





![]() | ئهمڕۆ | 688 |
![]() | دوێنێ | 2155 |
![]() | ئهم ههفتهیه | 9392 |
![]() | ههفتهی ڕابردوو | 14070 |
![]() | ئهم مانگه | 33417 |
![]() | مانگی ڕابردوو | 74836 |
![]() | گشتی | 366214 |
سوریا رێگە بەچاودێران نادات سەردانی شوێنی خۆپیشاندانەكان بكەن
میدیا - تارا محەممەد :
خۆپیشاندانەكانی سوریا بەردەوامە و ژمارەی قوربانیانیشی رۆژ لەگەڵ رۆژدا لە بەرزبوونەوەدایە. گەرچی چاودێرانی كۆمكاری عەرەبی ئێستا لە قامیشلون، بەڵام هێزە ئەمنییەكانی سوریا رێگەیان نادەن سەردانی شوێنی خۆپیشاندانەكان بكەن. لەوبارەیەوە چەند سیاسەتوان و چاودێرێكی سیاسی بۆ میدیا دێنەئاخافتن.
د.ئیسماعیل حەساف سكرتێری پارتی پێشەنگی كوردستانی لە سوریا، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ میدیا، بەمجۆرە تاوتوێی رەوشی سوریا دەكات:
"رۆژانە خۆپیشاندانی جەماوەری بەرفراوان لە كوردستانی سوریا ساز دەكرێت، لە رۆژی هەینی رابردوودا زیاتر لە هەزار خۆپیشاندەر لە رۆڵەكانی كورد لە شاری قامیشلو رژانە سەرشەقام، دوای هاتنی چاودێرانی كۆمكاری عەرەبی بۆ كوردستانی سوریا، ماوەی چەند رۆژێكە لەلایەن پیاوانی ئەمنی رژێم رێگە نەدراوە بە ئەندامانی وەفدەكە لە قامیشلۆوە بچنە شوێنی خۆپیشاندانەكان، شایانی باسە خۆپیشاندەران دروشمی بڕووخێ رژێم و خەباتكردن لە بەرەیەكی هاوبەشدا لەگەڵ شۆڕشگێڕانی شارەكانی دیكەی سوریا وەك حمس و حەما و دیرئەلزور و دەرعا و ئیدلەب بەرز دەكەنەوە. جێگەی داخە لە ناو شۆڕشگێڕانی سوریا پارچەپارچەیی و ناكۆكی ناوخۆیی زۆر هەیە، ئەو پارچەپارچە بوونە، بزاڤی سیاسی كوردیشی گرتۆتەوە، نەبوونی سیاسەتێكی یەكگرتوو، كوردی دابەشی سەر چەند هێزێك كردووە، لەوانە یەكێتی هێزی دیموكراتی كورد، ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی، پارتی یەكێتی دیموكراتی كوردی لەگەڵ چەند گروپێكی گەنجانی سەربەخۆ. ئەگەر بەم پارچە پارچەییە بمێنێتەوە، لە داهاتوودا بزاڤی كورد تووشی پەككەوتن دەبێت، بۆیە لێرەوە داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەم بۆ كاركردن لەسەر بەستنی كۆنگرەیەكی نیشتمانی گەورە، بە ئامادەبوونی تێكڕای لایەن و پارتە سیاسییە كوردەكان و كەسایەتییە ئاكادیمی و نیشتمانی و گروپە سەربەخۆكانی گەنجان، تاوەكو پڕۆژەیەكی نەتەوەیی بهێنینە بەرهەم، كە بتوانێ پێداویستییەكانی خەباتی نەتەوەیی و مافی كوردان زامن بكات، لە پێناو بەدەستهێنانی دیموكراسی بۆ سوریا و فیدراڵییەت بۆ كوردستان وێڕای پاراستنی مافی تەواوی كەمایەتییە مەزهەبی و نەتەوەییەكان لە سوریا".
لە لای خۆیەوە سدیق حەسەن شوكری رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی بەمجۆرە بۆ میدیا هاتە ئاخافتن:
"دەوڵەتی سوریا یەكێكە لەو دەوڵەتانەی زادەی كۆلۆنیالیزمی نوێ و شەڕی ساردن. لەسەردەمی گلۆبالیزمدا، بەتایبەتی كاتێك كە شەڕی تیرۆری ئیسلامی لەدژی وڵاتانی ناموسڵمان گەیشتووەتە وێستگەیەكی مەترسیدار، پێویست دەكات، دەوڵەتەكانی سەردەمی شەڕی سارد و كۆلۆنیالیزمی نوێ هەڵوەشێننەوە، تائێستا دیار نییە لە شوێنی ئەم رژێمانەدا چۆن سیستەمێك دێتەدی، ئەوەی لە سوریاش روو دەدات بەدەر نییە لەو دەستوەردانە ئەمریكییە لە كاتی خۆیدا بەناوی گەردەلوولی بیابان لەدژی رژێمی بەعس لە عێراق دەستیپێكرد. ئەمانە درێژبوونەوەی ئەو هێرشەن، بە بڕوای من تا گرتنەوەی ئێرانیش بەردەوام دەبێت، بەڵام بانی زەمەنیی دیار نییە، زەمەنبەندیی نێوان هەردوو دەستوەردانی سەربازیی گەردەلوولی بیابان لەدژی سەدام تا ئەوەی بەسەر قەزافییان هێنا (20) ساڵی خایاند، لەڕاستیدا گوشاری ئەمریكا بۆ سەر بەشار ئەسەد جیاوازە لەوەی بە سەر قەزافییان هێنا، ئەوان دەیانەوێت بەشار ریفۆرمی بنەڕەتی لە سیستەمی سیاسی و دەسەڵاتی وڵاتەكەیدا بكات، بەڵام وەكو دیارە بەشار ئەسەد ئەو ریفۆرمانەی كە لەلایەن ئەمریكا و ئەوروپاوە لێی داوا دەكرێن، لە توانایدا نییە جێبەجێیان بكات. بۆیە پێدەچێت فۆرمۆلی لابردنی ئەسەد و هەڵوەشانەوی رژێم بێتە ئاراوە، لێرەدا فاكتەری توركیا هەیە، كە مەترسی ئەمە دەكات، لە هەڵوەشانەی رژێمی بەعس لە سوریا كوردەكانی باشووری رۆژئاوای كوردستان ببنە خاوەنی هەرێمی فیدڕاڵ، ئەمە توركیای نیگەران كردووە، لەلایەكی دیكەوە ئێران دەستوەردانی سەربازی بۆ سوریا لەلایەن ناتۆوە بە راگەیاندنی شەڕ لەدژی خۆی تێدەگات، بۆیە پێدەچێت لێدانی بەشار وەكو قەزافی ئاسان نەبێ".
لە لایەكی دیكەوە رۆژی چوارشەممەی رابردوو گروپێك لە چاودێرانی كۆمكاری عەرەبی، گەیشتنە شاری قامیشلوی باشووری رۆژئاوای كوردستان و لە لایەن هەزاران هاوڵاتی كوردەوە بە ئاڵای كوردستان و بە دروشمی گەل رووخانی رژێمی دەوێت پێشوازییان لە چاودێران كرد. لە كاتی سەردانی چاودێرانی كۆماری عەرەب، دایكی سێ شەهیدی سەرهەڵدانەكەی گەلانی سوریا، لە شاری قامیشلو، دیداری لەگەڵ نوێنەرانی وەفدەكە كرد و چەندین چالاكی سیاسی كورد و ئەندامی تۆڕە نهێنییەكانی رێكخەری خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەكانیش لەم شارە، داواكارییەكانی كوردیان كە فیدراڵی و مافی چارەی خۆنووسینە بە چاودێرانی كۆمكاری عەرەبی راگەیاند. بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن تیمێكی سەربەخۆی رۆژنامەوانی بیانییەوە ئاراستەی دەزگا و پەخشی رۆژنامەوانیی پێنووسەكان لە بەریتانیا كراوە، تەمەنی حكومەتەكەی بەشار ئەسەد، كەمتر لە دوو هەفتەی ماوە و كۆتایی پێ دەهێنرێت. تیمەكە، لە زانیارییەكانیاندا رایانگەیاندووە "حكومەتەكەی بەشار ئەسەد، لەلایەن ئەمریكا و ئەوروپا و بەهاوكاری توركیا و ئیسرائیل، كەمتر لە دوو هەفتەی ئایندەدا، هێرشی دەكرێتەوە سەر و كۆتایی بە دەسەڵاتیان دەهێنرێت".











(0 كۆمێنتهكان ( بۆچوون