





![]() | ئهمڕۆ | 691 |
![]() | دوێنێ | 2155 |
![]() | ئهم ههفتهیه | 9395 |
![]() | ههفتهی ڕابردوو | 14070 |
![]() | ئهم مانگه | 33420 |
![]() | مانگی ڕابردوو | 74836 |
![]() | گشتی | 366217 |
تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی كەركوك بە گەندەڵی تۆمەتبار دەكرێ
میدیا - رێبوار عوسمان
قایمقامی كەركوك و بەڕێوەبەری ئەنجومەنی شارەكە جەخت لەوە دەكەنەوە كە گەندەڵییەكی زۆر لە تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی عێراق لە كەركوك بەدیدەكەن، ساڵانەش ئەو نووسینگەیە بڕی 49 ملیار دینار بە فیڕۆ دەدات، بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگەیەش گەندەڵییەكان بۆ سەردەمی بەڕێوەبەری پێشووی فەرمانگەكەیان دەگەڕێنێتەوە.
كامیل ساڵەیی قایمقامی قەزای ناوەندی كەركوك بە میدیای راگەیاند قسەی زۆر لە سەر بوونی گەندەڵی هەیە لە فەرمانگەی تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی كەركوك، گوتیشی "باس لەوە دەكرێت چەندین كەس لەوێ مووچە وەردەگرن و بێكاریش نین، بۆیە داواكراوە هەرچی گەندەڵی هەیە لەو فەرمانگەیە پاك بكرێتەوە". راشیگەیاند بۆ دوورخستنەوەی گەندەڵەكانیش لە خۆیان، تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی لە كەركوك هەڵساوە بە ئامادەكردنی فۆڕمێكی كۆكردنەوەی زانیاری كە تیایدا زانیاری لەو كەسانە وەردەگرن كە بێكارن، لە خوارەوەی فۆڕمەكە نووسراوە كە قایمقامێتی كەركوك و ئەنجومەنی قەزای كەركوك و موختاری گەڕەكی سوودمەندبووەكان لەو پڕۆژەیە، مۆری بكەن و بەرپرسیارێتی هەركەموكوڕییەك و لێپرسراوێتی یاسایی بخرێتە ئەستۆی هەر سێ لایەنی موختار، قایمقامێتی و ئەنجومەنی قەزای ناوەندی كەركوك. بە سەرسوڕمانیشەوە گوتی "ئێمە تەنها ئەتوانین پشتگیری ئەوە بكەین كە ئایا ئەو سوودمەندە دانیشتووی كەركوكە یان نا، چونكە زانیاری زۆرە لە سەر ئەوەی كە ئەوانەی كە كاریشیان هەیە لەوێ مووچەیان هەیە و ژمارەشیان زۆرن". ساڵەیی ئەوەشی ئاشكراكرد، كە كێشەكەیان بردووەتە پارێزگای كەركوك، راكان سەعید جێگری پارێزگار پرسەكەی لەگەڵ وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی تاوتوێیان كردووە و رێككەوتوون لە سەر ئەوەی فۆڕمەكانیان مۆر بكەن، بە مەرجێك هیچ لێپرسراوێتییەكی یاسایی نەخرێتە ئەستۆیان". قایمقامی كەركوك جەختی لە بوونی گەندەڵی لەو فەرمانگەیە كردەوە و گوتیشی "پێویستە بەدواداچوونی ورد بكرێت لەو گەندەڵییانەی كە لەو فەرمانگەیەدا بوونیان هەیە".
هەرلەوبارەیەوە مونیر ئەلقافلی سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای كەركوك بە میدیای راگەیاند، بەپێی هەڵسەنگاندنی پشكێنەری وەزارەتی كار و كاروباری عێراق، فەرمانگەی تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی عێراق لە كەركوك، "لە هەموو فەرمانگەكانی دیكەی ئەو تۆڕە لە عێراقدا گەندەڵترە"، ئاشكراشی كرد كە بەو هۆیەوە چەندین جار داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە بە سەرجەم ناوی بێكارانی تۆماركراوی ئەو تۆڕەدا بچنەوە، بەڵام بێ ئەنجام بووە. گوتیشی "پشكێنەری گشتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دانی بەوەدا ناوە كە نووسینگەی كەركوكیان گەندەڵترینیانە لە سەر ئاستی عێراق و ساڵانە بڕی 49 ملیار دینار بە فیڕۆ دەدات. بۆشیان دەركەوتووە، زۆرترین گەندەڵی لەو فەرمانگەیەدا ئەنجام دەدرێت، گەندەڵییەكەی ئەو فەرمانگەیەش نەخراوەتە ئەستۆی فەرمانگەكە و وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، بەڵكو بەرپرسیارێتییەكە خراوەتە ئەستۆی موختار و ئەنجومەنی قەزا و قایمقامێتی كەركوك". ئاماژەی بەوەشكرد، كە ئەوان داوایان لە پشكێنەری وەزارەتی كاری عێراقیش كردووە بەدواداچوونی ورد لەو دۆسێیانەی ئەو فەرمانگەیە بكرێت، كەچی لە بری پشكنینی گەندەڵییەكان، داوا لە ئەنجومەنەكەیان كردووە سەرجەم مامەڵەكانی تۆڕی كۆمەڵایەتی كەركوك ئیمزا بكەن. گوتیشی "تەنانەت ئەفسەر و بەڵێندەریش هەیە لە تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی كەركوك مووچەی بێكاری وەردەگرن". جەختی لەوەش كردەوە كە "كەركوك تاقە پارێزگای 15 پارێزگاكەی عێراقە كە 14 ملیار دیناری گەڕاندۆتەوە وەزارەتەكە و پارێزگاكانی دیكەش داوای بودجەی زیاتریان بۆ ئەو پرسە كردووە".
لەلای خۆیەوە، كەریم محەممەد ئەمین بەڕێوەبەری چاودێری كۆمەڵایەتی كەركوك بە میدیای راگەیاند پڕكردنەوەی ئەو فۆڕمە كارێكی ساڵانەیە و زانیاری وەرگرتنە لە سوودمەندانی تۆڕەكە. گوتیشی "ئەنجومەنی قەزای كەركوك ئامادە نەبووە ئەو فۆڕمانە پڕبكاتەوە، ناچاربووین و دەبوا ئەو فۆڕمانە مۆربكەن، ئەوەش بووە هۆی فشارخستنە سەر ئەنجومەن و قایمقامێتی كەركوك، كە لە ئێستادا مۆریان كردووە و كێشەكەیان رواندەوە". ئاشكراشی كرد كە هەزاران مامەڵەی بێكارانیان لەلایە و گوتی "دەرچووانی پەیمانگە و زانكۆكانمان بە قەرزپێدان لە تۆڕەكە دوورخستەوە، لە ئێستادا مووچە بە چوارهەزار بێكاری كەركوك دەدەین، ئەمە جگە لەوەی كە چەندین كەسی دیكە مامەڵەكەی پێشكەش كردووە و ناوی نەگەڕاوەتەوە". وەك باسیكرد مووچەكانیش جیاوازن، "خێزانی دوو ئەندام 70 هەزار دیناری هەیە، سێ سەرخێزان 90 هەزار دینار، چوار سەرخێزانیش 100 هەزار دینار وەردەگرن، پێنج سەر خێزان 110 هەزار دینار و شەش سەرخێزانیش بڕی 120 هەزار دینار وەردەگرن".
بوونی گەندەڵییەكانیشی بۆ سەردەمی بەرێوەبەرەكەی پێشووی خۆی گەڕاندەوە و گوتی "چەندین جار لەگەڵ وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتیش لەو بارەیەوە قسەمان كرووە و ماوەی یەك ساڵی خایاند و پشكنینی پشكێنەری گشتی و مەلەفی ئەو بەڕێوەبەرە لەلای موفەتیشی گشتییە و دەرئەنجامەكەشی لەلای دەستەی نەزاهە هەیە". سەبارەت بە كێشەی فەرمانبەرانیش، گوتی "پێشتر كێشەی فەرمانبەرانمان ئەوەندە زۆر بوو كە نامانتوانی هیچ كارێك ئەنجام بدەین، بەڵام ئێستا 10 فەرمانبەری كاتیمان بە گرێبەست بۆ دامەزراوە و 12 فەرمانبەری هەمیشەیشمان هەیە".
راشیگەیاند لە كەركوك تەنها مافی پێدانی مووچەی بێكاری هەیە بە 13000 بێكار و كەم ئەندام و پیروپەككەوتە و ئەو خوێندكارانەی هاوسەرگیریان ئەنجامداوە، بەڵام تائیستا 11 هەزار و 179 مووچەیان پێدەدرێ.











(0 كۆمێنتهكان ( بۆچوون