





![]() | ئهمڕۆ | 688 |
![]() | دوێنێ | 2155 |
![]() | ئهم ههفتهیه | 9392 |
![]() | ههفتهی ڕابردوو | 14070 |
![]() | ئهم مانگه | 33417 |
![]() | مانگی ڕابردوو | 74836 |
![]() | گشتی | 366214 |
دەشتی نەینەوا داوای پارێزگایەكی سەربەخۆ دەكەن
رێزان ئەحمەد - موسڵ
ژمارەیەك لە چالاكوانانی مەدەنی و كەمە نەتەوەكانی دەشتی نەینەوا داوا دەكەن ژمارەی هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچەكەیان زیاد بكرێت، لە پێناو خۆپاراستن و ئاسایش و ئارامی ناوچەكەشیان پارێزگایەكی سەربەخۆیان بۆ بونیات بنرێت.
جەمال سەلمان پێیوایە كە ئەگەر دوای ئەوەی كە هێزەكانی ئەمریكا پاشەكشێی پێكرا و هێزی پێشمەرگە لە دەشتی نەینەوا زیاد نەكرێ، ئەوا ترسی ئەوەیان هەیە تیرۆریستان زیاتر زەفەریان پێ ببەن و كێشەی زۆریان لەم ناوچانە بۆ درووست بكەن، هۆكارەكەشی بۆ "جێبەجێنەكردنی ئەو بەڵێنانە گەڕاندەوە كە پێشتر بۆ سەقامگیری ئەو ناوچانە پێیاندابوون.
گوتیشی "پێویستە هەرچی زووە ماددەی 140 جێبەجێبكرێ و ناوچەك جێناكۆكەكان بخرێتەوە سەر كوردستان بۆ ئەوەی باری ئەمنی بپارێزرێت، بەتایبەتی بۆ كەمە نەتەوەكان وەك ئێزیدی، شەبەك و مەسیحییەكان". ئاماژەی بەوەشدا كە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكی باری ئەمنی لە پارێزگاكەیان شڵەژاوە، "گروپە تیرۆریستییەكان چالاكییان زۆرتر بووە و كردەوە تیرۆیستییەكان لە دژی كەمە نەتەوەكان رووی لە زیادكردنە".
پارێزەر بەشار سورچی ئاماژە بەوە دەكات كە دوای ئەوەی زۆرترین زیانی گیانی بەر رۆڵەكانیان كەوت، بەتایبەت لە كەمەنەتەوەكان وەك: كورد، ئێزیدی، شەبەك و مەسیحی، هیچ متمانەكیان بە بەڵێنەكانی حكومەتی ناوەندی لەمەڕ چاكسازی باری ئەمنی لە پارێزگاكەیان نەماوە. باسی لەوەش كرد، كە ئەگەر هێزی پێشمەرگە لە ناوچەكەیان بوونی نەبێ تووشی نالەباری زۆر دەبنەوە و ژیان و گوزەرانیان روو لە خراپی دەكات. لەوبارەیەوە گوتی "داوا دەكەم هێزی پێشمەرگە لە دەشتی نەینەوا زیاد بكرێ، چونكە لەكاتی كشانەوەی سەرجەم هێزەكانی ئەمریكا و بە ئەگەری كەم بوونی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەكەمان، ئەوا مەترسی زیاتر دەبێت،، بەتایبەت لە بازگە سنوورییەكان".
ئەو پارێزەرە بە دووری زانی كە ئەسیل نوجێفی لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەكان باسی لەوە كردبێت كە سنووری پارێزگای موسڵ لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی بۆ ماددەی 140 هێڵی سوور بێت.
گۆرگیس شابا دانیشتووی شارۆچكەی قەرقووشە و هاوڵاتییەكی مەسیحییە، لە ئێستادا دروستكردنی پارێزگایەكی سەربەخۆ بۆ دەشتی نەینەوا بە پێویست دەزانێ و گەرەنتی باری ئەمنی لە ناوچەكەیان مسۆگەر دەكات و پێشیوایە دامەزراندنی هێزێكی تایبەت بەخۆیان تەنیا رێگەیە بۆ پاراستنی سنووری پارێزگاكەیان. گوتیشی" دواخستن و پەراوێزخستنی بڕیارێكی وەها تەنیا نیشانەی ئەقلی شۆڤینییە كە لە ئێستادا چ لە بەغدا و چ لە نەینەوا كۆنتڕۆڵی دەزگا حكومییەكانیان كردووە".
گۆرگیس ئەو خەمخۆرییانەی كە دەسەڵاتی ناوچەكە بۆ كەمە نەتەوەكان دەریدەبڕن، بە "فرمێسكی تیمساح"ـی دەزانێت و پێیوایە تەنیا لە هەڵبژاردنەكان ئەو بارودۆخە بۆ قازانجی خۆیان دێننە ئاراوە.
لەلایەكی دیكەوە موحسین سەعدون یاریدەدەری سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانی كوردستان بۆ میدیا گوتی" كورد بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە دروستكردنی پارێزگایەكی سەربەخۆ لە دەشتی نەینەوا دەكات، ئەوەش باری ئەمنی هەموو كەمەنەتەوەكان لە كورد، ئێزیدی، شەبەك و مەسیحی جێگیر دەكات لە كردەوە تیرۆرستییەكان دەیانپارێزێت".
سەرۆكی لێژنەی ئەمنی و بەرگری لە ئەنجوومەنی نەینەوا عەبدولڕەحیم ئەلشممەری، ئەوەی ئاشكرا كرد، كە لەوە ئاگادارن بەم دواییە چالاكی گرووپەتیرۆیستییەكان رووی لە زیادبوون كردووە و بە تایبەتی لە بەشی رۆژئاوای شاری موسڵ، ئەوەشی خستە ئەستۆی دەزگا ئەمنییەكان و گوتی "ئەوان نایانهەوێ بارودۆخەكە لە دژی كەمە نەتەوەكان ئارام ببێتەوە".
جێی ئاماژەیە موسڵ بە دووری 450 كم دەكەوێتە باكووری پارێزگای بەغدا و بە بەراورد لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی عێراق بەپێی راپۆرتەكانی دەزگای ئەمنی عێراقی و هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا، لە رووی باری ئەمنی بە یەكێك لە نالەبارترین پارێزگاكانی عێراق هەژمار دەكرێت
.










(0 كۆمێنتهكان ( بۆچوون