





![]() | ئهمڕۆ | 688 |
![]() | دوێنێ | 2155 |
![]() | ئهم ههفتهیه | 9392 |
![]() | ههفتهی ڕابردوو | 14070 |
![]() | ئهم مانگه | 33417 |
![]() | مانگی ڕابردوو | 74836 |
![]() | گشتی | 366214 |
ناز و منەتی چەواشەكاران

سۆران خەسرەو :
رێم كەوتە ترافیكلایتی شەقامی 100مەتری و لە شارۆچكەی عەنكاوە ویستم بە تەكسی بۆ بازاڕ بچم، نایشارمەوە لەبەر گرانی كرێی تەكسی هەرخۆم بەخۆم گوت: بۆ چوارهەزار دینار كرێی تەكسی بدەم، بۆ بە پاس نەچم، هەرنەبێ كرێی پاسەكان 500 دینارە، كە چوومە مەوقیفی پاس ماوەیەك وەستام، هیچ پاسێك دیار نەبوو، چەند كەسێكیش وەك من لەوێ وەستابوون و چاوەڕوانی هاتنی پاسەكەیان دەكرد. پرسیارم لەیەكێكیان كرد و گوتم: پاسەكان زوو دێن؟ ئەویش كە خوێندكارێكی تەمەن 12 تا 14 ساڵان دەبوو، گوتی: ئەوەندەی من بیزانم حەوت دەقە جارێك پاسێك دێت.
هەمووان دەزانین، ئەوانەی كە بە پاس هاتوچۆ دەكەن، زۆربەیان چینی فەرمانبەران و خوێندكارانن، سیستمی سەرنشینیش لە پاسەكان جێی لە 20 تا 25 سەرنشینە و ئەگەر زیاتر لەو ژمارەیە سەربخەن، پێچەوانەی یاسایە، بەڵام ئەو پاسەی كە من پێیهاتم، ئەوەندە و نیوی دیكەی سەرخستبوو! گوێم لە پرتەو بۆڵەی سەرنشینەكان دەبوو، تەنانەت یەكێك دەیگوت: بۆ بەرەی شەڕ دەچین یان بۆ بازاڕ؟ هەڵبەت منیش یەكێك لە وەستاوەكانی ناو پاسەكە بووم. كاتێك پاسەكە دەگەیشتە هەر مەوقیفێك خەڵك بەبێ پچڕان سەردەكەوتن، لەبەرئەوەی ناچاربوون و زۆربەشیان خوێندكار بوون، كاتێك یەكێك لە سەرنشینەكان بیگوتبایە كاكی شۆفێر جێگە نییە، جەنابیشیان بە شێنێی و بە زەردەخەنەوە وەك چۆن باوەڕی بەقسەكەی خۆی نەبێت، دەیگوت براكەم بۆ جێی ناكەیت؟ وەك تۆ تەڵەبەیە و وەك تۆ حەزدەكات داهاتووی هەبێت، پەیتا پەیتاش دەیگوت: یاڵڵا كاكە بڕۆنە پشتەوە بۆشە، جێیان بكەن با سەركەون. بۆیە سەرنشینەكان ئەوانەی بە پێوە وەستابوون ترنجابوونە یەكتر و تەنانەت ئەوانەشی لە سەر كورسییەكان دانیشتبوون بێزار ببوون. لەهەمووی سەیرتر كە گەیشتینە ترافیكێكی 40مەتری ئەو كەسانەی كە جەنابی شۆفێر ناوی لێنابوون تەڵەبە و داهاتووی بۆ دیار كردبوون، زیاتر لە جارێك جاهیل و نەزانی دەكردن، دەیگوت: كاكە خۆ ئێوە تەلەبەنە حەقوایە لە ئێمە باشتر بزانن لە كاتی رۆیشتندا نابێت ئۆتۆمبێل دەرگای بكرێتەوە، شۆفێرەكە باش بیری لەقسەكەی خۆی كردبۆوە، لەبەرئەوە 30هەزار دیناری پێنەبژێرن، ئەو خەڵكە نەدار و كەمدەرامەتەی شێوە سەرزەنشتێك دەكرد و لە كاتێكدا خۆی پێش هەموو كەس پێچەوانەی یاسایە رەفتاری دەكرد و بیری لەوە نەدەكردەوە كە ژیانی زیاتر لە 30مرۆڤ لە ئەستۆی ئەودایە، هەستی نەدەجووڵا كە ئەگەر یەكێك لەو سەرنشینانەی لەبەر بێ جێیی ناو پاسەكە وەك سوورەی بەر لەشكر خۆیان بە دەرگاكە هەڵواسی بوو بكەوتبایە، تووشی چ كارەساتێك دەبوو.
زۆرمان بیست رووداوی نەویستراوی وەها لەم شێوەی لە بەرگی قەزا و قەدەری ناو دەستی ئەم و ئەوی ماچ كرد و دواتریش تێیانتەقاند، چەندین جار خۆم لە هەندێ لە شۆفێرەكانم بیستووە، بەداخەوە بە سەرنشینەكانیان گوتووە، ئەگەر رازی نیت بۆ خوارەوە و بە تەكسی هاتوچۆ بكە، ئەو چەواشەكارییەی هەندێك لە شۆفێرە بەڕێزەكان، بەرامبەر فەرمانبەر و خوێندكارەكان مایەی شەرمەزارییە بۆ ئەوان، بەڵام كەمتەرخەمی و بێ ئاگایی لە هاتوچۆی ناوشارە نەك شۆفێرەكان، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی ناوشار، پێتانوایە ئێرە وڵاتی هیندستانە تا لەبەر نەبوونی و نەهامەتی خەڵك لەسایەی سەری حكومەت پاس و شەمەندەفەرەكانمان بە خۆڕایی بێت و هاوڵاتیان لەسەر سەقفی پاسەكان باربكەن؟! لای ئێمە ناز و منەتی شۆفێری پاسەكان بەسەر هاوڵاتیاندا شتێكی بەرچاوە و گوێشیان لەوە نییە كە هاوڵاتیان بە پارەی خۆیان هاتوچۆ دەكەن و حیسابیش بۆ ئاسوودەییان ناكەن! بۆیە پێویستە چاودێرییەكی چڕی پاسەكان بكەن و كاتیان بۆ دابنێن و كۆنتڕۆڵی زیادەڕۆییەكانیان بكەن. بۆچی لە هەموو دنیا پاسێك جێی كەمتر لە25 سەرنشینە كەچی پاسەكانی لای خۆمان 35 كەس سەردەخەن؟
سەندیكای گواستنەوەمان بیرنەچێت، لە ئابوونەوەرگرتن و ئەندامبوونی شۆفێرەكان تا لە كێشمەكێشمی هەڵبژاردنەكان زۆرترین لایەنگیری هەبێت، زۆر یاساییە بەڵام بۆ رێكخستن و بە یاساییكردنی هاتوچۆی هاوڵاتیان سەندیكا نییە، بەڵكو كافتریایە.










(0 كۆمێنتهكان ( بۆچوون