین، لەماوەی ئەو چەند كاتژمێرەی تێپەڕیوە ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان پەیوەندییان كردووە، تا كوردانی تاراوگەش پەیوەندی دەكەن".

ئه‌و چەند پزیشكە لەو ئاگادارییەی كە بۆ هاووڵاتییان بڵاویان كردووه‌تەوە، ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

سڵاو هاوڵاتیانی خۆشەویست؛
لەبەر ئەم بارودۆخە نالەبارەی ئێستا جیهان بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی پێیدا تێپەڕ دەبێت، بەهۆی ئەو بڵاوبوونەوه‌ زۆرەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و لەبەر ئەوەی ئێمەی پزیشکان نۆرینگەکانمان داخستووە، هه‌روه‌ها بۆ ئەوەی تەندروستیی هاوڵاتیانی خۆشەویستمان بپارێزێن بە کەمکردنەوەی گردبوونەوە و مانەوە لە ماڵەکانمان و جێبەجێکردنی ڕێنوێنییه‌ تەندروستییەکان، ئاگاداری بەڕێزتان دەکەینەوە کە وەك ئەرکێکی پزیشکی و مرۆڤایەتی خزمەتی ئەو نەخۆشانە دەکەین لە ڕێگه‌ی چارەسەرکردنی ئۆنڵاین"لە هەموو بوارە پزیشکییەکان و بەپێی پێویست بۆ ئەوەی بتوانین ئەو ماوەیە لە ماڵەوە و بێ گەیاندنی زیان بە ئێوە و خەڵکی دیكه‌، خزمەتتان بکەین و متمانەی نێوان پزیشکان و نەخۆش بەهێزتر بکەین.

"خزمەتکردتکردنی تۆ وەکوو نەخۆش ئەرکی ئێمەی پزیشکانە".

بەڕێزان لە بەرواری 15ـ3 تا 31ـ3 لە کاتەکانی 10ى به‌یانى تا 12ى نیوه‌ڕۆ و 2ى پاش نیوه‌ڕۆ تا 4ى عه‌سر، دەتوانن بە خۆڕایی بە نامە لە ڕێی بەرنامەکانی ڤایبه‌ر و واتس ئاپ سوود لەو پزیشکانە ببینن کە ناو و ژمارەیان لە خوارەوە ئاماژە پێ کراوە و هەر یەکە و بەپێی پسپۆریەتی تایبەتمەندیی خۆی.

د. عیماد موحسن شێروانی
پسپۆری نەشتەرگەری ئێسك و شکان و بڕبڕەی پشت
٠۷٥٠۲۲٦٥٠٠٥

د. کاوان چێنەر خەفاف
پسپۆری نەشتەرگەری مێشك و بڕبڕەی پشت و مل
٠۷٥۱٤٤۸۹۹٦٦

د. ئێزا نه‌وزاد سه‌عید نەجار
پسپۆری نەخۆشیەکانی هەناو دڵ و شەکرە و پەستانی خوێن
٠۷٥٠٦۱٥٤٤۸۸

د. رێباز هه‌مزە جاف
پسپۆری نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ
٠۷٥٠٤۷٠۱٥۳٥

د. ئه‌حمه‌د سامی محێدین
پسپۆری نەخۆشیەکانی پێست
٠۷٥۱٤٥۷۳٦۱٥

د. شنە کامیران بەگۆک
پسپۆری نەشتەرگەری ئافرەتان و لەدایك بوون و نەزۆکی
٠۷٥٠۳۳٠٤٦۹٦

د. محمد دلاوەر ئه‌لخه‌تیب
پسپۆری نەشتەرگەری قورگ و لووت و گوێ
٠۷٥۱۱۳٠۲۸۸۲

د. رامیار عه‌بدوڵا ئه‌بوبه‌کر
پسپۆری نەخۆشیەکان و نەشتەرگەری چاو
٠۷٥٠٤۸۲٦۷۲۷

د. دەوەن دڵشاد عه‌بدوڵا
پسپۆری نەخۆشیەکانی منداڵان
٠۷٥٠۹۲٠٦٠۱٠

د. هێرش محمد کانه‌بی
پسپۆری نەشتەرگەری گشتی
٠۷٥٠٤٤۹۳٠۹۷

د. عیماد عه‌بدولڕه‌حمان حوسێن
پسپۆری نەشتەرگەری سینگ و دڵ و بۆڕی خوێن
٠۷٥٠٤٦٤٥۱٠۸

سه‌رچاوه‌: محه‌مه‌د ده‌رگه‌له‌یی مالپه‌ری باسنیوز

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی (32)مین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە پەیامێكی بڵاوكردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەیە:

ئەمڕۆ سی و دوو ساڵ بەسەر کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی شه‌هیددا تێدەپەڕێت كه‌ له‌لایه‌ن ڕژێمى پێشووى عێراقه‌وه‌ ئه‌نجام درا و بووە هۆی شه‌هیدبوونى پێنج هەزار هاووڵاتیی بێتاوان و برینداربوونی هەزارانی دیکە و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان، تا ئێشتاش کاریگەریی لێکەوته مه‌ترسیداره‌‌كانى بەسەر باری تەندروستی و دەروونیی خەڵک و ژینگەی ناوچه‌كه‌وه‌ هەر بەردەوامە.

یادکردنەوەی ئەم کارەساتە، ڕێزگرتنە لە قوربانییانی گەلەکەمان، بەتایبەت شه‌هیدانى ئه‌و کارەساتە و جەختکرنه‌وه‌ی بەردەواممانە لەسەر گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێک بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاوانى ئاوا و جینۆسایدی گەلی کوردستان و هەر گەل و پێکهاتەیەک لە هەر شوێنێکی جیهاندا بە هەر بیانوویەکی سیاسی، ئایینی و ئیتنی بێت. ئەم ئامانجە پیرۆزە بۆ ئێمە، یەکڕیزیی زیاتر و تەباییی بەردەواممان لێ دەخوازێت.

لەم یادەدا دووبارە جەخت دەکەینەوە لە بایەخدانی تایبەت و زیاتر بە ژیان و خزمەتکردنی برینداران و خانەوادە و کەسوکاری قوربانییانی چەکی کیمیایی، لەم لایەنەشەوە بێگومان کاری زۆر ماوە بکرێت کە شایستەی پارێزگای هەڵەبجە و دانیشتووانە سەربەرزەکەی بێت.

بەداخەوە تا ئێستا حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی دانیشتووان و ژینگەی وێرانکراو و ژاراویکراوی پارێزگای هەڵەبجە و هیچ دەڤەرێکی دیکەی کوردستان وەک قوربانیی دەستی دەوڵەتی عێراق. داواكارین حکوومەتی عێراق وەک بەرپرسیارییەکی یاسایی و ئەخلاقی، له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌ركى خۆى جێبه‌جێ بكات.

مرۆڤایەتی پێویستی بە کاری جددییە بۆ قەدەغەکردن و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی کۆمەڵکوژ. وەک چۆن ئەمڕۆ هەموو جیهان لە خەمی بنەبڕکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنادان وەک هەڕەشەیەکی ترسناکی سه‌ر ته‌واوی مرۆڤایەتی، بە هەمان شێوەش کارکردن بۆ بنەبڕکردنی چەکی کۆمەڵکوژ و تەکنۆلۆژیای مردن، دەبێ خەمی هەموو جیهان بێت لەپێناو پاراستنی ژیان و ژینگە و شارستانییه‌تی مرۆڤایەتیدا.

شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌ و هەموو قوربانییانی گەلەکەمان هەمیشە لە یادمانن و لە ویژدانی کوردستانییاندا زیندوون، له‌ كاتێكیشدا به‌ ڕێز و شكۆوه‌ یادى شه‌هیدان ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ ئومێده‌وه‌ له‌ داهاتوو ده‌ڕوانین.

سڵاو و دروود بۆ گیانى پاكیان.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

سه‌رچاوه‌: مالپه‌ری په‌یامنێر

   - جەماوەری دڵسۆزو وڵاتپارێزى كوردستان ..

   - كەس ‌و كارو بنەماڵەی سەربەرزى شەهیدانی هەڵەبجە و كوردستان ...

 

 ( 32 ) ساڵ به‌ر له‌ئه‌مڕۆ؛ لەرۆژی 16/3/1988، رژێمی بەعسی رووخاو لە چوارچێوه‌ی جێبەجێكردنی پرۆسه‌ی جینۆسایدكردنی نه‌ته‌وه‌كه‌مان به‌ به‌رچاوی هه‌موو دونیا زۆر دڕندانه‌ شاری هەڵەبجەی بە بۆمب ‌و رۆكێت كیمیابارانكردو له‌ ئه‌نجامدا زیاتر لە 5 پێنج هەزار كورد شەهید بوون و هەزارانی دیكەش بریندار بوون و ژماره‌یه‌كی زۆریش ئاوارەی سەرسنوورەكان بوون.

 كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە؛ تاوانێكی جه‌رگبڕ بوو، هیچ هۆكارێك نەبوو بۆ بەكارهێنانی گازی كیمیایی لە دژی خەڵكی سڤیلی شاری هەڵەبجە جگە لەوه‌ی كە هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان‌ كوردبوون، رژێمی ئەوسای ئێراق ئەو كۆمەڵكوژییەی بە بەرچاوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌كانی پاراستنی مافی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئەنجامدا، شارێكی به‌ته‌واوی نوقمی ژه‌هر و كیمیایی كرد، له‌م كاتدا‌ هیچ دەوڵەت‌ و رێكخراوێك بەرامبەر ئەو تاوانە گه‌وره‌یه‌ دەنگیان هەڵنەبڕی، بۆیه‌ پێویسته‌ هەموو ئەم دەوڵەت‌ و كۆمپانیایانەی كە له‌وكاته‌دا هاوكاری رژێمی بەعسیان كردووە بۆ بەدەستهێنانی ئەم گازە ژەهراوییانە له‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی دادگایی بكرێن‌ و قەرەبووش به‌ زیانلێكه‌وتووان بده‌ن و به‌شداری ئاوه‌دانكردنه‌وه ‌و پاككردنه‌وه‌ی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ شوێنه‌واری كیمیایی و به‌ژه‌هربوون بكه‌ن.

 له‌ئێستادا پارێزگای هەڵەبجە كێشه‌ی خزمه‌تگوزاری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌یه‌, بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی كوردستان، گرنگی زیاتر به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بده‌ن، هه‌روه‌ها پێویستە دەسەڵاتی سیاسی كوردستان لەرێگەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی گرنگى زیاتر بە شاره‌كه‌ بده‌ن، به‌تایبه‌ت چارەسەركردن و پاككردنەوەی شوێنەواری گازی كیمیایی لەسەر ژینگەی هەڵەبجە و دەوروبەری, هه‌روه‌ها ئەو بریندارانەی كە تا ئێستا لە دەست ئازاری نەخۆشییەكانیان بەگازی كیمیایی دەناڵێنن, بنێردرێنە دەرەوەی وڵات بەمەبەستی چارەسەركردنیان، له‌هه‌مان كاتدا كێشه‌ ئیداری و خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئه‌م شاره‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن و پێویستە سیمای شارەكە بگۆڕدرێت‌و وەكو شارێكی هاوچەرخ پارێزگارى لێبكرێ، لەسەر حكومەتی ئێراقیشە كە تەواوی زیان لێكەوتووانی گازی كیمیایی قەرەبوو بكاتەوە.

 ئێمە لەکاتێکدا کەوا یادى كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ دەکەینەوە؛ ڤایرۆسی كۆرۆنا ‌وەک مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌موو مرۆڤایه‌تی لە بەشێکى زۆرى وڵاتان و جیهان بڵاوبۆتەوەو بەداخەوە كوردستانيشى گرتۆتەوە، پێویستە هاوڵاتیانى كوردستان به‌ئیڕاده‌وه‌ دوور له‌ترس و دڵه‌راوكێ رێنمایى و بنه‌ما خۆپارێزییه‌كان جێبەجێبکەن بۆئه‌وه‌ی دووربن له‌و په‌تا‌ كوشنده‌یه‌، هەروەها پێویستە لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار و هه‌موو لایه‌كمان هاوکاربین و به‌وپه‌ڕی به‌رپرسیارێتییەوە هه‌ریه‌كه‌و به‌ئه‌ركی خۆمان هه‌ڵبستین بۆ رێگرتن لە ته‌شه‌نه‌كردنی ئه‌و ڤایرۆسه‌، له‌سۆنگه‌ی به‌رپرسیاریيه‌تی نیشتمانییه‌وه‌‌ ئێمە وەکو یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ‌هه‌موو توانایه‌كمان ده‌خه‌ینه‌ گه‌ڕ بۆ هاوكاریكردنی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له‌پێناو پاراستنی ‌خه‌ڵكی كوردستان.

 

- نەمری ‌و سەربەرزی بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و تەواوى شەهیدانی رێی ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان.

 

 

مەكتەبی سیاسيی

   یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان  YNDK

25ی رەشەمێی 2719ی كوردی - 16ی ئاداری 2020ی زایینی

- كەس و كاری شەهید و پێشمەرگە قارەمانەكان.

-خەڵكی بەئەمەك و دڵسۆز و نیشتمان پەروەری هەولێر.

 (29) ساڵ به‌ر له‌ئه‌مڕۆ لە رۆژێكی مێژووی گرنگدا لە رێكه‌وتی (11/3/1991) جه‌ماوه‌ری شاری هه‌ولێر له‌گه‌ڵ پێشمەرگەی كوردستان و سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینه‌كان بەرامبەر بە رژێمی بەعسی دیكتاتۆری رووخاو یەك دەنگ و یەك دەست راپەڕین, سەرباری دڕندەیی و وەحشیگەری رژێمی بەعس، بەڵام یەكڕیزی خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسیەكان لە ژێر چەتری بەرەی كوردستانی و گیان فیدایی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئیرادەی لە بن نەهاتووی جەماوەری شاری هەولێر، توانرا لە ماوەیەكی كورتدا دەزگا داپلۆسێنەرەكان لەناوببرێن و تەواوی شاری هەولێر ئازاد بكرێت. جێگای ئاماژە پێكردنە ئەو سەركەوتنە مەزنەی خەڵكی راپەڕیوی شاری هەولێر هاوكات بوو لەگەڵ یادی رێككەوتننامەی (11)ی ئازاری ساڵی (1970) كە حكومەتی ئەوسای عێراق دانینا بە مافی رەوای خەڵكی كوردستان.

 ئێمە له‌وكاته‌دا یادی سەركەوتنەكانی راپەڕین و رزگاری شاری هه‌ولێر و باشووری كوردستان دەكەینەوە، كوردستان و عێراق و ناچه‌وكه‌ و جیهان به‌قۆناغێكی هه‌ستیاردا تێپه‌ڕ ده‌بێت, به‌تایبه‌ت بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاو ڤایرۆسی كۆرۆنا كه‌هیچ سنوور و كه‌سێك ناناسێ و كوشنده‌یه، بۆیه‌ داوا له‌ده‌زگاكانی په‌یوه‌ندیدار ده‌كه‌ین رێكاره‌كانی خۆپارێزی فراوان ئه‌نجامبده‌ن, بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی شاری هه‌ولێر و كوردستان و گشت مرۆڤایه‌تی له‌و له‌و ڤایرۆسه‌ دوور بن و هاوڵاتیانی كوردستانیش به‌ته‌واوی پابه‌ندی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی كوردستان بن .

 هه‌روه‌ها له‌و یاده‌ مه‌زنه‌دا داوا له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حكومه‌تی كوردستان ده‌كه‌ین،  زیاتر ژیان و بژێوی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگەكان و فه‌رمانبه‌ر و مامۆستا و مووچه‌خۆران باشتر بكرێت. پشتگیری لەهەر پڕۆژە و بەرنامەیەكی چاكسازی ڕاستەقینە دەكەین كەمەبەستی بەدامەزراوەیی كردنی دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت بۆ زیاتر خزمەتكردن خەڵك و چەسپاندنی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و دروست كردنی متمانە لەنێوان حكومەت و خەڵكی كوردستان.

- سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان بە تایبەت شەهیدانی ڕاپەڕین و دەستی تیرۆرستانی داعش و شەهیدانی رزگاری شاری هەولێری خۆشەویست.

- بێته‌دی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد و یه‌كگرتوو دیموكرات.

 

 

هه‌رێمی هه‌ولێر

یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان

YNDK

11ی ئاداری 2020ی زایینی

ئەمڕۆ دوشەممە 9/3، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە هەولیر، بە ڕاسپاردەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وبە ئامادەبونی وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەرپەرشتی کۆبونەوەی لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا-ی لە ھەرێمی كوردستان، کرد.

لە کۆبونەوەکەدا، باس لە دوارێکار و ئامادەکارییەکانی روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و بەدواداچون بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و رێنماییە تەندروستییەکان کرا.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە سەرەتای کۆبونەوەکە ستایشی وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی و وەزیر لایەنە پەیوەندیدارەکان دیکەی کرد لەدانانی پلان و هەنگاوەکانی پاراستنی ژیان و سەلامەتی هاوڵاتییان ورایسپاردن بەردەوام بن و ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە هەماهەنگی هەبێت لەنێوان گشت وەزارەت و دامودەزگاکاندا بۆ ئەوەی بتوانرێت باشتر کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکرێت.

دواتر هەردو وەزیری ناوخۆ و تەندروستی راپۆرتی خۆیان خستەرو سەبارەت بە  هەنگاوەکانیان

بۆ روبەرو بونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پلانی داهاتویان لەو روەوە.

کۆبونەوە جەختی کردەوە لە گرنگی بەردەوامبون لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پێشو کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان دەرکرابون وەک کەمکردنەوەی قەرەبالغی و سنوردارکردنی هاتوچۆی نێوان شارەکان و راگرتنی پاک و خاوێنی و پەیوەندی کردن بە بنکەکانی دیاری کراو لە کاتی بونی هەر حاڵەتێک کە گومانی هەڵگرتنی ڤایرۆسی کۆرۆنای  لێدەکرێت. ئەم رینمایی و راسپاردە  و بڕیارانە تەنها بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتییانە لە توشبون بەو ڤایرۆسە.

پاش گفتوگۆکردن لەبارەی دوا رێکارەکان و هەنگاوەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و خستنەروی پێشنیارەکان، بۆ روبەروبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاریدا:

١. لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان (جگە لە ھێزەکانی پێشمەرگە وئاسایش وئاسایشی ناوخۆ و دامەزراوەکانی تەندروستی) لە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی 12-3-2020 تاوەکو ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی 26-3-2020 دەبێتە پشوی فەرمی، و (ڕۆژانی 27و28-3-2020 پشوی کۆتایی ھەفتانەیە)، و ڕۆژی یەکشەممە 29-3-2020 دەوامی فەرمی  دەستپێدەکاتەوە.

٢. لە ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە (حکومی و ئەھلی) ڕۆژی شەممە 28-3-2020 پرۆسەی خوێندن دەستپێدەکاتەوە، وپرۆسەی خوێندنی زانکۆ وپەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی لە ڕۆژی 1/4/2020 دەست پێدەکاتەوە.

۳. وەزارەتی تەندروستی بەردەوامدەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستیە فریاگوزارییەکان بە ھاوڵاتیان لە ڕێگای پیادەکردنی ئێشکگریی.

٤. وەزارەتە خزمەتگوزارییە گشتیەکان بەردەوامدەبن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتی لە ڕیگای ئێشکگریی و بۆ ئەو مەبەستەش ڕێنمایی پێویست دەردەکەن.

٥- دوا وادە بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ ناو هەرێم رۆژی  15-3-2020 دەبێت و لە 16-3-2020 وە تاوەکو 1-4-2020 رێگە نادرێت بە هاتنەوەی هاوڵاتییان لە ئێرانەوە. بەڕەچاوکردنی بەردەوامبونی جموجۆڵی بازرگانی بەپێی رێنماییە بەرکارەکان.

٦- تەرخانکردنی قۆناغی دوەمی بودجە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی تەندروستی بۆ روبەروبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

٧- وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو راسپێردرا بۆ بەردەوامبون لەسەر رێکارەکانیان لە چوارچێوەی سیاسەتی روبەروبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

٨- راسپاردنی وەزیری داد بۆ چالاککردنی داواکاری گشتی بەمەبەستی وەرگرتنی رێکاری یاسایی بەرامبەر بەو کەس و لایەن و کەناڵە میدیاییانەی کە پێچەوانەی رێنماییەکان و سیاسەتی حکومەت کاردەکەن و دەبنە هۆی پشێوی.

٩- پێدانی دەسەڵات بە پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری یەکە ئیداریە سەربەخۆکان و لیژنەکانی قایمقامییەت بۆ رێکخستنەوە و چاودێری کردنی بازاڕی ناوخۆیی.

سه‌رچاوه‌: مالپه‌ری خه‌ندان

ماوەی دووڕۆژە ئۆپراسیۆنی هێزە تایبەتیەکانی ئەمریکا و سوپای عێراق لەسنووری شارۆچکەی مەخمور دژی چەتەکانی داعش دەستی پێکردووە و تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش شەڕ و ڕووبەرووبوونەوە بەردەوامە.

سەرچاوەیەک لەهێزەکانی دژەتیرۆری عێراق بەرۆژنیوزی ڕاگەیاند: ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی سوپای ئەمریکا و هێزەکانی دژەتیرۆرعێراق لەچیای قەرەچووغی شارۆچکەی مەخموور دژی تیرۆرستانی داعش بەردەوامە، تا ئێستا نزیکەی ٢٠ چەتەی داعش کوژراون و ژمارەیەک بنکە و بارەگای داعش خاپور کراون بریارە بنکەیەکی ھاوپەیمانان لەسەر چیاکە دروستبکرێت .

هەر بەپێی زانیارەکان دوو سەربازی ئەمریکاش کوژارون و چەند سەربازێکی دیکەش لەهێزکانی عێراق و ئەمریکا بریندار بوون.

سه‌رچاوه‌: رۆژنیوز

ئەمڕۆ 9-3-2020ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەسەر چالاکیی گەریلاکانی لە ناوچەی بازێدی سەر بە ئاگری ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە چوارچێوەی هەنگاوی سەرکەوتنی شۆڕشگێڕیی، هێزەکانمان ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٨:٥٠ خولەکی بەیانی، لەسەر ڕێگای نێوان ناوچەی بازێدی سەربە ئاگری و گوندی گوربولاک، دژی کاروانێکی سەربازیی سوپای داگیرکەری تورک ئۆپەراسیۆنێکی شۆڕشگێرانەی بەرفراوانیان ئەنجامدا و لە نزیکەوە سێ پاسی گەورە و زرێپۆشێکیان کردە ئامانج، لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا دوو پاسی گەورە و زرێپۆشێک تێکشکێندران و پاسەکەی دیکەش گورزی لێوەشێندرا، ئەو سەربازانەش بۆ دەستێوەردان هاتبوونە شوێنی چالاکییەکە لەلایەن هێزەکانمانەوە کرانە ئامانج.

ئەمڕۆ شەممە 7 / 3 / 2020 كۆمیتەی سەركردایەتيی (یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK) بەسەرپەرشتی هەڤاڵ غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی YNDK، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی YNDK لە شاری هەولێر، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و كارو خەباتی YNDK كرا:
باكووری كوردستان: ئێمە لە YNDK پشتیوانی خۆی بۆ خەباتى باکوور رادەگەیەنین و، ئیدانەى تەواوى ئەو دەستدرێژیانەى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا دەکەین کەوا دەیکاتە سەر پەرلەمانتارانى کورد و شارەوانییەکان و چالاکییە مەدەنییەکان، ئەو دەستدرێژییانەى تورکیا ئەو راستییە دەسەلمێنن کەوا تورکیا دژى هەرجۆرە خەباتێکى مەدەنى و پەرلەمانى و سیاسییە لە باکوورى کوردستاندا، داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین دژى ئەو دەستدرێژییانەى تورکیا بیدەنگ نەمێنن، سەرەڕاى ئاستەنگەکانى بەردەم خەباتى نەتەوەکەمان لە باکوور پێشڤەچوونى بەرچاویش وەدیهاتوون، خۆشحاڵین بەپێشڤەچوونەكانی خەباتی نەتەوەكەمان لەو بەشەی وڵات و, ئومێد دەکەین ببێتە فاكتەری سەرەكی پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاتر و گەیشتن بە مافە رەواکانى نەتەوەکەمان.
رۆژهەڵاتی كوردستان: YNDK هەوڵەكانی لەیەكدی نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسیەكانی ئەو بەشەی وڵات بەرز دەنرخێنێت و, بە گرنگی دەبینێت كە تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی وڵات كار بكەن بۆ كۆكردنەوەی هێزو تواناكانیان و، بەرەیەكی سیاسی بەرفراوان کە تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى رۆژهەڵات بگرێتەخۆ لە نێوان خۆیاندا پێكبهێنن، بۆئەوەی ئامادە بن بۆ ئەو ئەگەرو پێشهاتانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا روودەدەن و دێنە پێشەوە، لەهەمان كاتدا سڵاوو رێز دەنێرین بۆ زیندانييانی سیاسی لە زیندانەكانی ئێران و خەبات و بەرخودانیان بەرز دەنرخێنین و، داوا لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەكەین كەوا هەوڵبدەن گیانی چالاکوانان لە زیندانەکانى ئێران لە مردن رزگار بكەن.
رۆژئاوای كوردستان: YNDK جارێكی دیكە پشتیوانی خۆی بۆ خەبات و بەرخودانی رۆژئاوای كوردستان رادەگەیەنێت و، پێشڤەچوون و سەرکەوتنەکانى رۆژئاواى کوردستان بەرز دەنرخێنێت و، بە گرنگی دەزانێت تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی ئەو بەشەی وڵات یەكڕیزو یەكدەنگ بن و بەیەكەوە كاربكەن و خۆیان لە ململانێی حزبایەتی بەدوور بگرن، لەجیاتی حزبایەتی كوردایەتی بكەن و بەرژەوەندی نەتەوەیی لەبەرچاو بگرن و خۆیان لەهەر گرژی و ناكۆكییەك بپارێزن، لەهەمان کاتدا تەواوى هێرش و پەلامار ودەستدرێژییەکانى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا بۆ سەررۆژئاواى کوردستان ئیدانە دەکەین و داوا لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دەکەین کەوا لە بەرامبەر تورکیادا هەڵوێست وەربگرن.
باشووری كوردستان: ئێمە لە YNDK بە پێویستی دەزانین كە بەزووترین كات ناوەندى سیاسى و ناوماڵی كوردستان رێك و یەكبخرێتەوەو، بۆ ئەمەش پێکهێنانى (ئەنجوومەنى سیاسیى کوردستان) کە تەواوى لایەنە سیاسییەکان بگرێتەخۆ بەگرنگ دەزانین، ئەمەش دەبێتە فاکتەرێک کەوا هەموو لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن، بە تایبەت لەم قۆناخە هەستیارو چارەنووسسازەدا، كەوا ئێستا داگیرکەرانى کوردستان لە هەموو لایەكەوە كوردستانيان گەمارۆداوە، بێگومان ئەم پیلان و هەڕەشانەى لەسەر گەلى کوردستان و ئەزموونەکەى بەڕێوەدەچێت، پیلانێکى ناوچەیى بەرنامە بۆ دارێژراوى گەورەیە دژ بە گەلى کوردستان، ئەم پیلانانە دەمێکە کارى لەسەر دەکرێت و هەوڵى جێبەجێکردنى دەدرێت.
لەسەر ئاستى حوکمدارى باشوورى کوردستان؛ YNDK ئەنجامدانى چاکسازییەکى گشتگیر لە تەواوى بوارەکانى بەڕێوەبردنى کوردستان بەپێویست دەزانێت و، داواکارە حکومەتى کوردستان تەواوى دەزگاو دامەزراوەکانى کوردستان بەشێوەیەکى سەردەمییانە سیستماتیک بکات و، ببێتە حکومەتى هەموو خەڵکى کوردستان، هەموو لایەکمان چاوەڕوانین کەوا حکومەتى کوردستان هەنگاوى باش بنێت بۆ‌ پێشکەشکردنى خزمه‌تگوزارى زیاترو نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و ناداپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و حزب حزبێنه‌ و نایه‌كسانی، هەروەها پێویستە حکومەتى کوردستانە ئاوڕی زیاتر له‌ فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان و خانه‌نشینان و خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت بداته‌وه‌ و مووچه‌كانیان له‌كاتی خۆيدا بۆ خەرج بکات و كاربكات بۆ باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان، هه‌وره‌ها كار بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كه‌ركووك و مه‌خموور و هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ بكات كه‌ به‌پیلانێكی نه‌گریس كه‌وتنه‌ بنده‌ستی سوپای داگیرکەرى عێراق.
كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان: YNDK جەختدەكاتەوە سەر بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان بەبەشداری تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی مەزن و, بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لەم كاتە هەستیارەدا بەئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی دەزانێت، وەک هەنگاوێك بۆ یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان لەسەر ئاستی كوردستانی مەزن لێیدەڕوانێت.
یۆبیلى زیوینى YNDK : نەورۆزى ئەمساڵ YNDK پێدەنێتە 25 بیست و پێنجەمین ساڵیادى دامەزراندنى خۆى، YNDK وەكو رێکخستنێكی نەتەوەیی و جەماوەریی لە گۆڕەپانی سیاسی و كلتوری كوردستان لە نەورۆزى 1995 لەدایكبوو و راگەیاندراو بووە موژدەبەخش بۆ هاوبیرانی نەتەوەیی و وڵاتپارێزان و نیشتمانپەروەران، YNDK لەماوەیەكی كورتی تەمەنیدا توانی بەدیاربكەوێ و بەهۆی كاری بەردەوامی لەسەر خزمەتكردن و كاركردن بۆ سەربەخۆیی كوردستان، كاریگەری لە سەر پرسە نەتەوەیی و سیاسییەكان دروست بكات، ئەمساڵیش کەوا یادى یۆبیلى زیوینى خۆى دەکاتەوە، بڕیاربوو بە کۆمەڵێ چالاکى و مەراسیمى جۆراوجۆر یادەکە بکاتەوە، بەڵام وەک هەموو لایەک ئاگادارن بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا (COVID-19) لەجیهاندا، بەداخەوە کەوا کوردستانیشى گرتۆتەوە، وایکردووە حکومەتى کوردستان کۆمەڵێ رێکارو رێنمایى هەبێت بۆ پاراستنى هاوڵاتیانى کوردستان و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا، ئێمە لە YNDK پشتیوانى تەواو لە هەنگاوو رێنماییەکانى حکومەتى کوردستان دەکەین، هەربۆیە بڕیارماندا بە وەستاندنى تەواوى چالاکى و مەراسمیى یۆبیلى زیوینى YNDK و، لێرەوە داوا هەموو لایەک دەکەین ئەو بەڕێزانەى دەیانەوێ لەم یادەدا لەگەڵمان بن دەکرێ لە رێى ناردنى پەیام و بروسکەى پیرۆزبایى بەسەرمانبکەنەوە.
عێراق: YNDK پێیوایە ئەم رەوشەی كەوا ئێستا عێراق پێیدا گوزەر دەكات بەرەنجامی عەقلیەتی تاكڕەوی و دكتاتۆرییەتە كە حكومەتی تائیفى و مەزهەبى لە ساڵانی رابردوو و لە ئێستادا هۆكاری هێنانە ئارای ئەم عەقلیەت و رەوشە نەخوازراوە بوون، بە باوەڕی ئێمەو بەپێی ئەزموونی كورد لەگەڵ رژێمەكانی پێشووی عێراق دەگەینە ئەو راستییەی كەوا متمانە بە دەسەڵاتەكانی عێراق نەكەین، بێگومان دەسەڵاتدارانى ئێستاى عێراق دەیانەوێ هەمان سیاسەتى هەلەى حکومەتەکانى پێشووى عێراق دووبارە بکەنەوە، روانینى دەسەڵاتى ئێستاى عێراق هەمان روانینى دەسەڵاتەکانى پێشووە، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت کەوا عەقلیەتى دەسەلاتدارى عێراقى چەقبەستووەو ناگۆڕێت و، روانینى زۆربەیان هەمان روانینى حکومەتەکانى رابردووە بۆ چارەسەرى پرسى کورد ! زۆربەى دەسەڵاتدارانى عێراق لۆژیکى خۆبەزلزانین و سەربازى دەخەنە پێش لۆژیکى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن، ئەم روانين و پەراوێزخستنانەیان بۆ کورد پەیامێکن بۆ هەموو لایەک کەوا تائێستاش گەلى کوردستان هەڕەشەى لەسەرە و پێویستى بە پاراستن هەیە بۆیە لەسەر هەموو لایەکمان پێویستە ناکۆکى و دووبەرەکى بخەینە لاوەو بە یەکڕیزى و یەکدەنگى رووبەڕووى ئەم هەڕەشانە ببینەوە.
رەوشی ناوچەكە: YNDK پێیوایە رۆژهەڵاتی ناڤین لە رەوشێكی پڕ ناسك و هەستیارو ئاڵۆزدایەو رۆژ بە رۆژ ئەگەرو پێشهاتی نوێ‌ دێنە پێشەوەو، ئەو ئەگەرو پێشهاتانە كاریگەری خۆیان دەبێت بۆ سەر رەوشى ئێستاى کوردستان و بزاڤە رزگاریخوازەكانی ناوچەكە، بۆیە پێویستە ئێمەش وەکو گەلى كوردستان سوود لەو دەرفەتە وەربگرین و، هەروەها پێویستە برایانمان لە بەشەكانی دیكەی كوردستان كارو خەباتی خۆیان خورت بكەن و بەرەو رزگاری و ئازادی هەنگاو بنێن، لە هەمان كاتدا وای دەبینین كەوا دەكرێ لە ئەنجامى ئەو گۆڕانکارییانەى کەوا دێنە پێشەوە سوود وەربگرین بۆ كاركردن بۆ بە ئەنجامگەیاندنى ئەنجامى ریفراندۆم و کارکردن بۆ سەربەخۆیی كوردستان.
لە دوا تەوەری كۆبوونەوەكەدا باس لە كاروخەباتی YNDK لەماوەی رابردوودا كراو، كارنامەیەكیش بۆ كارو خەباتی داهاتووی YNDK دانرا، ئەمەو كۆبوونەوەكە سەركەوتووانە كۆتایی بە كارنامەی خۆی هێنا.

كۆميته‌ى سه‌ركردايه‌تيى
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
7 / 3 / 2020 هەولێر _ باشووری كوردستان

وڵاتی ئێران لە ڕوبەڕوبونەوەیەكی توندایە لەگەڵ ڤایرۆسی كوشندەی كۆرۆنا و داوای هاوكاری دەرەكی دەكات بۆ ڕێگریكردنی لە ڤایرۆسەكە.

ڕۆژنامەی یەڵای لە مانشێتێكیدا بە گەورەیی لەلاپەرەی سەرەكی ڕۆژنامەكەیدا دەنوسێت (شاری قووم یەك پارچە بۆنی لاشەی مردوی لێدێت).

ڕۆژنامەی یەڵای حكومەتی فینلەندا لەبابەتێكیدا لەبارەی وڵاتی ئێرانەوە ، ڕایدەگەیەنێت كەوا لە ئێستادا شاری قووم كە بنكەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كوشندەی كۆرۆنابوو ، یەكپارچە بۆنی لاشەی مردوی لێدێت.

ڕۆژنامەكە دەشڵێت : ئێران لە ڕوبەڕوبونەوەیەكی توندایە لەگەڵ ڤایرۆسەكە و داوای هاوكاری دەرەكی دەكات . چونكە ئامارەكانی وڵاتی ئێران و ئەو ئامارانەی بڵاودەكرێنەوە وا دەردەكەوێت ئامارەكان زۆر لەوەی ئێستا كە بڵاوكراونەتەوە زیاتربن.

ڕۆژنامەكە لە بەشێكی دیكەیدا نهێنیەك بڵاودەكاتەوە و تیایدا دەڵێت : ڕەنگە هێشتا قمبەلەی ڤایرۆسی كوشندەی كۆرۆنا لە ئێراندا تاوەكو ئێستا پێشبینی دەرهاویشتەكانی نەكاربێت و هەڕەشەی گەورەتر بۆ سەر ئێران بەڕێوەیە ، چونكە لە ئێستادا ڤایرۆسەكە بەتەواوی وڵاتددا بڵاوبۆتەوە.

جێگای باسە وەزیری تەندروستی ئێران ئەوەی ڕاگەیاند كەوا ، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بۆ ١٠٧ کەس و توشبووانیش بۆ سێ هەزار و ٥١٣ کەس بەرزبووەتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا، ٧٣٩ کەس چاکبوونەتەوە.

سه‌رچاوه‌: مالپه‌ری كوریۆ

کەمێک پێش ئێستا بە دەستپێشخەریی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و ڕێکخراوی نوێگەر، لە گوندی دەرەکۆتر-ی بناری قەندیل، ئاهەنگی پیرۆزکردنی ٨ی ئازار-ڕۆژی جیهانیی ژنان دەستیپێکرد.

'تێکۆشانی ژنان خۆبوونە بەرخۆدانە و ئازادییە' دروشمی بەشداربوانی ئاهەنگەکەیە و سوێنی ئاهەنگەکە بە وێنەکانی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد و شەهیدان شیرین عەلەمهولی، ساکینە جانسز، دیار غەریب، هەڤرین خەلەف و وێنەی چەندین شەهیدی دیکە ڕازێندراوەتەوە.

ئامادەبووانی بە جلوبەرگی ئاڵوواڵا لە هەریەک لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک، گەرمیان و ناوچەکانی دیکە بەشدار بوون.

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕێگای ئازایی دەستیپێکرد و بڕیارە وتاری هەریەک لە ڕژاک و کەژەکە بخوێندرێتەوە.

هەریەک لە هونەرمەندان دەنیز دەمان، ڕۆژگار، گروپی موزیکی دەستینا قەندیل و گروپی شەهید سەرحەد و بەشدارییان کردووە و بە گۆرانیی و میوزیک ئاهەنگەکە دەڕازێننەوە.

سه‌رچاوه‌: رۆژنیوز