شاندێكی یندك به‌شداری ساڵیادی دامه‌زراندنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان ده‌كات

تموز/يوليو 28, 2019

شاندێكی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK له‌ شاری هه‌ولێر به‌شداری ساڵیادی دامه‌زراندنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان KNK و به‌خشینی خه‌ڵات به‌ سه‌ر ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری كۆنگره‌كه‌ ده‌كات.

ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ رێكه‌وتی 6-7-2019 شاندێكی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK كه‌پێكهاتبوو له‌ هه‌ڤاڵان ( د.شاخه‌وان خالید كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی و قه‌هار تاهیر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و ئاره‌زوو جه‌بار و ئیلهام جاف له‌ بزوتنه‌وه‌ی ئافره‌تانی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان ) له هۆڵی گالاكسی له‌شارۆژكه‌ی عه‌نكاوه‌ له‌ هه‌ولێر لەسەر بانگھێشتی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان KNK، ئاماده‌ی رێوره‌سمی (20)مین ساڵیادی دامه‌زراندنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان KNK و به‌خشینی خه‌ڵات به‌ سه‌ر ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری كۆنگره‌كه‌ به‌ به‌شداری نوێنەری حزبەکان و رۆشنبیران و کەسایەتییە کلتووری و میدیاییەکان و نوێنه‌رانی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان بوون، له‌م رێوه‌ره‌سمه‌ كۆمه‌لێك وتار پێشكه‌شكران و خه‌لات به‌سه‌ر ئه‌ندامانی دامه‌زرێنه‌ری KNK دابه‌شكرا، كه‌یه‌كه‌م كۆنگره‌ له‌هۆله‌ندا به‌سترا.

شاندی YNDK به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ په‌یامی پیرۆزبایی پیشكه‌شكردن و هه‌روه‌ها شاخه‌وان خالید له‌ رێوره‌سمه‌كه‌ وتاری یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK ی خوێنده‌وه‌ رایگه‌یاند: " سه‌ره‌تا بیست ساڵه‌ی دامه‌زارندنی KNK له‌هه‌موومان پیرۆزبێ و ئه‌و كۆنگره‌یه‌ بووه‌ته‌ چه‌تری پێكه‌وه‌ ژیانی سه‌رجه‌م لایه‌ن و نه‌ته‌وه‌و ئایینه‌كان و كار بۆ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كات، بۆیه‌ ده‌بێ هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان یه‌كریز و یه‌كده‌نگ بین و كێشه‌كان به‌گفتوگۆ و دیالۆگ چاره‌سه‌ربكه‌ین و پارێزگاری له‌ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردستان له‌باشوور و رۆژئاوای وڵات بكه‌ین و به‌رگی حیزبایه‌تی له‌به‌ربكه‌ینه‌وه‌و به‌رگری له‌وڵات بكه‌ین و به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاو بنێین" .