





![]() | ئهمڕۆ | 698 |
![]() | دوێنێ | 2155 |
![]() | ئهم ههفتهیه | 9402 |
![]() | ههفتهی ڕابردوو | 14070 |
![]() | ئهم مانگه | 33427 |
![]() | مانگی ڕابردوو | 74836 |
![]() | گشتی | 366224 |
580 نەخۆشی تالاسیما بێ نەخۆشخانەی تایبەتن
میدیا - لانە ئامانج :
سەنتەری نەخۆشی تالاسیمای هەولێر، نزیكەی 580 ئەندامی لە هەولێر و دەوروبەری هەیە و تەنیا زەوییەكی 3500م هەیە، بەڵام تا ئێستا بینایەی تایبەتی نییە، نەخۆشەكانی تالاسیماش داوادەكەن نەخۆشخانەیەكی تایبەتیان بۆ دروست بكرێت و تاقیگەی تایبەتیان هەبێت.
نەوزاد زراری تەمەن 31 ساڵ، نەخۆشی تالاسیمای هەیە و وەك خۆی باسیكرد 10 رۆژ جارێك خوێنی دەگۆڕێت. ئەو ئاماژە بەوە دەدات كە كێشە و گرفتیان زۆرە، بۆیە هیوا دەخوازێت نەخۆشخانەیەكی سەربەخۆیان بۆ دروست بكرێـت و دەرمان و تاقیگەی باشیان بۆ دابنرێت، "داواكارین جیهازی فەحسی باشمان بۆ بێنن كە بتوانێ لە نەخۆشخانەكەی خۆمان ماددە ئاسنەكان جیابكاتەوە، نەك بۆ تاقیگە بچینە نەخۆشخانەی دیكە". ئەو نەخۆشە خۆشحاڵی خۆی لەوەو دەردەبڕێت كە خەڵكی خێرخواز زۆرن و خوێنیان بۆ دێنن، بۆیە پێیوایە ئەو خەڵكە هیوایەكی ئەوانە بۆ ژیان.
"نەخۆشخانەكەمان بۆ بكەنە نەخۆشخانەیەكی سەربەخۆ، یەك قاتیش بێت، چونكە هەموو نەخۆشین و بێخوێنین، ناتوانین ئەوەندە بەسەر قاڵدرمەكان بكەوین". ئەمە قسەی سەركار ئیبراهیم بوو. ئەو كە گەنجێكی تەمەن 23 ساڵەیە، یەكێكە لەو سەدان كەسانەی نەخۆشی تالاسیمایان هەیە. سەركار گلەیی لەوە هەیە كە بەشەكەی ئەوان لە قاتی یەكەمی نەخۆشخانە نییە و دەڵێت "ئەگەر نەخۆش نەبین، نایەینە ئێرە، بۆیە داوا لە حكومەت دەكەم، شوێنێكی باش و دەرمانی باشمان بۆ بێنێ، هەروەها داواكاریشم ئەگەر حكومەت دوای خست، خێرخوازان نەخۆشخانەیەكمان بۆ دروست بكەن".
چیا عوسمانی تەمەن 18 ساڵ، رەنگێكی زەردی هەیە و لە دوورەوە هەست بە نەخۆشییەكەی دەكرێ، ئەو لەگەڵ كۆمەڵێك نەخۆشی دیكە وەستاوە و باسی ئەو مووچەیەی دەكرد كە وەری دەگرن، "مووچەكەمان 150 هەزار دینارە و بەش ناكات، ئێمە بەردەوام نەخۆشین و هەر لە دكتۆرین، لەوانەیە بۆ هەندێك لە كەمئەندامەكان بەشیان بكات، بەڵام بۆ ئێمە كەمە و بەش ناكات".
چیا جگە لە داوای زیادكردنی مووچە دەكات، داوا دەكات زەویشیان پێبدرێت و حكومەت گرنگیان زیاتریان پێبدات.
بەڕێوەبەری بەشی كارگێڕی سەنتەری تەلاسیما، سەفین جەلال، لەبارەی گرفتەكانیانەوە دەدوێـت و سەرەتا باس لە گرفتی نەبوونی جێگەی تایبەت دەكات و دەڵێت "داواكارین بینایەكی سەربەخۆمان هەبێت، چونكە ئێستا لێرەدا موەقەتین و هی خۆمان نییە، بەڵكو هی ولایەتی خێزانییە، ئێمە تابقی سەرەوەمان وەرگرتووە، خۆتان دەزانن بەشی سەرەوە بۆ نەخۆش چەند زەحمەتە"، سەفین ئەوەش دەخاتە بەرچاو كە هەندێك نەخۆش ئەوەندە بێهێزن، بە باوەش بە سەریان دەخەن.
سەنتەری تالاسیما 3500م زەوی هەیە، بەڵام بە قسەی بەڕێوەبەری سەنتەرەكە كەس نییە، بۆیان بكاتە بینایەك، هاوكات باس لەوەش دەكات كە دەنگۆی ئەوە هەیە، بۆ نەخۆشخانەی نانەكەلی دەگوازرێنەوە، بەڵام پێیوایە ئەمە ناگونجێ، لەبەرئەوەی "ئەو نەخۆشییانە زۆر لێك جیان و پێویستە شوێنێكی سەربەخۆمان هەبێت".
سەنتەری تالاسیمای هەولێر نزیكەی 580 نەخۆشی هەیە، هەروەها لقی لە دەڤەرەكانی سۆران و كۆیە هەیە، بەڵام بۆ وەرگرتنی چارەسەر، هەموو نەخۆشەكان روو لە هەولێر دەكەن، ئەمەش قەرەباڵخییەكی زۆری دروستكردووە، وەك باس دەكات 18 قەرەوێلەیان هەیە و زۆر كەمە، تەنیا لە رۆژی شەمەی رابردوو زیاتر لە 60 نەخۆش سەردانیان كردوون، بۆیە "سێ نەخۆشمان لەسەر قەرەوێلەیەك دەخەواند، جگە لەوەش یەك ئۆتۆمبێلمان هەبوو كە خواردنیان بۆ نەخۆش دەهێنا، لێمان سەندراوەتەوە، بۆیە نووسراومان بۆ وەزارەتی دارایی كردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەداوەتەوە".
ئەو بەڕێوەبەرەی كارگێڕی ئاماژە بەوە دەدات كە خەڵكێكی زۆر لە خێرخوازان خوێنیان پێدەبەخشن، جگە لەوەش نەخۆشخانەكان یارمەتییان دەدەن، هاوكات لە رووی دەرمانەوەش باس لەوە دەكات كە حكومەت یارمەتییان دەدات و دەڵێـت "ئێكسوێرد دەرمانێكی تایبەتە، پێشتر نەخۆش خەونی پێوە دەدیت، بەڵام ئێستا ئێمە بە خۆڕایی دابەشی دەكەین".











(0 كۆمێنتهكان ( بۆچوون