رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

غەفوور مەخمووری: چارەسەرى بنەڕەتى پرسى گەلى کوردستان تەنها سەربەخۆیى کوردستانە

میدیا _ هەولێر:
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ١٣ / ١٢ / ٢٠١٧ لە شارى هەولێر، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی YNDK لەلایەن یەکێتى پەرلەمانتارانى کوردستان میوانداری كرا و, بابەتێكی سەبارەت بە خستنەڕووى کتێبەکەى (نحو حرية واستقلال كوردستان) پێشكەشكرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە لە شارى هەولێر، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لەلایەن یەکێتى پەرلەمانتارانى کوردستان میوانداری كراو, بە ئامادەبوونی بەڕێزان سەرۆک و جێگرى سەرۆکى یەکێتى پەرلەمانتارانى کوردستان و ژمارەیەكی زۆری كەسایەتی سياسى و ئەكادیمی و نووسەرو رۆشنبیرو رۆژنامەڤان رێوڕەسمێکى بۆ خستنەڕوو و واژۆکردنى کتێبى (نحو حرية واستقلال كوردستان) رێکخست, لەسەرەتاى رێورەسمەکەدا بەڕێز کەریم بەحرى بەناوى یەکێتى پەرلەمانتارانى کوردستان بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كردو, باسی لە گرنگی بابەتی كۆڕەكەی مەخمووری كرد, ئنجا مەخمووری وێڕای بەخێرهاتنكردنی میوانان خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو میوانداری و ئامادەبوونی میوانان دەربڕی و سوپاسی یەکێتى پەرلەمانتارانى کوردستانى كرد بۆ رێكخستنی ئەو دیدارە لەگەڵ ئامادەبووان, دواتر هاتە سەر پێشكەشكردنی بابەتێک سەبارەت بە ناوەڕۆکى کتێبەکەى و باسى لەوە کرد کەوا تایبەتە بە پرسى سەربەخۆیى کوردستان ئاراستەیە بۆ ناوەندى عەرەبى بۆئەوەى زیاتر ئاشناى پرسى گەلى کوردستان بن، ئاماژەى بەوەدا کەوا چارەسەرى بنەڕەتى پرسى گەلى کوردستان تەنها سەربەخۆیى کوردستانە و، وتى: ( بێگومان ئەزموونی نزیكەی سەد ساڵ بەیەكەوە ژیانمان لەگەڵ عەرەبی عێراق ئەوەی بۆ هەموو لایەك سەلماند كەوا گەلی كوردستان چیتر ناتوانێت لە چوارچێوەی نەخشەی تاشراوی عێراقدا بمێنێتەوە، لەبەرئەوەی دەسەڵاتی عەرەبی سوننەی عێراق لەماوەی نزیكەی هەشتا ساڵی حوكمی خۆیدا ئەوەی توانی لە دژی كورد ئەنجامیدا، لەدوای رووخانی رژێمی بەعسيش لە بەهاری 2003 دا، كە عەرەبی شیعەی عێراق دەسەڵاتیان گرتە دەست، دیارە دەسەڵاتی شیعەش ئەوەی توانیان لە دژایەتی گەلی كوردستان ئەنجامیاندا و بەردەوامن، بۆیە ئەو مێژووە پێماندەڵێت کەوا چارەسەرى بنەڕەتى پرسى گەلى کوردستان تەنها سەربەخۆیى کوردستانە.).
مەخموورى لە درێژەى بابەتەکەیدا؛ رەخنەى لە دەسەڵاتدارانى ئێستاى عێراق گرت و، وتى: (دەسەڵاتی ئێستای عێراق ئەگەر هەمان دەسەڵاتی بەعسی فاشی هەبێت، تاوانی زۆر گەورەتر بەرامبەر گەلی كوردستان ئەنجامدەدەات، ئێستا كە دەسەڵاتی تەواوی نیە ئەو تاوانانە ئەنجامدەدات، ئەی باشە كە بەهێز بوو و دەسەڵاتی هەبوو دەبێ‌ چی بكات؟! بێگومان كارەساتەكان و تاوانەكان دژ بە گەلی كوردستان دووبارە دەبنەوە، بەڵێ‌ ئەمە رەوشی كورد بووە و رەوشی كوردە لەژێر دەسەڵاتی عەرەبی عێراق بە سوننەو شیعەوە و، ئەو زولم و دژایەتییانەش بەرامبەر گەلی كوردستان تا ئێستا بەردەوامن، ئەم زولمانە وایانكردووە كەوا گەلی كوردستان بیر لە چارەنووسی خۆی بكاتەوەو بەرەو سەربەخۆیی كوردستان هەنگاو بنێت، لەبەرئەوەی جگە لەم رێگەیە رێگەیەكی دیكە لەبەردەم گەلی كوردستان نەماوەتەوە.).
مەخموورى لە درێژەى بابەتەکەیدا جەختى کردەوە سەر یەکڕیزى و یەکدەنگى گەلى کوردستانى وەک دەرمانى هەموو دەردەکان وەسفکرد و، وتى: (تەنهاو تەنها یەکڕیزى و یەکدەنگیمان دەردەکانمان دەرمان دەکەن و لە سەرکەوتن نزیکمان دەکەنەوە، بۆیە لەسەر هەموو لایەکمان پێویستە وەک چۆن دوژمن و داگیرکەرانى کوردستان بە جیاوازى ئایدۆلۆژى و بەرژەوەندییەکانییان لەدژى ئێمە یەکیان گرتووە، پێویستە ئێمەش بۆ پاراستنى خۆمان و بەرگرتن لە هەڕەشەکان یەکبگرین و رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەییمان بکەین و جلى تەنگى حزبایەتى فڕێبدەین.).
غەفوور مەخمووری سەبارەت بە خستنەڕووى ناوەڕۆکى کتێبەکەى ( نحو حرية واستقلال كوردستان)، وتی: (ئەم كتێبە لە چوار بەش پێكهاتووە، بەشی یەكەم چەند وتارێكە كەوا پێشووتر بە زمانی كوردی لە رۆژنامەو گۆڤارە كوردییەكاندا بڵاومكردوونەتەوە، بەشی دووەم بریتییە لە چەند وتارێك كەوا لەو كۆبوونەوەو كۆنگرەو كۆنفرانسانەدا پێشكەشم كردوون كە لە كوردستان و وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی بەستراون و، هەوڵمداوە پرسی كورد و سەربەخۆیی كوردستان بخەمە بەرچاوی بەشدارانی ئەو كۆنگرەو كۆنفرانسانە، بێگومان بەشداری دەیان كۆنگرەو كۆنفرانسمان كردووە لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەكەو جیهان، بەڵام لێرەدا چەند نموونەیەكی كەممان هێناوەتەوە، بەشی سێیەم بریتییە لە چەند چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەگەری كەوا لەگەڵا دەزگاكانی راگەیاندن ئەنجاممداون و جەختم لەسەر پرسی سەربەخۆیی كوردستان كردۆتەوە، ئەمانەی دەیخوێننەوە مشتێكە لە خەروارێك، یاخود دەتوانم بڵێم گۆڵمێكە لە رەوسەی نووسین و كارو خەباتم لەپێناو سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، بەشی چوارەمی ئەم كتێبە بریتییە لە پاشكۆیەكی وێنەیی، لەجیاتی نووسین هەوڵمداوە بە وێنە باس لە كار و چالاكی و دیدارە سیاسییەكانم بكەم، كەوا بێگومان لە زۆربەی ئەو دیدارانەشدا لەسەر ئاستی ناوخۆو وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی ئەوروپی پرسی سەربەخۆیی كوردستان یەكێك بووە لە تەوەرەكانی گفتوگۆكانمان، لێرەدا وێنەكان فراوانی پەیوەندی و ئاستی پەیوەندییەكان بۆ خوێنەر دەخەنەڕوو، لە راستیدا زمانی وێنە هیچی لە زمانی نووسین كەمتر نیە ئەگەر زیاتر نەبێت، هیوادارم بەم كارەم توانیبێتم خزمەتێكی بچوكی گەلی كوردستان و پرسی سەربەخۆیی كوردستان بكەم و، خوێنەری عەرەبیش زیاتر ئاشنای پرسی گەلى كوردستان بكەم.).
شایانی باسە دوای تەواوبوونی كۆڕەكە رێوڕەسمێك بۆ ئیمزاكردنی كتێبی ((نحو حرية واستقلال كوردستان)) لە نووسینی غەفوور مەخمووری سازكرا, مەخمووری كتێبەكەی پێشكەش بە ئامادەبووان كردو بۆی ئیمزاكردن, ئەمەو كۆڕەكە بووە جێی خۆشحاڵی ئامادەبووان.

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌