





![]() | ئهمڕۆ | 692 |
![]() | دوێنێ | 2155 |
![]() | ئهم ههفتهیه | 9396 |
![]() | ههفتهی ڕابردوو | 14070 |
![]() | ئهم مانگه | 33421 |
![]() | مانگی ڕابردوو | 74836 |
![]() | گشتی | 366218 |
YNDKراگەیاندنی كۆتایی كۆبوونەوەی كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان

سەر لەبەیانی رۆژی شەممە 4/2/2012 كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردســــــــــتان YNDK بەسەرپەرشتی هەڤاڵ غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی YNDK كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە شاری هەولێر بە دەقیقەیەك وەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاكی شەهید سەربەست مەحموودو تەواوی شەهیدانی كوردستان بەست و، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر رەوشی سیاسی كوردستان و ئێراق و ناوچەكەو كاروخەباتی YNDK كرا.
سەبارەت بەرەوشی ناوچەكە باس لەو گۆڕانكارییانە كرا كە وڵاتانی عەرەبی گرتۆتەوە و تا ئێستاش بەردەوامە و پێشبینی دەكرێ ئەو شۆڕش و راپەڕینانە بەردەوام بن و چەند وڵاتێكی دیكەی ناوچەكە بگرنەوە، بێگومان ئەو گۆڕانكارییانە بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ كاریگەرییان دەبێت بۆ سەر كوردستان، بۆیە پێویستە سەركردایەتی كوردستان بەوردی چاودێری رەوشەكە بكات و سوود لەو گۆڕانكارییانە وەربگرێت و خۆی بۆ هەر ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییەك ئامادە بكات كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوەو روودەدەن.
كۆبوونەوەكە لەسەر رەوشی سیاسی كوردستان وەستاو تیشكی خستەسەر پرسی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی و رەوشی باكوورو باشوورو رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستان و پێكهێنانی كابینەی حەوتەمی حكومەتی كوردستان و چەند پرسێكی دیكە:
كۆنگرەی نەتەوەیی: YNDK بیروڕای وایە كە ئەم قۆناخە قۆناخێكی زۆر ناسك و هەستیارە لە خەباتی گەلی كوردستاندا، لەبەر ئەوە ئەم قۆناخە كوردایەتی لەهێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەخوازێت نەك حزبایەتی، بۆیە لەسەر هەموولایەك پێویستە ناكۆكی و ململانێ حزبییەكان بخەنە لاوەو كار بۆ پڕۆژەی نەتەوەیی و نیشتمانی بكەن، هەر لەم پێناوەشدا بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی سەرتاسەری بە بەشداری تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان وەك پێویستییەكی گرنگی ئەم قۆناخەی خەباتی گەلی كوردستان دەبینێت، YNDK بەستنی كۆنگرەیەكی وا لەم كاتەدا بۆ رێكخستنەوەی نێو ماڵی كوردو خۆ ئامادەكردن بۆ ئەو ئەگەرو پێشهاتانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا روودەدەن وەك پێویستییەكی سەردەم و ئەنجامدانی ئەركێكی نەتەوەیی گرنگ و پیرۆز سەیر دەكات و لەم پێناوەشدا ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاری پشتگیرییەكە.
باكووری كوردستان: YNDK خۆشحاڵی خۆی سەبارەت بەو پێشڤەچوونانەی باكووری كوردستان رادەگەیەنێت و بەڕێزەوە لە كاروخەباتی نەتەوەكەمان لە باكووری وڵات دەڕوانێت و هیوای سەركەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازێت و، داواكارە كە بەردەوام بن لەسەر كارو خەبات بۆ یەكێتی كوردان لەبەرئەوەی ئەم پێشڤەچوونانە بەرهەمی یەكڕیزی و یەكدەنگی نەتەوەكەمانن لەو بەشەی وڵات و یەكڕیزی و یەكدەنگی زامنی سەركەوتنی زیاترە.
باشووری كوردستان: YNDK بە چاوی رێزەوە لە پێشڤەچوونەكانی باشووری كوردستان دەڕوانێت، لەهەمان كاتدا داواكارە سەركردایەتی و پەرلەمان و حكومەتی كوردستان زیاتر بەپیر داخوازییەكانی خەڵكی كوردستانەوە بێن و چارەسەری گرفتەكانیان بكەن و خزمەتگوزاری زیاتریان پێشكەش بكەن و كار بكەن بۆ دابینكردنی عەدالەتی كۆمەڵایەتی. هەر سەبارەت بەباشووری كوردستان YNDK بە پێویستی دەزانێت كە هەموو لایەك كاربكەن بۆ رێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد و، چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكان لەرێگەی دیالۆگ و گفتوگۆوە بە ئەركێكی بەپەلەی ئەم قۆناخە دەزانێت.
لەبارەی پێكهێنانی كابینەی حەوتەمی حكومەتی كوردستانیش YNDK وای دەبینێت كە پێویستە كابینەی حەوتەم كابینەیەكی بنكە فراوان بێت و رەنگدانەوەی واقیعی سیاسی و نەتەوەیی كوردستان بێت و تەواوی لایەنە سیاسییەكان بەجیاوازی بیروبۆچوونی سیاسییانەوە بگرێتەخۆ، ئەمەش فاكتەرێكی گرنگ دەبێت بۆ رێكخستنەوەی نێو ماڵی كوردستان، هەروەها پێویستە ئەو كابینەیە زۆرترین خزمەتگوزاری پێشكەش بە خەڵكی كوردستان بكات و شوێنەواری دوو ئیدارەیی لە كوردستاندا نەهێڵێت و كار بۆ سیستماتیكردنی دەزگاكانی حكومەت بكات و بیكاتە حكومەتی خەڵكی كوردستان و دوور بێت لە دەستێوەردانی حزبی.
رۆژهەڵاتی كوردستان: YNDK جۆرە سستییەك لە كارو خەباتی ئەم بەشەی كوردستان دەبینێت، بۆیە بەپێویستی دەزانێت هێزو لایەنە سیاسییەكانی ئەم بەشەی وڵات بە بەرنامەیەكی نوێوە بكەونەوە كاروخەبات و خۆ ئامادە بكەن بۆ ئەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنەپێشەوەو روودەدەن
رۆژئاوای كوردستان: YNDK وای دەبینێت كە شۆڕش و راپەڕینەكانی گەلی سوریا كاریگەری راستەوخۆیان دەبێت لەسەر رەوشی رۆژئاوای كوردستان بۆیە بانگ لە تەواوی جەماوەرو هێزو لایەنە سیاسییەكان و رێكخراوەكان و هەڤڕێزییەكان دەكات كەوا یەكدەنگ و یەكڕیزو یەكهەڵوێست بن و لە یەك چوارچێوەدا كۆببنەوە، بۆئەوەی مافەكانی نەتەوەكەمان وەدەستبهێنن و وەك ژمارەیەكی بەهێزی نێو هاوكێشە سیاسییەكانی سوریاو ناوچەكە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، بێگومان یەكدەنگی و یەكڕیزی دەبێتە فاكتەری سەركەوتن و پێشڤەچوون و هێزو ورە بەخشین بە جەماوەری ئەو بەشەی وڵات بۆیە پێویستە هەموو لایەك بەو ئاراستەیەدا كار بكەن.
ئێراق: كێشەو گرفتەكانی نێوان پێكهاتەكانی ئێراق رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر و قووڵتر دەبنەوە، بەردەوام بوونی ئەو كێشەو گرفتانە ئێراق رووبەڕووی هەڵوەشانەوەو پارچەبوون دەكات، بۆیە پێویستە سەركردایەتی سیاسی كوردستان بەپێی بەرژەوەندی نەتەوەیی مامەڵە لەگەڵ رەوشی ئێراقدا بكات و خۆی بۆ هەر ئەگەرو پێشهاتێك ئامادە بكات و سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت و بۆ ئەمەش پێویستە كورد بەرنامەیەكی هەمەلایەنەی هەبێت و پەند لە رابردوو وەربگرێت.
كارو خەباتی YNDK: لە دوا تەوەری كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر كارو خەباتی YNDK لە ماوەی رابردوودا كراو، تیشك خرایە سەر پێشڤەچوونەكان و تەگەرەكانی بەردەم پێشڤەچوونی زیاتری YNDK لە هەموو روویەكەوەو، لەژێر تیشكی پێشڤەچوونەكان و چۆنیەتی نەهێلانی ئاستەنگ و تەگەرەكان كارنامەیەكی نوێ بۆ كارو خەباتی داهاتووی YNDK داڕێژراو، دواتر كۆبوونەوەكە سەركەوتووانە كۆتایی بە كارەكانی هێنا.
_ نەمری و سەربەرزی بۆ شەهید سەربەست مەحموودو تەواوی شەهیدانی رێی سەرخۆبوون و ئازادی كوردستان.
_ بێتەدی كوردستانێكی سەربەخۆو ئازادو یەكگرتوو دیموكرات.
كۆمیتەی سەركردایەتی
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
4 /2 / 2012 هەولێر - باشووری كوردستان










(0 كۆمێنتهكان ( بۆچوون